زووم

ئەودیو سروشت

10:26 - 2023-06-05
رۆزا دڵشاد مەریوانی
471 خوێندراوەتەوە

زۆرجار ئەو درامایانەی سەرنجم رادەکێشن و حەز بە تەماشاکردنیان دەکەم ئەوانەن باس لە هێزەکانی ئەودیو سروشت دەکەن، بە جۆرێک کەمێک ترسناک، بەڵام مانادار و لەدوای خۆی کۆمەڵێک پرسیار لەلای بینەر جێبهێڵێت، نەک تەنیا ئامانجی راچڵەکین و ترساندنی بینەر بێت، لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا ژمارەیەکی باش لەو جۆرە پێشکەشکراون و تەماشام کردوون، یەکێک لەوانە درامای (ماوراء الطبيعة) ساڵی 2020 ە کە یەکەم زنجیرە درامای میسرییە بە بەشداری نێت فلیکس بەرهەم بێت، بەرهەمەکە هی نووسەری میسری کۆچکردوو د. ئەحمەد خالید تەوفیق-ە من بۆخۆم زۆر سەرسامم بە نووسینەکانی و بەشێک لە وتارەکانیم کردووە بە کوردی و لە کوردستانی نوێدا بڵاوبۆتەوە.
ئەم دراما 6 ئەڵقەییە لە زنجیرە رۆمانە خەیاڵییەکانی ئەم نووسەرەوە وەرگیراوە و هەر بە هەمان ناوەوەیە، تێیدا باس لە کاراکتەری پزیشکێک دەکات لە ساڵی 1959 وە دەستپێدەکات بە ناوی رەفعەت ئیسماعیل کە ئەکتەری میسری بەتوانا ئەحمەد ئەمین رۆڵی دەگێڕێت، ئەم ئەکتەرە هەرچەندە کۆمیدیانێکی زۆر باشە، لە هەمانکاتیشدا بەشێوەیەکی زۆر ناوازە ئەو کەسێتییە ئاڵۆزەی رەفعەت ئیسماعیل پێشکەش دەکات، بە رای من ئەحمەد ئەمین دەبێت لە ریزی ئەکتەرە جیهانییەکان هەژمار بکرێت، چونکە کۆمیدیانێکی پلە بەرزە و لەو جۆرەیە بێ هیچ ماندووبوونێک دەتهێنێتە پێکەنین، هاوکات توانیوێتی بە تەواوەتی ئەو کاراکتەرە بەرجەستە بکات، تەنانەت بۆ ئەو رۆڵە بەشێکی زۆر لە کێشی خۆی دابەزاندووە تا ببێت بەو پزیشکە خانەنشینەی لە زانکۆ وانە دەڵێتەوە و نەخۆشی دڵی هەیە، هاوکات ئەو رووداوانەی لەودیو سروشتەوەن بەسەری دێت.
سەرنجڕاکێشیی ئەم درامایە لەوەدایە باس لە ژینگە و ساڵانێک دەکات ئێمەی کەسانی رۆژهەڵاتی پێی ئاشناین و کۆمەڵێک چیرۆک دەگێڕێتەوە لە کەلتوری میسرییدا هەیە، بۆیە ئەوە وا دەکات بۆ بینەرێکی وەکو ئێمە کاریگەرتر و ترسناکتریش بێت، من بۆ خۆم هەر چیرۆک یان درامایەکی ترسناک بە زمانی ئەوەی پێی دەوترێت «عامی» واتا زمانی قسەکردن بێت لەلام ترسناکتر دەبێت، هەروەها چێژبەخشیشە، بۆ نموونە لە یەکێک لە ئەڵقەکاندا باس لە «جاثوم» دەکات کە لە کوردەواری خۆماندا پێی دەڵێین مۆتەکە لە خەودا کاتێک مرۆڤ لە نێوان خەو و خەبەرییدایە، واتا مێشکی بەخەبەرە، بەڵام بە جەستە هێشتا خەوتووە و ناتوانێت بجووڵێتەوە و چاو بکاتەوە لێرەدا بەشێوەیەکی درامیی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش و ترسناک دەیخاتەڕوو، لە هەندێ دیمەندا پاڵەوانەکە دەکەوێتە هەندێ دۆخی ئاڵۆزەوە ئێمەی بینەر لێرەوە هەناسەمان لێدەبڕێت و دەکەوینە دڵەڕاوکێوە، دواجار هەر ئەڵقەیەکی دراماکە تا کۆتایی لە جۆش و خرۆشدا دەتهێڵێتەوە و شایەنی تەماشاکردنە.

وتارەکانی نوسەر