لاوازبوونی هەژموونی ئەمریکا لە جیهاندا

10:26 - 2023-05-07
نۆڤین مەجید ساڵح
195 خوێندراوەتەوە

دەوترێت ناپلیۆن پێشبینی ئەوەی کردووە کە کاتێک چینیەکان خۆیان رێکدەخەنەوە، دەست بەسەر تەواوی جیهاندا دەگرن. پێدەچێت ناپلیۆن پێشبینییەکەی تاڕادەیەک راست دەرچوبێت، چونکە وەک دەبینرێت چین لە ماوەی 4 دەیەی رابردوودا توانیویەتی ببێت بە یەکێک لە بەهێزترین وڵاتەکانی جیهان و ئابووری خۆی لە سەرانسەری جیهاندا پەرە پێبدات. بەڵام بەهێزبوونی ئابووریی و سیاسی چین لەسەر حسابی ئەمریکا دەبێت کە هەژمونێکی جیهانییە و بەهێزترین وڵاتی جیهانە. 
   لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەتایبەتی لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن، ئەمریکا، تاڕادەیەک لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی پاشەکشەی کردووە. زیاتر لە 200 ساڵە ئەمریکا بەم شێوازە دۆخی نالەبار نەبووە. چ لەڕووی پەیوەندییەکانیەوە چ لەڕووی ئابووریی و دۆلارە، وڵاتانی خۆرهەڵات زیاتر و زیاتر لەیەک نزیکدەبنەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەری ئەمریکا بەسەر جیهاندا. 
دۆناڵد ترەمپ و راستییەکان
 سەرەتا کە دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی دەکرد بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا، هەردەم دەیوت دۆخی ئابووری ئەمریکا لە مەترسیدایە و لەگەڵیشدا پێگەی نێودەوڵەتی ئەمریکا لە مەترسیدایە. بانگەشەکانی ترەمپ بۆ ئەمریکییەکان سەیر بوو، چونکە ئەو کاتەی ئەو دەیگوت ئابووری ئەمریکا لاوازە، ئەمریکا ئابووریەکی بەهێز و سەقامگیری هەبوو. هەروەها پێگەشیان لە جیهاندا بە بەهێزی مابوویەوە. 
  کە ترەمپ بوو بە سەرۆکی ئەمریکا بە خێرایی رێکەوتنی لەگەڵ وڵاتانی دوژمنی ئەمریکادا کرد و دەستی دایە ریفۆرمی ئابووری. ترەمپ دەیویست هاوشێوەی چین، ئەمریکا ببێت بە دەوڵەتێکی ئابووریی و چیتر لە کێشمەکێشە جیهانیەکاندا بەشدار نەبێت. ترەمپ پێی وابوو چین بە بێ ئەوەی بەشداری هیچ جەنگێک بکات و بە بێ ئەوەی خوێنی هاووڵاتیەکی بڕژێت ئابووریەکەی بەهێز بووە. 
  ترەمپ هەرزوو بەر هەڵمەتێکی میدیایی بۆوەوە، کە تۆمەتباریان دەکرد بە کۆنەپەرست و رەگەزپەرست. هاوکات توانیان لەسەر کورسی دەسەڵات دووریبخەنەوەو کۆتایی بە سەرۆکایەتییەکەی بهێنن. ترەمپ لە پاش دۆڕاندنی بە جۆ بایدن رایگەیاند: «دیموکراتەکان نایانەوێت ریفۆرم بکەن و لە شەڕ دوور بکەوینەوە، چونکە ئەوان لە رێگەی جەنگ و ناکۆکییەکانەوە پارە سپی دەکەنەوە و پیی دەوڵەمەند دەبن››. ئەم قسانەی ترەمپ لای زۆرینەی ئەمریکیەکان بوو بە گومان. جەنگی ئۆکرانیا بە تایبەت تاڕادەیەک گوزارشتی لەو راستیە دەکرد کە بەڵێ جەنگ بۆ پارە سپیکردنەوە دەکرێت. 
 ترەمپ تا ئێستاش بەردەوامە لە رەخنەکانی و پێی وایە، ئەمریکا تا بێت لاوازتر دەبێت، چونکە ئیدارەی بایدن دۆخێکیان خوڵقاندووە کە دوژمنانی ئەمریکا رێکبکەون و بەرامبەر ئابووری و دۆلاری ئەمریکی بوەستنەوە. هەروەها رەخنەی توندی لە لیبڕاڵەکان هەیە کە بە تێکدەری کۆمەڵایەتی ناویان دەبات و پێی وایە شیرازەی خێزانیان لە ئەمریکادا شێواندووە. 
جیهانێکی فرە جەمسەری
 لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم، ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت بوون بە دوو زەبەلاحەکەی جیهان و دوو جەمسەری سیاسی و ئابووری جیاوازیان دژ بەیەک پێکهێنا. پاشان لە دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991، ئەمریکا وەک تاکە زەبەلاحێکی جیهانی مایەوە و جیهانێکی تاک جەمسەری دروست بوو. 
 ئەمریکا بۆ سەلماندنی پێگەی خۆی و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەردەوام تێکەڵی کێشمەکێش و جەنگەکانی دەرەوەی ئەمریکا دەبوو، بەم جۆرەش تا دەبوو پێگەی خۆی بەهێزتر دەکرد هاوشێوەی ئابووریەکەی. بەڵام چین، زۆر لە مێژە هەوڵ دەدات جیهانێکی فرەجەمسەر دابمەزرێنێت و چیتر ئەمریکا تاکە زلهێزی جیهانی نەمێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش چین دەیەوێت چەندین وڵات لە خۆیەوە نزیک بکات بەمەبەستی دامەرزاندی جیهانێکی فرە جەمسەری. ئێستا روسیا و ئێران و سعودیە وەک هاوبیری چین دەردەکەون و چەندین رێکەوتن لە نێوانیاندا کردووە. ئەمریکا تاڕادەیەکی زۆر نیگەرانە لە لەیەک نزیکبونەوەی وڵاتانی خۆرهەڵات، بەڵام ئێستا ناتوانێت بە هیچ شێوازێک بەرپەچیان بداتەوە.
هەنگاوی هەڵە
  لە چەندین ساڵی رابردوودا، ئەمریکا هەندێک هەنگاوی ناوە کە تاڕادەیەک گورزی لە ئابووری و سیاسەتی وڵاتەکەدا. بە تایبەتی کشانەوەی هێزەکانی لە خۆرهەلاتی ناوەڕاست، کە بە دوای ئەم هەنگاوەدا ولاتانی دیکە توانیان پێگەی خۆیان لە دەوڵەمەنترین ناوچەی جیهاندا، بەهێزتر بکەن. 
 روسیا و چین دەزانن چۆن سوود لەم جۆرە هەڵانە وەربگرن، لە کاتی کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا لە ساڵی 2019 لە عیراق لە ساڵی 2021 لە  ئەفغانستان، چین توانی بە ئاسانی کاریگەرییەکانی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر بکات و وڵاتانی ناوچەکەش تاڕادەیەک لە یەک نزیکبکاتەوە. بە تایبەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە هەنگاوێکی کاریگەر بوو کە چین توانی بیکات. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە کشانەوەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوێکی هەڵە بوو و کاریگەری جددی خستە سەر هەژموونی ئەمریکا. 
جەنگی ئۆکرانیا
  هاوکات جەنگی ئۆکرانیاش بە هەنگاوێکی هەڵە تەماشا دەکرێت، چونکە ئەمریکا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ روسیادا تێکدا و گوشاری دەکرد بۆئەوەی ناتۆ زیاتر دەستپێشخەری بکات بۆسەر ولاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات، کە ئەمەش بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و رێکەوتنەکانیان لەگەڵ روسیا، کارێکی نایاساییە. 
   بەم جۆرەش جەنگی ئۆکرانیا دروست بوو، چونکە روسیا بیانووی ئەوەی بەدەستەوە بوو کە ئەمریکا مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی روسیا دروست کردووە. لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە، ئەمریکا ملیارەها دۆلاری لە جەنگەکەدا خەرج کردووە. ئەمەش بووە بە هۆی نیگەرانی بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەمریکا، کە پێیان وایە بەو بڕە پارەیە دەتوانرا هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنن و نرخی شتومەک هەرزانتر بکەن. 
سەرەڕای ئەمەش، ئەمریکا هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆی لە جەنگی ئۆکرانیا بەدەست نەهێناوە و بگرە تاڕادەیەکیش کاریگەری خستۆتە سەر بەهای دۆلاری ئەمریکی. هاوکات بەردەوامی جەنگەکە وایکرد روسیا و چین زیاتر لەیەک نزیکببەنەوە و رێکەوتنێکی ئابووری و بازرگانی پتەو ئیمزا بکەن. 
ناکۆکی ناوخۆ
  ناکۆکییە ناوخۆیەکانی ئەمریکا لە چەند ساڵی رابردوودا، بە تایبەتی دوای بوون بە سەرۆکی دۆناڵد ترەمپ، پەرەی سەندووە. هیچ سەردەمێک هێندەی ئەم سەردەمە ناکۆکی لە نێوان دیموکراتەکان و کۆماریەکاندا نەبووە. بەشێکی زۆری ناکۆکیەکانیش لەسەر سیاسەتی دەرەوە و سیستمی ئابووریە. کۆمارییەکان، دیموکراتەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە گوایە بەرامبەر بە چین و روسیا لاوازن. شڕۆڤەکارانی سیاسیش تاڕادەیەک ئەم لاوازیە بە راست دەزانن. ناکۆکیەکان بە جۆرێک تێکەڵ بوونە کە ئێستا بەرەی دۆناڵد ترەمپ بە بەرەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. چونکە تاڕادەیەک کۆمارییەکان بێبەرەیی خۆیان لە ترەمپ راگەیاندووە، بەڵام لایەنگرانی ترەمپ، کە ملیۆنەها کەسن، داوای گەڕانەوەی ترەمپ دەکەن بۆسەر کورسی دەسەڵات و پەیڕەوکردنی بەرنامەکانی بکرێت بە ئەولەویەتی ئەمریکا. 
ناکۆکییەکان تەنها سیاسی نین
ناکۆکییەکان تەنها سیاسی نین، بەڵکو ناکۆکی کۆمەڵایەتی و دینی و ئایدۆلۆژی سەریهەڵداوە. لیبراڵیزمەکان داوای تەواوی ئازادی مرۆڤ دەکەن، بەتایبەتی لە بواری جێندەری و هۆمۆسێکشواڵەکاندا. ئێستا ئەمریکا  لە قەیرانێکی فکریدایە، خەڵکانێکی زۆر پەیدا بوون کە داوای ئەوە دەکەن ئامڕازی بانگکردنیان بگۆڕدرێت. بۆ نموونە، پیاوێک کە هەست بکات لە ناخەوە ژنە، دەبێت خەڵک ئامڕازی مێینەی بۆ بەکاربهێنن و بە پێچەوانەشەوە. رەگەز گۆڕین و زەواجی هاوڕەگەز و چەندین شێوازی نوێ لە بواری جێندەر سەری هەڵداوە. هاوکات خەڵکانێکی زۆر هەن کە دژی ئەم جۆرە فیکرەن و داوا دەکەن بوەستێنرێن، چونکە ئێستا لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن، فیکری جێندەری چوەتە بوارەکانی پەروەردە و خوێندنەوە و وانەی دینیش قەدەغە کراوە. 
دەرەنجام
  هەموو ئەمانە ئەمریکای دووچاری چەندین کێشەی سیاسی و ئابووری و فیکری و کۆمەڵایەتی کردووەتەوە. شارەزایانی سیاسیش پێیان وایە ئەگەر ئەمریکا بەم شێوازە بەردەوام بێت، ئەوا دامەزراندنی جیهانێکی فرە جەمسەری کارێکی ئاسان دەبێت، چونکە رۆژ بە رۆژ ئەمریکا لە پاشەکشەدایە لە هەموو بوارەکاندا. گرانییەکی زۆر وڵاتەکەی گوشیوە، سیستمی بانکی ئەمریکی تاڕادەیەک هەرەسی هێناوە و چەندین بانک لە ئەمریکا دوچاری ئیفلاس بوون بوونەوتەوە و پێدەچێت چەندین بانکی دیکەش هەمان چارەنووسیان هەبێت، رێکەوتنی وڵاتانی خۆرهەڵات و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان بێ گرنگیدان بە هەڵوێستی ئەمریکا، کێشەی ناوخۆ و ناتەبایی لە نێوان هاووڵاتیاندا. ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆئەوەی ئەمریکا بەردەوام بێت لە پاشەکشە کردن و وڵاتانی دیکە بێنە پێشەوە لە رکابەرایەتی بۆ بەدەستهێنانی هەژموونی جیهانی. 

سەرچاوەکان:

• France 24
• العربیة
• Al Jazeera English
• Pew research center
• Russia Today

ئەمریکا و سیاسەتی نێودەوڵەتی

 

وتارەکانی نوسەر