پێویستە لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا، حکومڕانیی تاکڕەوی و خۆسەپێنی نەمێنێت و بکرێتە مەرجی سەرەکی
هیچکام لە حزبەکانی هەرێم، نەیان توانیوە بەتەنها زۆرینەی دەنگی هاووڵاتیان بەدەستبهێنن و حکومەت پێکبهێنن، کابینە یەک لەدوای یەکەکان، بە هاوبەشی پێکهاتوون لە نێوان یەکێتی و پارتی و بەشداریی حزبەکانی تر. ئێستا ماوەیەک بەسەر دوا هەڵبژاردن تێپەڕیوە، خەڵک چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەت و گۆڕانکاریی دۆخەکەن، بە جۆرێک جیاواز بێت لەوانەی پێشووتر و هەست بە هاوسەنگی و جیاکاریی دەسەڵاتەکان لەنێوان هەر سێ ئۆرگانەکانی (یاسادانان و راپەڕاندن و داد) و چەسپاندنیان لە کاتی داڕشتنی دەستووردا.
پێویستە لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا، حکومڕانیی تاکڕەوی و خۆسەپێنی نەمێنێت و بکرێتە مەرجی سەرەکی. وەزیرەکان هەست بەبەرپرسیارێتی بکەن، ئەرکەکان بە پلان و بەرنامە دیاری بکرێن و ئازاد بن لە بڕیاردان.
دەسەڵاتەکانی هەرێم نابێت بۆ مەرامی حزبی سەپاندنی خۆی بەکاربهێنرێت بە جۆرێک هەر کات ویستی دەرگای پەرلەمان دابخات. نابێت دەسەڵاتی دادوەری بکەوێتە ژێر هەژموونی سەرۆکی حکومەت وەک ئەوەی روویداوە پێشتر.
شێواز و رێگە راستەکە ئەوەیە نابێ بە هیچ جۆرێک دوو لە دەسەڵاتە باڵاکان، بۆ نموونە دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکایەتی حکومەت، بخرێتە دەست یەک لایەنی سیاسی، چونکە هەرکاتێ سەرۆکی حکومەت حەز بکات بە میزاجی خۆی بڕیارێک دەربکات لەبەرژەوەندیی پارتەکەی خۆی و بەزیانی خەڵکی بشکێتەوە، دەتوانێت لەڕێگەی دادوەریشەوە بکرێتە بڕیار. بێگومان ئەوکاتە دەتوانرێت چەندین بڕیار کە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵک نییە و لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکە سوودی خراپی لێدەبینێ و لەکۆتاییدا بەزیانی گشتی دەشکێتەوە.
جگە لەسێ دەسەڵاتە سەرەکییەکە، دەسەڵاتی چوارەم کە خۆی لە سەرجەم ئامڕازەکانی راگەیاندن و مرۆییدا دەبینێتەوە، رۆڵی لە دەسەڵاتەکانی تر کەمتر نییە، ئەگەر رێگریی لێنەکرێت، بەداخەوە دەبینین تاکو ئێستا دەسەڵاتی چوارەم نەیتوانیوە رای گشتی بۆ هیچ یەکێک لە پرسەکان رابکێشێت و دروست بکات، یاخود ماوە بدرێ و بتوانێ چاودێری کارەکانی حکومەت بکات.
ئەوەی بەدی دەکرێت لای زۆرێک لە راگەیاندنەکان، دژیەکی و چەواشەکارییە و لای هاووڵاتی راستگۆیی خۆیان لە دەست داوە و بەگشتی خەڵک متمانەی نەماوە و بە پارێزەری مافەکانی خۆی نازانێ، مافێکی رەوای خۆشیانە، چونکە کاتی هەڵبژاردنەکان بینیمان کە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵک، بۆ هەڵبژاردنی رابردوو رێژەی بەشداریی ٪72ی تێپەڕاند، خەڵک زۆر بە شەوق و زەوقەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان رۆیشتن بەهیوای ئەوە دەنگەکانیان رزگاریان بکات لەو حاڵەتە شێواو و ناجێگیرەی هەرێم.