گـــــمـــۆ

ئۆپۆزسیۆنی لەم جۆرە هیوا بەخش نییە

10:02 - 2023-06-07
فەرید دڵشاد
227 خوێندراوەتەوە

كاتێك لەكاتی شەڕی دوو كەسدا گوێمان لە بەكارهێنانی وشەی «بە ئارەزوو و تاكێ‌ پێڵاو» دەبێت راستەوخۆ خەیاڵمان بۆ ئەو كەسانە دەچێت كە ئاستێكی زۆر نزمیان هەیە، كورد وتەنی شەقاوەن، بەڵام بەكارهێنانی ئەمجۆرە وشانە بۆ سەرۆكی جووڵانەوەیەك، كە خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەزانێت لە پەخشی راستەوخۆدا، كە سەری زمان و بنی زمانی رەخنەگرتنە لە خراپەی دەسەڵات، جێگەی هەڵوێستەكردنە، چونكە مۆڕاڵ و سیاسەت دوانەی لێكدانەبڕاون، ناكرێت مرۆڤ كاری سیاسی بكات و مۆڕاڵی نەبێت.
كەسایەتی سیاسی سەركەوتوو ئەو كەسەیە، كە توانای هەبێت بە رەچاوكردنی بنەما ئەخلاقییەكان بەرنامەكانی خۆی لەكایەتی سیاسی بباتە پێشەوە، بەڵام كەسایەتی سیاسی مۆڕاڵی نەبێت ناتوانێت بەردەوام بێت، رەچاونەكردنی بنەما ئەخلاقییەكان لای كەسانی سیاسی مەترسیدارە و كۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبات، لەبەرئەوەی كۆمەڵگە بەبێ‌ سیاسی نابێت سیاسەتیش بەبێ‌ مۆڕاڵ هیچ واتایەكی نییە، هەربۆیە ئەفڵاتون دەڵێت «سیاسییەكان دەبێت رەوشتیان هەبێت».
راستە بەشێوەیەكی گشتی ئۆپۆزسیۆن بەو پارت و رێكخراوانە دەوترێت، كە بەرهەڵستکاری دەسەڵاتن و ئەجێندا و بەرنامەی تایبەت بەخۆیان هەیە و  دەیانەوێت بگەن بە دەسەڵات، بەڵام ئەوەی لە نەوەی نوێ‌ و سەرۆكی جووڵانەوەكە دەبینرێت هیچ روئیا و ستراتیجێكیان نییە، هێندەی خەریكی قسەی بازاڕیی ناو سۆشیال میدیان بۆ لایك و كۆمێنت، هێندە سەرقاڵی كاری سیاسی نین، هەر كە یەكێكیش رەخنەیان لێبگرێت راستەوخۆ لەشكرێك لە بێکاری سۆشیالمیدیای تێبەردەدەن و قبووڵی رەخنەكەی ناكەن، هەروەك چۆن بەختیار عەلی ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنانەی ناو ناوە ( ئۆپۆزسیۆن وەك فاشیزم).
لەلایەكی دیكەوە نەوەی نوێ‌ كاتێك دێت نموونەی دەسەڵاتی وڵاتانی پێشكەوتوو دەهێنێتەوە بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و بەراوردیان دەكات، دەبێت ئەوەشی لەبیربێت خۆی بەراورد بكات بە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی پێشكەوتوو، ئەركی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە كارە خراپەكانی دەسەڵات بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات و هاوكات بەدیلی باش بۆ ئەو كارە خراپانە پێشكەش بكات، لەو رێگەیەوە درێژە بە سیاسەتكردنی خۆی بدات تاكو متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنێت، نەك بێت و ناشیرینەكان ناشیرینتر بكات و بیانكاتە  كەلتور و فڕێیانبداتە ناو كۆمەڵگەوە.
نەوەی نوێ‌ بیەوێت بەو گوتارە پۆپۆلیستییەی كە هەیەتی بەردەوام بێت، ئەوا تەمەنی درێژ نابێت، كە وا خۆی دەرخستووە بە گەیشتنی بۆ دەسەڵات دونیا دەكات بە بەهەشت، هەروەك دیسان بەختیار عەلی لە كتێبی ئۆپۆزسیۆن و پۆرترێتەكانی دەڵێت: دەبێت ئۆپۆزسیۆن سیفەتی سیحرباز لەخۆی بكاتەوە كە دەتوانێت بەخێراییەكی زۆر هەموو هەڵە گەورەكان و كەلتورە دزێوەكان بسڕێتەوە كە ئەوە نائومێدییەكی گەورە دروستدەكات.
ئەوەی دەبینرێت لە نەوەی نوێ‌ ئۆپۆزسیۆنێكی هیوا بەخش نییە، رەنگە بۆ ماوەیەك لە رێگەی وتارە سحراوییەكانیانەوە دەنگ بەدەستبهێنن، بەڵام دواجار لە مەودای دووردا ئومێدی هاووڵاتیان لەدەست دەدەن، چونكە لۆژیكی سیاسەتكردن و عەقڵ و مۆراڵیان نییە، تاكو پڕۆژەیەكی روون دروستبكەن، هەربۆیە پڕۆژە ساختەكانیان بەردەوام نابێت و لەو سەرەوە بەدەست بەتاڵی لێی دەردەچن.

وتارەکانی نوسەر