گـــــمـــۆ

چین و كەلتووری كوردەواری

11:00 - 2023-05-24
فەرید دڵشاد
279 خوێندراوەتەوە

چین و كەلتووری كوردەواری
بەیانی زوو لەگەڵ پۆلێك خوێندكاری كۆلێجی زانستە رامیارییەكانی زانكۆی سلێمانی  بە پاسێك بەڕێكەوتین بۆ هەولێر، هەرچەندە هەریەك لە ئێمە پێشتر سەفەری هەولێرمان كردبوو، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو، سەفەرەکەمان بۆ سەردانی كونسوڵخانەی چین بوو، تا لە نزیكەوە ئاشنابین بەكاری دیپلۆماسی چین بەگشتی و لە هەرێمی كوردستاندا بەتایبەتی.
ئێمە چاوەڕێمان دەكرد كاتێك دەچینە كونسوڵخانەكە، بەچەند پرسگەیەكدا بڕۆین، بەڵام كە دابەزین، دیمەنەكە جێی سەرنج بوو، ژمارەیەك لە ئەندامانی كونسوڵخانەكە بە جێگرانی كونسوڵەوە تا بەردەم ژووری كۆبوونەوە بەڕیز لە پێشوازیدا بوون بۆ بەخێرهاتنمان. ئێمە ئەم جۆرە بەخێرهاتنەمان بەس لە كەلتووری كوردەواریی خۆماندا بینووە.
لە عورفی دیپلۆماسیدا، كونسوڵ ئاستی خۆی بە بەرزتر دەزانێت، هەمیشە لە سەرەوە و بەتەنیا لەسەر كورسییەك دادەنیشێت، بەڵام كونسوڵی چین، كە بەڕێز (لیۆ ژینیۆنگ) بوو، هاوشانی ئێمە لەسەر قەنەفەیەكی سێ‌ نەفەری كە دوو كەسی تری لەسەربوو دانیشت و بگرە شوێنەكەشی زۆر تەنگ بوو، ئەمەش دیسانەوە ئەوەی بۆ دەرخستین، كە چینییەكان هاوشێوەی كورد زۆر میوان دۆستن و خۆیان بە گەورەتر نازانن.
جا بابێینە سەر گفتوگۆ، لە كونسوڵەوە تا خوارەوە سەیری رووخساری هەریەكەیانت دەكرد، یەكسەر زەردەخەنە و پێكەنین و سەرلەقاندنێكی بۆ دەكردین كاتێك کە ئێمە قسەمان دەكرد، لای ئەوان ئەو سەرلەقاندنە نیشانەی رێزە بۆ بەرامبەر، هەموان ئەوەمان بیركەوتەوە کە پێشتر سەردانی هەر كونسوڵخانەیەكی ترمان كردبێت، مامەڵەیان وشكبووە،  بەڵام چینییەكان كەشێكیان رەخساندبوو، لەوێ‌ هیچكاممان هەستمان بە غەریبی نەدەكرد، كورد وتەنی خەریك بوو وەك میوانێكی بێچاوەڕوومان لێدەهات.
گەیشتینە كاتەكانی نیوەڕۆ ویستمان بڕۆین و خواحافیزی بكەین، بەڵام هەروەك چۆن لە كوردەواری خۆماندا خاوەن ماڵ بە میوانەكەی دەڵێت دانیشە نان حازرە ئینجا بڕۆ، كونسوڵ وتی» تا نان نەخۆن ناڕۆن» لەكاتی نان خواردنەكەش چۆن كورد باشترین خواردن بۆ میوانەكەی دادەنێت، ئەوانیش باشترین خواردنیان بۆ حازركردبووین، لەگەڵ ئەوەشدا وەسفی خواردنەكەیان دەكرد و كەسێكیان راسپاردبوو زوو زوو خواردنی تێدەكردەوە بۆمان، دەی ئەم دیمەنە لای خۆمان نەبێت لە چ كەلتورێكی تردا بینیومانە؟
كەلتوری چینییەكان نزیكە لە كەلتوری كوردەواریی خۆمانەوە، تەنانەت لەڕووی ئەدەبیاتی پەروەردەكردنی خێزان و رێزگرتن لە گەورەتر لە خۆمان، كونسوڵ دانی بەوەدا نا پەروەردەی خێزانی لای چینییەكان زۆر نزیكە لە پەروەردەی خێزانی كوردییەوە كە لەسەر بنەمای رێزگرتن و پاراستنی ئەو پاشخانەیە كە لە باوانەوە بۆمان ماوەتەوە.
لەسەر بنەمای ئەم پەیوەندییە كەلتورییەی نێوان كورد و چین، دەكرێت لەسەر ئاستی سیاسیش كە چین وڵاتێكی گەورە و كاریگەرە، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و چین بەهێزتر بكرێن، سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین لە بواری دیپلۆماتی و ئابووریی و زانستیدا، بەتایبەتی کە چین بەنیازە بەشی زمانی كوردی لە زانكۆیەكی وڵاتەكەی بكاتەوە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم سەردانە گرنگ بوو بۆ بەستنەوەی لایەنی تیۆری و پراكتیكی ئەو زانستەی خوێندكاران دەیخوێنن، دەرفەتێكیش بوو بۆ گەنجانی دیپلۆماتكاری چین و هەرێم بۆئەوەی پەیوەندی لە نێوانیاندا هەبێت و زیاتر لێكتێگەیشتن بێتەئاراوە.

وتارەکانی نوسەر