بەرەو یادی شكۆ و شانازی

09:54 - 2023-05-29
عەتا تەها
324 خوێندراوەتەوە

1/6، یادی شانازی و شكۆیە یادی 48ـەمین ساڵەی دامەزراندنی خەباتی سیاسی و 47ـەمین ساڵەی  هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلی كوردە بە رابەرایەتی و كارێزمایی نەتەوەیی و مێژوویی بیرمەندی كۆچكردوو مام جەلال، هاوكات لەگەڵ پۆلێك لە هەڤاڵانی سەركردە کە توانیان لە شەوەزەنگی بێهیواییدا هیوایەك بە گەل ببەخشن و بە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەخشە رێگای روون دابڕێژن بۆ رزگاركردنی گەلی كورد لە ژێردەستەیی بێگانە و چەپۆكی داگیركەران.
 وەك  لە پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتیشدا هاتووە كە ئامانجی سەرەكی چارەسەری نەتەوەیی دۆزی كورد و مافەكانی گەلێكی ستەمدیدەیە، هەربۆیە مێژوو شاهیدی بۆ ئەو راستییە دەدات و سەروەرییەكانی لە لاپەڕەكانی مێژوودا تۆماركراوە و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كە مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پڕە لە سەروەری و قوربانیدان.
وەك هەموولایەك دەزانن هەر لە ساتەوەختی دامەزراندن و دروستبوونییەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ، یەكێتی حزبێكە بەردەوام قوربانیی داوە چ لە خەباتی سیاسی و مەدەنی و دیموكراسی سەردەمیانە و چ لە خەباتی پارتیزانی و شۆڕشگێڕیی شاخدا و ژمارەی شەهیدەكانی لە 23 هەزار شەهید زیاترە. 
ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەزاران شۆڕشگێڕی دیكەی  لە كەمئەندامی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی و هەزاران تێكۆشەری تری لە پێناوی رزگاریی نیشتمان و خاكدا قوربانییان داوە.
ئەم حزبە تكۆشەرە لە ساتەوەختی دامەزراندییەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ بە  سەر دەیان هەوراز و نشێوی سەخت و قورسدا سەرکەوتووە و سەبارەت بەو پرسەش سەدان جار گرەو لەسەر ژیانی سیاسی و توانەوە و نەمانی كراوە و رووبەڕووی چەندین پیلانی جۆراوجۆر بۆتەوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە رێ لە بەرەوپێشچوونی کاروانەکەی بگرن. 
لەدوای کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، هەندێك گرەوی ئەوەیان دەکرد کە یەکێتی لاواز بكەن، بەڵام سەرەنجام پیلانی دوژمنان و نەیار و ناحەزانی ئەم حزبە لە گۆڕنرا و ئێستا دۆخی ناوخۆیی و سیاسی لە باشترین حاڵەتدایە و تادێت بەرەو باشتر و هەڵکشانی بەرهەمداتر دەچێت، بەمەش خەونە یەک لەدوا یەکەکانی نەیار و دوژمنان لە چاڵ دەنێت.

وتارەکانی نوسەر