یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆچی؟

12:49 - 2023-06-01
كه‌مال محەمەد
261 خوێندراوەتەوە

ئەمە ناونیشانی ئەو وتارەیە سەرۆک (مام جەلال) لەدوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ناونیشانی (الاتحاد الوطنی الکردستانی لماذا؟) بڵاویکردەوە تا مانفێستی ئەو مافە نەتەوەیی و نیشتمانییانەی گەلی کورد بکات کە ی.ن.ک لەپێناویدا دامەزراوە و خەباتی بۆ دەکات.
هێشتا ئەو بنەما و ئایدیا نەگۆڕانەی فەخامەتی مامی رابەر دایڕشتووە بۆ دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توێشووی خەبات و رۆشنایی رێگەمانە، 48 ساڵ پێش ئەمڕۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە شەوەزەنگی نائومێدی قووڵ و گەورەی دوای ئاشبەتاڵ خۆی دەخواردەوە و ترس و نشوستی بە یەکجاری باڵی کێشابوو ئا لەوکاتەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بە تاکە فریادڕەسی خەون و خولیای گەلێکی ستەمدیدە بۆ دووبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و خەباتی رەوای نەتەوەیی کە هەرەس بە شۆڕشەکەی هێنرابوو.
ئێستا دوای ئەو مێژووە دوور و درێژە هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆتە جێگەی ئومێدی گەورەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرجەستەکردنی مافەڕەواکانی هاووڵاتیان لە رێگەی چەندین جۆری خەباتەوە بەنموونە وەک پێشمەرگایەتی، سیاسی، دیپلۆماسی، مەدەنی و رێکخراوەیی، سەندیکایی، مرۆیی و نیشتمانی هاوسەنگ و راست و دروستەکەی هەر لە سەرەتاوە لەسەری دامەزراوە.
حزبی شەهیدان، بە دروشمی ئاشتی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین، خەباتی سیاسی دەستپێکرد، دوای ساڵێک لە دامەزراندنی خەباتی سەختی پێشمەرگایەتی دەستی پێکرد بۆ دەستبەرکردنی نان و ئازادی شەرەفمەندانە بۆ گەلەکەمان، لەو پێناوەشدا هەزاران پێشمەرگە و فەرماندە و تێکۆشەری قارەمان لە کونجی زیندانەکان و لە مەیدانی روبەڕوبوونەوەی دوژمنان گیانی خۆیان بەخشی و مێژوویەکی پڕ سەرەوەری و شانازییان بۆ گەلەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆمار کرد و ناسناوی حزبی شەهیدانیان کردە میدال و بەباڵای ی.ن.ک یاندا بڕی .
ی.ن.ک بە درێژایی 48 ساڵ لە تەمەنی خۆی لە دەیان وێستگە و قۆناغی مێژوویی تێکۆشانی گەلەکەماندا زۆرترین قوربانیداوە بە بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆی لەپێناوی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی، هەمیشە دەستی ئاشتی و تەبایی درێژکردووە و فاکتەری یەکڕیزیی میللەتەکەمان بووە، چونکە بڕوای تەواوی هەیە حزب هەمیشە ئامڕازی خەباتە بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، نەک خودی حزب ببێتە ئامانج.
 لە 48  ساڵیادی دامەزراندنیدا، بەبڕوایەکی نەگۆڕ و پتەوەوە، لەسەر هەمان رێباز و ئایدیاکانی مامی رابەر و سەرۆک بەبێ ماندوبوون و دابڕان خەباتمان ناسرەوێ  لەپێناو بەدەستهێنانی تەواوی مافەڕەواکانی گەلەکەمان و تا لووتکەی سەرکەوتن.
بەرز و پیرۆزبێت یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، درود بۆ رۆحی مامی گەورە و رابەر و شکۆی نەتەوەیی و نیشتمانیی و سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاری و 
ئازادیی کوردستان.

وتارەکانی نوسەر