وەفایەک لە یادی یەکێتیدا

12:56 - 2023-06-01
وتار
275 خوێندراوەتەوە

سەرکەوتی جیهاز

ئەمڕۆ، 1/6/2023 ، 48 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، پێمخۆشە وەک رێبوارێکی ئەو رێبازە سەرەتا  چەپکە گوڵی رێز و وەفا پێشکەش بە گڵکۆی شەهیدان بکەم و سەری رێز و نەوازش دابنەوێنم بۆ گیانی پاکیان و بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان.
هەر بەو بۆنەیەوە سڵاو و رێزم پێشکەش بە هاوڕێ و هاوخەباتەکانم دەکەم کە لەو کاروانەدا پێکەوە پێشمەرگەی ئەو رێبازە بووین من پێیان دەڵێم شەهیده زیندووەكان.
لەم یادەدا گەرەکمە هەندێک لە بیرەوەرییەکم لەگەڵ مام جەلالدا بەبیربهێنمەوە.
کارەکتەرە بەهێزەکانی شۆڕشی نوێ
دیارە کارئەکتەرە سەرەکییەکانی هەر شۆڕشێک لەگەڵ ناوبانگیاندا هەموو جووڵەیەکیان دەبێتە مێژوو و دەشبێتە هۆیەک بۆ باسێکی مێژوویی.
هەڤاڵان مام جەلال و کاک نەوشیروان لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلولەوە ناودارترین کارەکتەرە بەهێزەکانی شۆڕشی نوێ بوون کە تائێستاش ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرە و جێ پەنجەیان بە هەموو رووداوەکانەوە دیارە.
ئەو دوو سەرکردەیە تا لە ژیاندا مابوون کەسانی بەهێزی ناو گۆڕەپانی سیاسی بوون، لەم روانگەیەشەوە بیرەوەریی و نزیکایەتی لەگەڵ ئەم کارەکتەرانەدا دەبێتە جێی بایەخ بۆ هەڵدانەوەی زۆر لایەنی نهێنی و نەزانراو کە هەم بۆ خوێنەر و هەم بۆ ئەوانەش گرنگە کە لاپەڕەیەک لە مێژوو دەنووسنەوە.
یەکێتیی رووبارێک خوێنیداوە
یەکێتیی رووبارێک خوێنی رۆڵەکانی لەو مێژووی 48 ساڵەیدا پێشکەش کردووە چ بۆ بە دەستهێنانی ئازادیی و چ بۆ پارێزگاریی لە قەوارەی کوردایەتی لەدوای ئازادی، ئەم رووبارە سەرچاوەکەی هەزاران کانییە و هەر کانییەکیشیان لە خانەوادەیەکی کوردەوارییەوە هەڵدەقوڵێت و خانەوادەکان بەردەوام خوێنیان کردۆتە سەرچاوەی کانییەکەی ماڵیان و هەموو کانییەکانیش پێکەوە ئەو رووبارەیان پێکهێناوە کە رەچەڵەکیان دەچێتەوە سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەموو ئەو کەسانەش پێشمەرگە بوون و ماون، هێشتا پارێزەری ئەم کانییانەن کە خانەوادەی شەهیدەکان و تێکۆشەرانن و بوونەتە سیمبول.
لێرەوە دەمەوێت لەم یادەدا بیرەوەرییەکی خۆم لەگەڵ هەڤاڵ مام جەلال بکەم بە دیاری سەرەڕای کۆمەڵێک سەرنجم لەسەر دۆخی ئێستای یەکێتیی، بەراورد بەو یەکێتییەی هەڤاڵان مام جەلال و کاک نەوشیروان دروستیان کرد و رابەرایەتییان دەکرد کە جێگەی متمانەی تەواوی گەل و نیشتمان بوو، ئەو یەکێتییەی ناوی حزبی شەهیدان بەباڵایدا بڕا، هەتا راپەڕین ژمارەی شەهیدەکانی دوو ئەوەندەی زیندووەکانی بوو.
یادەوەرەییەک لەگەڵ مام
بە سیفەتێک کە (عەدەد جیهاز)ی مام بووم لەگەڵ هاوکارەکانمدا هەرجارە و یەکێکمان سەفەرمان دەکرد لەگەڵیدا بەتایبەتی دوای ئەنفالەکان لە قاسمەڕەش جێگیر ببووین، ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ مام جەلال-دا هەڵسوکەوتی نەکردبێت، لێی تێناگات، لە سادەیی و رێز و خۆشەویستی و قسە خۆشەکانی تێناگات.
 لە سەفەرێکمدا لەگەڵیدا بۆ تاران کە لەوێ ماڵێکی هەبوو، ئێمە کۆمەڵێک پێشمەرگەی سکرتاریەت بووین لەگەڵیدا بە سیفەتێک من عەدەد جیهاز بووم، ئەرکی جیهاز و وەڵامدانەوەی تەلەفۆنم لەسەر شان بوو، لە هەمان هۆڵی دانیشتندا بووم کە مام خۆی کرد بە هۆڵەکەدا، منیش لەسەر کورسییەک دانیشتبووم، یەکسەر هەڵسام وەک رێزێک، بەڵام مام زۆر لێم تووڕە بوو، وتی سەرکەوت یەکجاری تر هاتمە ژوورەوە هەڵسیت لەبەرم ئەژنۆت دەشکێنم، تۆ کوڕی ئەم ماڵەیت، من رۆژی 10جار خۆم دەکەم بەم هۆڵەدا، ناکرێت هەموو جارێک هەڵستیت.
 منیش وتم بەڵێ مامە وا دەکەم.
جا بۆئەوەی تووڕەبوونەکەیم لەبیربەرێتەوە، وتی:
 نانت خواردووە؟
 وتم: نەخێر.
 وتی: تۆ لێرە دانیشە من ئێستا خۆم نانت بۆ تێدەکەم، سەرم سوڕما لە سادەیی و رێزو گەورەیی، رۆحت شادبێت مامی کوردان.


وتارەکانی نوسەر