هەڵکشانی کێرڤی نەتەوەپەرستی لە تورکیا

10:36 - 2023-05-25
وتار
171 خوێندراوەتەوە

شەمێران سلێمان

لە کۆتایی 2002ەوە تا ئێستا پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش وەکو سەرکردەی بەهێزی ئەو حزبە وردە وردە بە شارەزایی و لێهاتوویی خۆی، توانی هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بە تەواوی جێ پێی خۆی لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی تورکیادا بکاتەوە، هەر لە دادگاوە تا هەواڵگری و حکومەت و پەرلەمان.
پارتێکی ئیسلامی کە گرنگی بە نەتەوەپەرستی دەدات
راستە ئاک پارتی وەکو پارتێکی ئیسلامیی باوەڕدار بە دیموکراسی بەردەوام خۆی نمایش دەکات و ئەردۆغانیش نوێنەرایەتی ئەو هزرە دەکات و گرنگی زۆری داوە بەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئیسلام و حیجابەوە هەیە، بەڵام لە تەنیشت ئایینەوە گرنگی زۆری بە گوتاری نەتەوەپەرستی داوە و دروشمی یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا لە تورکیا دەڵێتەوە، لە میتینگەکانیدا هێمای گروپی گورگە بۆرەکان بەرزدەکاتەوە (گورگە بۆره‌كان، بەوە وەسف دەكرێن كە نوێنەرایەتی نەتەوەپەرستی توندڕەو دەكەن و”باڵی توندڕەوەكان”ە، كە بە باڵی نیمچە سەربازیی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست دادەنرێت)، هەر ئەو هەستە نەژادپەرستییە بوو کاتێک لە 2015 زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدا، لەگەڵ مەهەپە بووە هاوپەیمان، دیارە هەر جۆرە هاوپەیمانییەکیش لە نێوان دوو هێزدا، یان زیاتر لەسەر ئەوەیە کە خاڵی هاوبەشیان زۆر بێت، یان لانیکەم هەریەکە سازش لە بەشێک لە خواستەکانی بکات.
کە دەڵێین نەتەوەپەرست، ئەوە لای هەموومان روونە زۆرینەی تورکەکان نەتەوەپەرستن، واتە زۆربەی پارتە تورکییەکان نەتەوەپەرستن تا رادەی شۆڤێنیزم، بەڵام لەناو ئەو پارتانەدا دوو پارتی دیاری رەگەزپەرست هەن کە زۆر دژەکوردن و تا ئێستاش باوەڕیان بە پرسی کورد نییە، کوردیش لای ئەوان یەکسانە بە تیرۆر. ئەگەر بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیش بێت ئاک پارتی و جەهەپە نەرمییەکیان هەیە بەرامبەر بە پرسی کورد، بۆ ئەوەش هەر پارتێک بە بۆچوونی خۆی و بەرێگای خۆی باس لەوە دەکات ئەو پرسە چۆن چارەسەر دەکات. بەڵام ئەم دوو پارتە تائێستا هیچ کرانەوەیەکیان بەڕووی کورددا نییە، بەو هۆیەشەوە ئەم نووسینەم تایبەت کردووە بەوان.
مەهەپە و ئیی پارتی
ئەو دوو پارتەش؛ پارتی نەتەوەپەرستی راستڕەو (MHP) و ئیی پارتی            (IYI PARTY)ن، یەکەمیان: لە 9ی شوباتی 1969 لەلایەن ئاڵپ ئەرسلان تورکشەوە دامەزراوە و ئێستا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکایەتی دەکات. دووەمیشیان: لە هەناوی مەهەپە هاتە دەرەوە و لە 25ی تشرینی دووەمی 2017 لەلایەن مەراڵ ئەکشنەرەوە دامەرزاوە. 
لە هەڵبژاردنی 2002دا مەهەپە نەیتوانی بەربەستی ٪10 تیپەڕێنێت و بگاتە پەرلەمان (تەنها 2.630.000دەنگ ریژەی ٪8.36 - ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. 
بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا، بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2015 و تێکدانی پرۆسەی چارەسەریی و گەڕانەوە بۆ شەڕ و ململانیی کورد و تورک و گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی، زیاتر پەرەی بە گوتاری تونڕەوی نەتەوەپەرستی دا، لەو ماوەیەشدا دەنگ و سەنگ و پێگەی پارتە نەتەوەپەرستەکان زۆر زیادی کردووە کە بەهەموو شێوەیەک دژایەتی کورد دەکەن، لە تورکیا دوو هاوپەیمانی رکابەری بەهێز هەن (کۆمار و میللەت) ئەو دوو پارتە دابەشبوون بەسەر ئەو دوو هاوپایمانییەدا، پارتی نەتەوەپەرست لە دەسەڵات لەگەڵ ئاکەپە و پارتی باش لە هاوپایمانی میللەت رێگربوو لە چوونی کورد بۆ مێزی شەش قۆڵی، ئەم پارتانە هەڕەشە و مەترسی جددین بۆ پرسی کورد لە تورکیا لە رابردو و  ئێستا و ئایندەشدا.
دەنگی پارتە نەتەوەپەرستەکان لە هەڵکشاندایە
لە ئەنجامی ئەو داتایانەوە بۆمان دەردەکەوێت لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا ئاستی جەماوەری و دەنگی نەتەوەپەرستەکان بەراورد بە 10 ساڵی رابردووتر دوو هێندە بۆتەوە، ئەوەش ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات کەوا شەپۆلی ناسیونالستی تورکی لە هەڵکشاندایە، راستە بێجگە لەو دوو پارتە چەندین پارتی دیکەی نەتەوەپەرست هەن، بەڵام بۆیە باسی ئەم دوو پارتە دەکەم چونکە هەم بە دەنگ و هەم بە پێگەی سیاسییان سەرمەشقی رەگەزپەرستی تورکن لەو وڵاتەدا.

پەرەسەندنی بەردەوامی بیری رەگەستپەرستی لە تورکیا

 

 

وتارەکانی نوسەر