سینان ئۆغان پارسەنگی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا!

11:44 - 2023-05-18
گۆران فەتحی
224 خوێندراوەتەوە

ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەكانی توركیا دەریخست کە هیچ كام لە رەجەب تەیب ئەردۆغان یان كەمال كڵیچدار ئۆغڵوی لە قۆناغی یەكەمدا نەكرد بە سەرۆكی ئەو وڵاتە، ئەوەش وایكرد پەنا ببرێتە بەر گەڕێكی تر و هەڵبژاردنێكی نوێ بۆ یەكلاكردنەوەی براوەی سەرۆكایەتی توركیا، ئەمەش لە رێگەی سینان ئۆغان-ەوە دەبێت «كە ئێستا بۆتە پارسەنگی نێوان ئەو دوو رکابەرە» کە ئەویش سیاسییەكی نەتەوەپەرستی توركیایە و رێژەی 5 %ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، چونكە پاڵپشتی ئەو لە هەر كاندیدێكیان لە خولی دووەمدا ئەوەیان سەردەخات.

لە 100 ساڵدا یەکەم جارە
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، لە مێژووی 100 ساڵی دوای بوونی بە كۆماردا، یەكەمجارە، پەنا ببرێتە بەر قۆناغ و گەڕێكی دووەمی هەڵبژاردن بۆ یەكلاییكردنەوەی براوەی سەرۆكایەتی، دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ماوە بەسەرچوو رێژەی 49.51 % و كڵیچدار ئۆغڵو سەرۆكی جەهەپە و بەرەی ئۆپۆزسیۆن رێژەی 44.88 %ی دەنگی بەدەستهێنا، ئەوەش هیچ كامێك لەو دوو سیاسییەی نەکرد بە سەرۆك، سینان ئۆغانیش رێژەی 5.20 %ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنێكدا كە رێژەی بەشداری تێیدا لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا گەیشتە 88.92 % و لە دەرەوەی توركیاش گەیشتە 52.69 %.
بەو ئەنجامەش، دەستەی هەڵبژاردنەكانی توركیا، ئاشكرایكرد كە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەردۆغان و كڵیچدار ئۆغڵو لە 28ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت. 
ئۆغان سیاسییە توندڕەوەكە
سینان ئۆغانیش كە كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتی توركیایە، هەرچەندە رێژەیەكی كەمی دەنگی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە، بەڵام سێیەمی هەڵبژاردنەكەیە و دواجار هەڵوێستی ئەو بەرامبەر ئەردۆغان یان كڵیچدار ئۆغڵو و پاڵپشتی هەرکامیان براوەی هەڵبژاردن و سەرۆكی داهاتووی توركیا دیاری دەكات.
ئەم كەسایەتییە نەتەوەپەرست و توندڕەوەی توركیا، كە لە بزووتنەوەی نەتەوەپەرست جیابۆتەوە، لە لێدوانیكیدا دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، رایگەیاند:  ئەو دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو ركابەری سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە، واتا كڵیچدار ئۆغڵو و ئەردۆغان، بەمەبەستی رێكەوتن لەگەڵیاندا.
ئۆغان ئاشكراشیكرد، ئەو رەنگە داوا لە هەواداران و دەنگدەرانی بكات، پاڵپشتی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان بكەن لە هەڵبژاردندا.
لە کاتی یەكلابوونەوەی ئۆغانیش بەلای ئەردۆغاندا، ئەوا خەونی ئۆپۆزسیۆنی شەش قۆڵی و كوردیش بە لابردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان لە دەسەڵاتی توركیا شكست دەهێنێت.
ئەوەش رێی تێدەچێت، چونكە وەک ئاماژەمان پێدا ئۆغان لە بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا جیابۆتەوە، كە هاوپەیمانی ئێستای داد و گەشەپێدان و ئەردۆغانە لەم هەڵبژاردنەدا، هەمان بیركردنەوەی مەهەپەی هەیە، دژی كورد و بەئاوارەكان و هەر پێکهاتەیەکی غەیرە تورکە لەو وڵاتەدا.
ئۆغان لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەكرد، كە خۆی و حزبەكەی چەند وەزارەتێكیان دەوێت لە حكومەتی داهاتووی توركیادا، لەبەرامبەر پاڵپشتیكردنی هەر كامێك لە و دوو کاندیدە رکابەرە و هاوپەیمانییەکانیان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، ئەگەریشی زۆرە ئۆغان گوشار بخاتە سەر  کلیچدار ئۆغڵو تا لە هەدەپە و كورد دوور بكەوێتەوە لە روانگەی تورکچێتی و دەمارگیریی نەتەوەییەوە.
تەنها رێگەچارە
دەمێنێتەوە بڵێین، هەوڵ و گفتوگۆی هەردوو بەرەی دژ بەیەك، واتا بەرەی ئەردۆغان و بزووتنەوەی نەتەوەپەرست و بەرەی ئۆپۆزسیۆن و شەش قۆڵی تا 28ی ئەم مانگە لەگەڵ سینان ئۆغان و  قەناعەت پێكردنی بۆ پاڵپشتی لە بەرەكەی، براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار لە توركیا دیاری دەكات، لە حاڵی پاڵپشتی ئۆغان لە ئەردۆغان، ئەوا بۆ پێنج ساڵی تر دەسەڵاتی داد و گەشەپێدان لەو وڵاتەدا درێژەی دەبێت و ئەردۆغانیش دەسەڵاتی پۆڵاینتر دەبێت بەسەر توركیادا، ئەوەش پێچەوانەی خواستی ئۆپۆزسیۆن و كورد و هەدەپە و بەشێك لە وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیشە، بەڵام هەموو ئەگەرێك لەئارادایە، ئەگەر كڵیچدار ئۆغڵو بتوانێت زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ ئۆغان بكات و پۆست و دەسكەوتی بخاتە بەردەست، رەنگە پاڵپشتی ئەو بەدەستبهێنێـت، كە ئەوەش تەنها رێگەچارەیە بۆ بەرەی شەش قۆڵی كە پێویستی بە دەنگی هەموو دەنگدەرانی ئۆغان دەبێت.

سینان ئۆغان

وتارەکانی نوسەر