راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
سەلام عەزیز لە دایکبووی ساڵی 1964ە، لەگەڵ ئەوەی ساڵێکی مابوو بۆ تەمەنی یاسایی خانەنشین بوون، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیاری خانەنشینیی یەکگرتووی عیراق گرتییەوە و بە ناچاری لە مانگی یەکی ئەمساڵدا خانەنشین کرا.
سەلام چوار مانگە خانەنشین بووە و لەو ماوەیەشدا هیچ مووچەیەکی وەرنەگرتووە، بۆ کوردستانی نوێ وتی: چوار مانگ پێنەدانی مووچە ستەمێکی گەورەیە لە خانەنشینان دەکرێت، مافی خۆمانە بە زوویی مامەڵەکانمان تەواو بکرێت و مووچەکانمان پێ بدرێت، تاوانی ئێمە چییە حکومەت لە دایکبووانی سێ ساڵی بە سەریەکەوە خانەنشین کرد و فریای تەواوکردنی مامەڵەکانیان ناکەوێت؟!
مامەڵە تەواوبووەکان
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عیراق، ئەمساڵ لە دایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
بەپێی ئاماری یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ئەمساڵ خانەنشین کران گەیشتە 30 هەزار کەس و تائێستا نزیکەی پێنج هەزار کەسیان مامەڵەکانیان تەواو بووە، ئەوانی دیکەش بۆ پێدانی مووچەکانیان چاوەڕوانی تەواوبوونی مامەڵەکانیانن.
سەلام عەزیز دەڵێت: دوای خانەنشین بوونمان، نووسراوی پێدانی شەش مووچەمان بۆ کرا و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی هەرێم کرا، ئەو شەش مووچەیە لە جیاتی مۆڵەتی کۆکراوەی 180 رۆژ وەک رێزلێنانێک دەدرێتە فەرمانبەری خانەنشین بوو کە پێی دەڵێن (اکرامیە)، ئەوە سێ مانگە نووسراوەکانمان لە گەنجینە دانراوە و مووچەکەمان بۆ خەرج نەکراوە، لە کاتێکدا ئەو شەش مووچەیە بۆ ئەوەیە تا مامەڵەی خانەنشینی تەواو دەبێت خانەنشین بووەکان سوودی لێ ببینن و بژێوییانی پێ دابین بکەن.
بەپێی یاسا ئەو خانەنشینانەی مامەڵەکەیان تەواو دەکرێت، مووچەی هەموو ئەو مانگانە بە یەکەوە وەردەگرن کە وەریاننەگرتووە
جێبەجێکردنی بڕیارەکە
دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق رۆژی 22/11/2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عیراق پابەند کرد، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی 2025، بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوویدا، ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێم لە ژێر فشاری بەرپرسانی دارایی بەغدا بوو، بەهۆی دروستبوونی گرفت لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ بە پەلە جێبەجێ کرا.
سادق شێخ عوسمان وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی کەمیی کارمەندەوە مامەڵەی خانەنشین بووەکان زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت، بەو شێوەیەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ مامەڵەی هەموو خانەنشینان تەواو ناکرێت، تا ئەوکاتەی مامەڵەکانیشیان تەواو نەکرێت مووچە وەرناگرن.
وتیشی: مانگی رابردوو لە تەواوی هەرێمی کوردستان، نزیکەی هەزار و 600 مامەڵەی خانەنشینان تەواوکراوە.
ژمارەی خانەنشینان
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.
جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عیراق، هێندە كتوپڕ لە هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێكردنەوە، هەندێك لە فەرمانبەران فریانەكەوتن پلانی دواتر دابنێن، كە دوای چەند دەیەیەك لە دەوام و كاركردن، چی بکەن و بە ناچاریی چوونەوە ماڵەوە.
سەلار حەسەن مانگی یەکی ئەمساڵ خانەنشین بووە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: لەگەڵ ئەوەی چەندین ساڵە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە و سێ ساڵیشم مابوو بۆ تەمەنی یاسایی خانەنشین بوون، لەپڕ بڕیارێکی کتوپڕیان دەرکرد و خانەنشین کرام، ئەوە هەمووی ناچاری بوو و قبووڵمان کرد، ئەی بۆچی زوو مامەڵەکانمان تەواو ناکەن و مووچەکەمان بدەنێ؟ تێناگەم حکومەت بۆچی بۆ زەوتکردنی مافەکانمان خێرایە، بەڵام بۆ پێدانی مافەکانمان خاوە و باکی بە کەس نییە؟
بەپێی بڕیاری ژمارە 60 ی وەزارەتی دارایی، ئەو فەرمانبەرەی هەواڵەی خانەنشین بوون دەکرێت، هەموو ئەو ماف و شایستانەی دەبێت کە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراو پێی دەدات، ئەگەر هاتوو مەرجە یاساییەکانی شایستەبوونی تێدابێت کە 18 مووچەیە.
مافی خۆمانە بە زوویی مامەڵەکانمان تەواو بکرێت و مووچەکانمان پێ بدرێت، تاوانی ئێمە چییە حکومەت لەدایکبووانی سێ ساڵی بەسەریەکەوە خانەنشین کرد و فریای تەواوکردنی مامەڵەکانیان ناکەوێت؟!
بڕیاری خێراکردنی مامەڵەکان
ئێستا وەک هەنگاوێک بۆ خێراکردنی مامەڵەی خانەنشینان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە، هەر خانەنشینێک لە پارێزگاکەی خۆی مامەڵەکانی تەواو بکرێت، پێشتر دەبوو هەموو مامەڵەکان ببرێنە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی لە هەولێر.
وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان وتی: ئەو بڕیارەی دراوە پەیوەست بە مامەڵەی خانەنشینان کە هەر کەسە و لە شارەکەی خۆی مامەڵە بکات و نەچێت بۆ هەولێر کەمێک کاریگەریی لەسەر خێراکردنی پرۆسەکە هەبووە، بەڵام هێشتا هەر لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نییە و پێویستە تیمی زیاتر تەرخان بکرێت.
وتیشی: بەپێی یاسا ئەو خانەنشینانەی مامەڵەکەیان تەواو دەکرێت، مووچەی هەموو ئەو مانگانە بەیەکەوە وەردەگرن کە وەریاننەگرتووە.
ئەو گۆڕانكارییانە لە بارەی خانەنشینی و هاوتاكردنی لەگەڵ بەغدا، بە تایبەت گۆڕانكاری لە تەمەنی خانەنشینی لە كاتێكدایە، پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدراڵ لە پەرلەمانی عیراقە و پێشنیازی ئەوەی تێدایە تەمەنی خانەنشینی بە گشتیی لە 60 ساڵییەوە وەك رابردوو بکرێتەوە بە 63 ساڵ.