هەناردەی نەوتی هەرێم و سەرەتای قەیرانێكی نوێ

09:54 - 2023-06-22
گۆران فەتحی
405 خوێندراوەتەوە

وادیارە مەسەلەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە، قەیرانێكی گەورە لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە و هەروەها بەغدا و پارتی دروست دەكات، دوای ئەوەی وەفدی حكومەتی توركیا و عیراق نەگەیشتن بە ئەنجامێكی ئەوتۆ بۆ چارەسەركردنی ئەو مەسەلەیە، كە كاریگەری لەسەر هەردوو وڵات بەجێهیشتووە.

شكستی كۆبوونەوەی بەغداو ئەنقەرە
دوای دوو مانگ لە بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس و راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی توركیا و بەندەری جیهانەوە، وەفدێكی حكومەتی عیراق و حكومەتی توركیا لە ئەنقەرە كۆبوونەوە بەمەبەستی گەیشتن بە رێگاچارەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، بەڵام كۆبوونەوەكە كە یەكەم كۆبوونەوەی لەو جۆرەیە، شكستی هێنا و ئەوەش چاوەڕوان كراو بوو، چونكە مەسەلەكە ئەوەندەی سیاسییە ئەوەندە ئابووری نییە.
ئەنقەرە دەیەوێت ببێت بە لایەنی سێیەمی سوودمەند لە نەوتی هەرێم لەپاڵ كوردستان و بەغدا دا، هەروەها چەند مەرجێكی تریشی هەیە، بۆ رێگەدان بە هەناردەی نەوت لە رێگەی توركیاوە، كە حكومەتی عیراق رازی نییە پێی، چونكە مەرجەكان هیچیان نە یاسایی و نە دەستوورین، بەپێی هەردوو مادەی 14 و 16 یاسای بودجەی گشتی عیراقیش، لایەنی بەرپرس لە فرۆشتن و گواستنەوە و دەرهێنانی نەوتی هەرێم وەزارەتی نەوتی عیراقە نەك هیچ لایەنێكی تر.
راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم
راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و كەركوك لە رێگەی توركیاوە، دوو مانگێك پێش ئێستا لەسەر سكاڵایەكی حكومەتی عیراق لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی پاریسەوە دەرچوو، غەرامەیەكی داراییش خرایە سەر توركیا بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار، ئەمەش زیانێكی گەورەی بە توركیا و پارتیش گەیاند، كە رێكەوتنێكی ناشەفافی پەنجا ساڵەی لەگەڵ ئەنقەرەدا كردووە، كە هیچ لایەنێكی سیاسی یان هاووڵاتیانی هەرێم ناوەڕۆكەكەی نازانن.
ئەوەش وای لە حكومەتی توركیا كردووە، رێگە نەدات جارێكی تر نەوتی هەرێم و عیراق بە بۆری نەوت لە رێگەی توركیاوە بۆ وڵاتانی جیهان هەناردە بكرێت، تا ئەو كاتەی عیراق بە مەرجەكانی رازی دەبێت.
زیانەكانی توركیا و عیراق
بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، زیانێكی گەورەی بە توركیا گەیاند، ئەمە چ جای زیانی بە عیراق و كوردستانیش گەیاندووە. بۆیە توركیا بەهەموو جۆرێك هەوڵیدا گوشار بخاتە  سەر بەغداو هەولێر لەكاتی دەنگدان لەسەر یاسای بودجەی گشتی، بەڵام هەوڵەكانی شكستیان هێنا، دوای دەنگدان لەسەر بەندەكانی بودجە و بەتایبەتی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم، كە بە پێچەوانەی خواستەكانی توركیاوە شکایەوە.
توركیا كە سوودمەندی یەكەم بوو لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم،  19 تا 24 دۆلاری دەستدەكەوت لەهەر بەرمیلێك نەوتی فرۆشراو بەهۆی رێكەوتنی لەگەڵ هەرێمدا، ئێستا دەیەوێت بەغدا بەهەمان شێوە لەگەڵیدا رێبكەوێت و دەیەوێت مەرجەكانی خۆشی بەسەر بەغدادا بسەپێنێت، چونكە دەزانێت عیراقیش زیانی گەورەی بەردەكەوێت لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و  پێویستی بە داهاتی زۆرترە بۆ ساڵانی داهاتوو بەهۆی ئەو کورتهێنانە گەورەیەی لە بودجەدا هەیە.
سەبارەت بە زیانەكان، ئەوا عیراق مانگانە نزیكەی ملیارێك دۆلار بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە زیانی پێدەگات، توركیاش ساڵانە نزیكەی دوو ملیار دۆلار زەرەر دەكات.
مەرجەكانی توركیا بۆ عیراق
لە كۆبوونەوەكەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، لەنێوان توركیا و عیراق، بەمەبەستی گەیشتن بە رێكەوتنێك بۆ رێگەدان بە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، عیراق داوای لە وەفدەكەی توركیا كردبوو، وەكو نیازپاكییەك سەرەتا رێگە بە هەناردەكردنی نەوت بدەن، بۆ ئەوەی دواتر عیراقیش چاو بخشێنێتەوە بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ توركیادا، بەڵام وەفدی توركیا پێداگیری لەسەر ئەوە كردبوو، كە دەبێت عیراق پێش هەرشتێك سكاڵاكەی دژبە ئەنقەرە لە دادگای پاریس بكشێنێتەوە و رازیش بێـت بەوەی بڕی ملیار و نیوەكەی لەسەر توركیایە، بە شێوەی قیست بدرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی كرێی ئەو چەند مانگەی راوەستانی هەناردە لە بەغدا وەربگرێت، عیراقیش ئەوەی رەتكردۆتەوە، هەردوولا نەگەیشتن بە ئەنجامێكی ئەوتۆ لەسەر ئەو مەسەلەیە.
مامەڵەی تاكلایەنە 
لەنێو ئەو دۆخ و ناكۆكییەی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، مەسرور بارزانی سەردانی ئەنقەرەی كرد و چاوی كەوت بە بەرپرسانی توركیا،  یەكێك لەو مەسەلانەی قسەو باسی لەبارەوە كردووە، مەسەلەی هەناردەی نەوتی هەرێم بووە، كە ئەوەش پێچەوانەی دیدو بۆچوونی حكومەتی ئیتیحادییە لەبەغدا، كە ئێستا لە گفتوگۆدایە بۆ چارەسەركردنی گرفتەکە  لەگەڵ ئەنقەرەدا.
سەردانەكەی بارزانیش بۆ ئەنقەرە، هۆكارێك دەبێـت بۆ قووڵكردنەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا،  كە بە هەوڵی زۆری لایەنە كوردی و عیراقییەكان هێوركراوەتەوە، بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆیە ناكرێت پارتی تاكلایەنە مامەڵە بەو دۆسێیەوە بكات، لەكاتێكدا لە یاسای بودجەی گشتی و بە دەنگی زۆرێنە رێكەوتنی لەسەر كراوە.
مەترسیی ئەوە لەئارادایە کە ئەگەری هەیە ئەم هەنگاوەی پارتی ریسەكە بكاتەوە بەخوری لەگەڵ  بەغدا، چونكە زحمەتە حكومەتی عیراق و  هێزە سیاسییەكانی تر بە كورد و سوننە و شیعەشەوە رازی بن بە مەرجەكانی توركیا، بۆیە  پێداگریی پارتی لە بەرژەوەندیی توركیا، رەنگە قەیرانێكی تر لەنێوان هەرێم و بەغدادا بێنێتە کایەوە.

کێڵگەیەگی نەوتی هەرێمی کوردستان

وتارەکانی نوسەر