یەکبێژ

کێشەکان لە نێوان چارەسەر و شێواندن

07:52 - 2022-04-14
هیوا محەمەد
354 خوێندراوەتەوە

ئێستای دۆخی سیاسیی هەرێم لە دۆخە خراپەکانە کە پێشتریش پێیدا تێپەڕیوە و دواتر چارەسەرێکی بۆ دۆزراوەتەوە، ململانێی سیاسیی کارێکی رەوایە بەڵام نابێت لە سەر رێڕەوێک بێت کە زیان بە خەڵک بگەیەنێت، چونکە هەر حزبێک خۆی بە خزمەتکاری خەڵک دەزانێت و بە دەنگی ئەو خەڵکەش دەمێنێتەوە.
لەم هەرێمە کە هەردوو حزبی سەرەکی یەکێتی و پارتی تێیدا لە دوای راپەڕینەوە حکومڕانی دەکەن، بەڵام سنووری دەسەڵاتەکانیان جیایە و هەریەکەیان لە دەڤەرێک هەژموونی زیاترە، واتا لە راستیدا دوو بەشی جوگرافیای سیاسی و دەسەڵاتی ئیداریی لە هەرێمدا هەیە.
شەراکەت لە کاتێکدا دەکرێت کە هەردوولا پێکەوە بۆ بەرەژەوەندیی شەراکەتەکە هەوڵ بدەن، بەومانایە نییە کە بۆڕبۆڕێن بکەن و هەوڵی خواردنی بەشی یەکتر بدەن.
زۆرجار گوێمان لە شەراکەت و تەوافوق دەبێت، ئەگەرچی ئەمە لە پرۆسەی دیموکراسیدا بۆ هەمیشەیی جێگەی نابێتەوە، بەڵام هەڵکەوتەی سیاسیی هەرێم و عیراق ئەمەی دەوێت.
ململانێ سیاسییەکان بگەنە لووتکەی دژایەتی کردنی یەکتر و ناو و ناتۆرە لێکنان و چاڵ بۆ یەکتر هەڵکەندن، هێشتا تروسکایی ئەوەی تێدایە کە رۆژێک دێنەوە سەر مێزی رێكکەوتن، لە رابردووشدا هەروا بووە.
تاوانبار کردنی یەکتر یان گلەیی و گازەندە دەبێت بە بەڵگەوە بێت، ئەوکات خەڵک دەبێتە داوەر و حوکمەکەی لە کاتی هەڵبژاردندا دەدات.
خەڵک دەتوانێت حکومڕانیی بگۆڕێت، ئەمە حاشاهەڵنەگرە، رژێمی بەعس، ئەگەرچی هەلێکی نێودەوڵەتی بۆ رەخسێندرا، بەڵام خەڵک و هێزی پێشمەرگەش رۆڵیان لە پاککردنەوەی شارەکانی هەرێمدا هەبوو، رژێمی شای ئیران بەدەستی خوێندکارانی زانکۆکان شاربەدەر کرا. نموونە زۆرن بۆ ئەمە و هەموانیش بە روونی دەیزانین.
ئەوەی لەم دۆخەی ئیستادا دەیبینین، بەهەر لایەکیدا بێت لە خزمەتی خەڵک و هەرێمدا نییە، دەبێت هەرچی زووتر کێشەکان یەکلایی بکرێنەوە لە هەولێر یان لە سلێمانی، پێویست ناکات ببرێنە بەغدا، ئەوێ هاندەر و پشتگیرمان نییە بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەمە راستییە ئەوان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە لە خۆمان دڵسۆزتر نین بۆ دۆزەکەمان.
پارتی بە پێشێلکارییەکانی ناو رێکەوتنی ستراتیژی نێوان خۆی و یەکێتی وایکرد کە زۆرێک لە ئەندامانی یەکێتی لە دژی ئەو رێکەوتنە بوەستنەوە، چونکە دەیانزانی ئەمە نە رێکەوتنی ستراتیژییە و نە شەراکەت و تەوافوق، ئەمەش زیانی گەورەی لە یەکێتی دا.
ئەگەر ئەوان باس لە سەقامگیریی سیاسیی ناو هەرێم دەکەن، ئەگەر پێیانوایە دەبێت حکومڕانیی هەرێم لە هەر گۆشەیەکی ئەم هەرێمە وەک یەک بێت، ئەوا دەبێت هەوڵی رەخساندنی بۆ بدەن بە پراکتیک.
هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە سوودی هەموانە، پێداگریی پارتی لەسەر هەموار نەکردنەوەی پرسیار دروست دەکات، هەموارکردنەوە رێگریی لە ساختەکاری دەگرێت بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئیتر بۆچی ئەوان رەتی دەکەنەوە؟
رێکەوتن لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار زۆر قورس نییە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای رێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ ئەم پۆستە و پۆستی سەرۆکی هەرێم.
دەکرێت سازانێکی خێرا بکرێت لەسەر کۆی کێشەکان، ئێستاش درەنگ نییە، هیچ حزبێک لە رێگەی ململانێوە ناتوانێت بەرامبەرەکەی بسڕێتەوە.

وتارەکانی نوسەر