هێڵی سەوز، هێڵی سەوزكردنەوەی پەیوەندیی یەكێتی و خەڵك

10:17 - 2023-05-23
نێچیرڤان زاخۆیی
753 خوێندراوەتەوە

هێڵی سەوز، گوزارشتە لە ئەزموون و خزمەتگوزاریی ئەو كۆڵ سەنتەرەی کە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ماوەیەك بەرلەئێستا وەک مژدە بۆ نەهێشتنی ئەو دابڕانەی لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا دروستبووە بە گوێی خەڵكیدا دا.
ئەمە لە رووكاردا دیاردەیەكی نوێی هاوچەرخە و پارت و هێزی سیاسی، كۆمپانیا و دامەزراوە جیهانییەكان بۆ دروستكردنی رایەڵە لەنێوان خۆیان و جەماوەرەکەیاندا بەكاری دەهێنن، بەڵام ئەوەی یەكێتی كردوێتی و ناویناوە (هێڵی سەوز)، رەنگدانەوەی فەرمایشتێكی دێرینی سەرۆک مام جەلال و بەرەنجامی دەستەواژەیەکی كۆنی یەكێتیانەیە، كە ئەویش دەستەواژەی»گەڕانەوەیە بۆ خانووە قوڕەكان».
چەمك و دەستەواژەی گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەكان، شتێك نییە ببەسترێتەوە بە هونەری تەلارسازی ‌و جارێكی تر یەكێتی پەلكێش بكاتەوە بۆ سەرەتاكانی شۆڕش، بەڵكو دەستەواژەیەكی رەمزییە ئامانج لێی گەڕانەوەیە بۆ بەها باڵاكانی یەكێتی لە پەیوەندیی نێوان خۆی و خەڵك، بەو مانایەی كە ناوەڕۆكی دەستەواژەکە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بۆئەوەی یەكێتی ببێتەوە بە یەكێتییەكەی جاران، پێویستە سەرلەنوێ پێناسەی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ جەماوەرەکەیدا بكاتەوە و ئەو گاپ و دابڕانە نەهێڵێت كە بەهۆکاری خراپ ئیدارەکردندا لەسەر ئاستی لۆکاڵی تووشی بووە، بۆئەوەی دەنگی كپی خەڵك و ئازاری هاووڵاتیان كە لە سایەی بیرۆكراسیی حوكمڕانی و ئۆرگانی لاوازەوە تووشی بووە ببسترێت.  بۆ ئەمەش هێڵی سەوز هەمان ئەو دەستكەوت و بەخششەیە كە بە كەرەستەی هاوچەرخ بەهای دێرینی كوردایەتی تازە دەكاتەوە.
ماوەیەك پێش ئێستا و لە سۆنگەی راسپاردەكانی دیداری یەكێتییەوە، ئاشتكردنەوەی خەڵك و گەڕانەوە بۆ ناو جەماوەر بوو بە دروشمی سەرەكیی یەكێتی، بۆئەوەی ئەم دروشمەش بكرێتە پراكتیك، دەبوایە رایەڵەیەكی بەهێز لە پەیوەندیی نێوان خەڵك و یەكێتیدا وەك هێزێكی پێشڕەو بێتە كایەوە، دواجاریش كۆڵ سەنتەر و هێڵە سەوزەكە ئەو ئامانجە بەدی دەهێنێت، چونكە یەكێتی وەك حزبی حوكمڕان لە قەڵەمڕەویی ئەم ناوچەیەدا لە چاكی و خراپییەکانی حوكمڕانییەکەی بەرپرسە و مادام ئەو بەرپرسیارێتیەی لە ئەستۆدایە و ئەركەكە لە ئەستۆ دەگرێت، كەواتە ئاشتكردنەوەی خەڵك و بیستنی دەنگی كپكراوی خەڵکەکەش دەبێتە ئەركی سەرەكی، لەو پێناوەشدا بڵاوبوونەوەی دیمەنەكانی هێڵی سەوز و ئاخاوتنی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی نیشانیدا کە پەرۆشییەكەی بۆ چارەسەری كێشەی خەڵك، پەیڕەوكردنی بەها و رێبازەکەی سەرۆک مام جەلالە كە گەڕانەوەیە بۆ خانووە قوڕەكان.

[email protected]

وتارەکانی نوسەر