هەموو نەتەوەکانی جیهان وەک چۆن سەرکەوتن و پاڵەوانێتییەکانیان دەبێتە بەشێک لە شوناس، بارتەقای ئەوەش مەرگەسات و کۆستەکانیان، خاڵی جیاکەرەوە دەبێت لەگەڵ ئەوانی دیکە، بەپێی ئەو وێنە شۆک هێنەرانەی ناو یادەوەری و دیسکۆرسی ئازار، دواجار چوارچێوەی شوناس و ناسنامە نەتەوەییەکەیان دیاری دەکات.
بیرمەندانی (زانستی دەروونشیکاری) شوناسی نەتەوەیی بە ژێرخانی هەموو جۆرەکانی تری شوناس دەبینن، بەو واتایەی هەموو کاتیگۆرییەکانی تری ناسنامەی لە چوارچێوەی شوناسی نەتەوەیدا دەخەمڵن و مانا پەیدا دەکەن، راستییە رووتەکەش ئه‌وه‌یه که تیۆرییە خۆرئاواییەکان وا لە ناسنامەی نەتەوەیی دەڕوانن، کە رەگەزە سەرەکییەکانی پێکهاتەی نەتەوە لە خۆیدا بەرجەستە بکات، ئەمە (رێبوار سیوەیلی) ناوی دەنێت تێکەڵکبوونی خوێن لەگەڵ خاک و نەژاد و رەچەڵەک، بەڵام دیدگای نوێی تیۆرییە جیهانییەکان کار لە پانتایی یادەوەریدا دەکات، بەو مانایەی بیرەوەریی هاوبەش وەک رەگەزە رۆحییەکەی نەتەوە دواجار خۆی دەبێتە سەنتەر و چەقی شوناسی نەتەوەیی، بۆ پارێزگاریکردن لەو خەسڵەتەش (جۆهان گۆتفراید هاردەر) فەیلەسوفی ئەڵمانی دووپاتیدەکاتەوە کە ئەوەی گیانی نیشتمانیی و ویستی پارێزگاریی له شوناسی نەبێت، مانای وایە هەموو ماناکانی تری لەدەستداوە.
ئه‌زموونه‌کانی رابردوو ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن که په‌یوه‌ندییه‌کی به‌تین له‌نێوان (کاره‌سات) و (شوناس) دا هه‌یه، کاره‌سات به کۆی ئه‌و برین و ئازارانه‌وه که له‌سه‌ر یادگه و رۆحی مرۆڤه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌بێته (شوێن) و دواجار وه‌رده‌چه‌رخێ بۆ ناسنامه، ئه‌مه‌ش ئه‌و سکێچه گشتیه‌یه که ژنه سه‌رکرده و یه‌کێک له نموونه باڵاکانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل (گۆڵدا مایه‌ر) له کتێبه‌که‌یدا (ژیانی من) دەینوسێتەوە، به‌جۆرێک که هۆڵۆکۆست وه‌ک کۆنه‌ستی ئازار و شوناسی رۆحی شوێنکه‌وتوانی ئاینێک ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیی و پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و سیاقی ئیشکردنه‌یه که (جێفری ئه‌لێکسانده‌ر) په‌یوه‌ست به کۆمه‌ڵکوژی هۆڵۆکۆست و لێکه‌وته‌کانی نووسیویه‌تی و ئاستانەی کارکردن له‌سه‌ر کاره‌سات له قوڵکردنه‌وه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌دا به بنه‌ما گیراوه.
لێکچوونی هه‌ستی خود سه‌نته‌ری نه‌ژادی له‌لایه‌ن دوو سیستمی سته‌مکاره‌وه له پرۆسێسی کۆمه‌ڵکوژکردنی (کورد) و (جوله‌که) له یه‌کده‌چێ، به‌ڵام سروشتی کارکردنی قوربانییه‌کان له رووبه‌ڕه‌کانی هه‌ردوو کاره‌سات چوونیه‌ک نیه، ئه‌وه‌ی جوله‌که له‌په‌نای سۆزه جیهانییه‌که بۆ هۆڵۆکۆست کردوویه‌تی به‌هێزکردنی پایه‌ی ده‌وڵه‌ت و شوناسه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی بووه، له‌کاتێکدا کوردی قوربانی بۆ ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی دیکه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌کردووه، به‌و مانایه‌ی که بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌سات ببێته شوناس و شوناسیش ببێته پارێزبه‌ندی یاسایی بۆ نه‌ته‌وه، ده‌بێت سروشتی یادکردنه‌وه و کارکردن له‌سه‌ر ئه‌و یاده‌وه‌رییه تاڵه ببێته فه‌رهه‌نگ، فه‌رهه‌نگێک که (ئیدوارد تایلۆر) زانای کۆمه‌ڵناسیی فه‌رهه‌نگی، نه‌ته‌وه به‌وه ده‌بینێ که باوه‌ڕه‌کان، هونه‌ره‌کان، یاسا‌و دابونه‌ریت، ئازار و کاره‌سات و کۆنه‌ستی برینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان وا له تاک بکات له ناو کۆمەڵدا به‌شوێن پارێزگاریی شوناسه‌که‌ی بکه‌وێت، ئه‌مه خاڵی جیاکەرەوەی کورد و جوله‌که‌یه، که تائێستاش نه‌ته‌وه‌که‌ی ئێمه کارکردن له‌سه‌ر رووبه‌ره‌کانی، ئازاری نه‌ته‌وه‌یی نه‌کردۆته فه‌رهه‌نگ.
ئه‌نفال وه‌ک برینی ناوخۆیی
کارکردن له‌سه‌ر ئه‌نفال که تائێستا درێژکراوه‌ی هه‌مان شێوازه ته‌قلیدییه‌که‌ی شینگێڕان و ئازاردانه‌وه‌ی رۆحی قوربانییه‌کانیه‌تی، هه‌موو ساڵێک (14)ی نیسان له‌رێگه‌ی نمایشی هێز و کاره‌کته‌ره سیاسییه‌کانه‌وه خوێ دەپرژێنرێتەوە سه‌ر برینه‌کان، له‌کاتێکدا ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری پڕ برینی ئه‌نفال و که‌سوکاره‌که‌ی پێویستی پێی هه‌یه نه‌خشه رێگایه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی گشتییه که له ئاسته ناوخۆییه‌که هێز بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی و مانای هه‌میشه‌یش بۆ لێکه‌وته‌کانی بهێڵێته‌وه.
له‌ڕاستیدا پڕۆسەی موتوربه‌کردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی به کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌نفال، به ته‌رخانکردنی رۆژێک که ماته‌مگێڕان ره‌شپۆش ده‌کرێن‌و دایکه جەرگ سووتاوه‌کان به وێنه‌ی ئازیزانیانه‌وه له‌به‌رده‌م زوومی کامێراکان ده‌گەیه‌نرێن و دەلاوێنرێنەوە نایه‌ته‌دی، به‌وه نابێت سیاسییه‌کان به خوێندنه‌وه‌ی شانامه‌ی سیاسی و مه‌راسیمیش به په‌یامی هاوخه‌می پارته‌کان پڕ بکرێتەوە، چونکه هه‌ر خودی ئه‌و جۆره یادکردنه‌وه‌یە درێژە‌دانه به برین و ئازاردانه‌وه‌ی رۆح و توڕە‌کردنی زیاتری خه‌ڵک، ئه‌مه‌ی ده‌شێت یاده‌وه‌ری ئه‌نفال له رۆژێکی ساڵه‌وه بکاته که‌یسێکی زیندووی هه‌میشه‌یی و ته‌واوی رۆژه‌کان کورد چ له ئاسته ناوخۆییه‌که و چ له ئاسته ده‌ره‌کییه‌که‌ی کاری له‌سه‌ر بکات، گۆڕینی سروشتی کارکردنه، به‌جۆرێک که زاکیره‌ی خه‌ڵک بۆ ئه‌نفال جارێکی‌تر پێناسه بکرێته‌وه که ئه‌و خه‌م و مه‌ینه‌تیه نیشتمانییه به‌شێکه له شوناسی هه‌مووان و هۆکارێک نییه بۆ ئه‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌کان بیکه‌نه که‌ره‌سته‌ی رکابه‌ری و ململانێکانی نێوان خۆیان، به‌رپرسیارییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقیش هه‌رئه‌وه له نوخبەی سیاسی باڵاده‌ست و هێزه‌کان ده‌خوازێت.
دروست ئه‌مه‌یه که کوردیش له ئه‌زموونی وه‌رگێڕانی مه‌رگه‌سات و کۆمه‌ڵکوژییه‌کان بۆ سه‌رکه‌وتن و خاڵی به‌هێز، سوود له ئه‌زموونی ئه‌وانی دیکه وه‌ربگرێت، به جۆرێک که ده‌شێت کاروانی تێکۆشانی قوربانیانی ده‌ستی نازیزم و هه‌ژموونی نه‌ژادیی ئه‌ڵمان له جینۆسایدی جوله‌که ببێته رێکارێکی گونجاو تا کوردیش هه‌م بۆ ناوخۆی و هه‌میش له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تی و نا ده‌وڵه‌وتییه‌کان بیکاته بنه‌ما، مه‌رجی سه‌ره‌کی وه‌رگرتنی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ش به‌وه ده‌بێ که که‌یسی ئه‌نفال ته‌نها له ره‌هه‌نده سیاسییه‌که‌ی کورت نه‌کاته‌وه، به‌ڵکو به به‌کارهێنانی ژانر و سێکته‌ره‌کانی دیکه‌ش بتوانێ ئه‌نفال له زاکیره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بکات به خه‌مێکی گه‌ردوونی و له‌ڕێگه‌ی رای گشتیی جیهانییه‌وه جۆرێک له پارێزبه‌ندی بۆ کورد به‌ده‌ست بێنێ.
ئه‌نفال و شاشه
گرێدانه‌وه و په‌یوه‌ستکردنه‌وه‌ی (شوناس) به (شاشه)وه، به‌تایبه‌ت که ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک بوونێکی لۆکا‌ڵی ده‌به‌سترێته‌وه به شاشه‌یه‌کی یونیڤێرساڵ، خۆی زه‌حمه‌ت و پڕ ئاسته‌نگییه، له‌ڕاستیشدا شاشه و به‌رهه‌مه‌کانی تری مرۆڤ هه‌موویان پێکه‌وه ده‌توانن پرس و ستۆرییه‌کی ناوچه‌یی له رووبه‌رێکی به‌رته‌سکه‌وه بگوازنه‌وه بۆ جیهانێکی پان و به‌رین، ره‌نگه قسه‌که‌ی (میلان کۆندێرا) به‌ڵگه‌ی ئه‌وه بێت، کاتێک پێیوایه مرۆڤ و وه‌رگر هه‌میشه بوونێکی میهره‌بان و هاوسۆزه، گرفتی مه‌سج و گواستنه‌وه‌ی ستۆرییه‌کانه به دنیای ده‌ره‌وه که ناتوانێ هاوخه‌می دروست بکات، نه‌ک کێشه له خودی وه‌رگره‌کان.
گه‌شه‌ی ته‌کنۆلۆژیا و پێشکه‌وتنی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ئامرازه‌کانی، به ته‌نها ده‌رکه‌وتنی دیاردەی نوێی میدیایی و هۆی نوێی گواستنه‌وه نییه، به‌ڵکو ده‌ستکاریکردنی سروشت و کرۆمۆسۆمی بایه‌خ پێدانی مرۆڤیشه له‌رێگه‌ی ده‌ستگرتنی شاشەوە به‌سه‌ر خه‌ڵکدا، ئه‌و پاکێجه گشتییه بینراوه‌ی شاشە له (سینه‌ما و دۆکۆمێنتاری و گرته ڤیدیۆییه‌کانیتر) له خۆیدا کۆیکردۆته‌وه تا ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی که راده‌ی وابه‌سته‌بوونه‌که بگاته ئالوده‌بوون، ئه‌و دیارده نوێیه که به‌رهه‌م و درێژکراوه‌ی جیهانگیریی راگه‌یاندنه، ده‌مێکه له‌لایه‌ن بیرمه‌ند (مارک فیرۆ) ئاماژه‌ی پێدراوه، که له قۆناغ به‌ندییه‌کانی گه‌شه‌کردنی گڵۆباڵیزه‌کردنی جیهاندا گریمانه‌ی ئه‌وه‌یکردبوو که مرۆڤ له‌سایه‌ی به گوندبوونی جیهاندا له‌رێگه‌ی شاشه‌یه‌که‌وه به کۆی دنیا ده‌گات، به‌ڵام ئه‌و دۆخه نوێیه‌ش په‌یوه‌ست به چیرۆکی نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌ست و قوربانی زۆر ئاسان نییه، چونکه له بنه‌ڕه‌ته‌وه ته‌وژمی دووه‌می دیده‌کان بۆ جیهانگیریی وا ده‌یبینن که خودی پرۆسه‌که بریتییه له هه‌ژموون و باڵاده‌ستی که‌لتووری نه‌ته‌وه به‌هێزه‌کان به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا، ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و گریمانه‌یه بوایه ئه‌وا جێکردنه‌وه‌ی چیرۆکی نه‌هامه‌تیه‌کانی گه‌لێکی بێکه‌سی وه‌ک کورد ئه‌سته‌م ده‌بوو.
راستی شاشه و ته‌کنۆلۆژیای په‌یوه‌ندییه‌کان خۆی مه‌ساحه‌یه‌که هه‌مووان ده‌توانن رۆڵی تێدا ببینن و له پیشه‌سازی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌کردنی دیوه شاردراوه ناوخۆیییه‌کان به ئامانجی گه‌وره بگه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌شه که به‌رهه‌مهێنانی جوله‌که بۆ هۆڵۆکۆست ئه‌گه‌رچی قووڵاییه‌کی مێژوویی هه‌یه، به‌ڵام هێشتاش درێژە‌ی هه‌یه، ئه‌وان له بواری سینه‌ما و فیلم‌دا، ئه‌گه‌رچی مێژوویه‌که خه‌ریکن، که‌چی تائێستاش له‌ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نوێوه هه‌ژموون و باڵاده‌ستیان به‌سه‌ر شاشه‌وه هێشتۆته‌وه، مێژووی به‌کارهێنانی سینه‌ما بۆ گواستنه‌وه‌ی ئازاره‌کانی هۆڵۆکۆست له (1924)ه‌وه به فیلمی (شاری بێ جووه‌کان) ده‌ست پێده‌کا و ترۆپکی شاکاره هونه‌رییه‌که‌شیان له فیلمی (پیانست)دا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کات، که ده‌یانه‌وێ نه‌وه دوای نه‌وه به سته‌می ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌یی دژ به جوله‌کان ئاشنا بن، بەڵام کوردی خاوه‌ن ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی تری مێژووی ئێمه، نه‌ک هه‌ر ئه‌و پرسه‌یان نه‌کردۆته خه‌می گشتیی، به‌ڵکو به‌شێک له فیلم‌و دراما به‌رهه‌مهێنراوه‌کان هه‌ر خۆیان سه‌رچاوه‌ی سووکایه‌تیکردن و به ئامانجگرتنی قوربانیانی ئه‌نفال بوون، وه‌ک ئه‌وه‌ی کورد نه‌یه‌وێت ئه‌نفال له‌کۆی بواره‌کانی ژیانیدا بکاته شوناسی نه‌ته‌وه.
ئێستا و له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌شه زۆره‌ی ته‌کنۆلۆژیا و سنووربڕی په‌یام و ستۆرییه مرۆییه‌کان، ده‌شێت کورد له‌ڕێگه‌ی گۆڕینی ئاراسته‌ی کارکردن له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسانه هه‌م هاوسۆزیی جیهانی به‌ده‌ست بێنێ و هه‌میش جۆرێک له پارێزبه‌ندی بۆ داهاتوو ده‌ست بخات، ئه‌مه‌ش رێگا دروسته‌که‌ی دروستکردنی کاریگه‌رییه له جیهاندا، ئه‌گه‌رنا هه‌ر ده‌بێت به‌دیار وتاره‌که‌ی (کۆلن پاوڵ)ەوه بوه‌ستین که له گۆڕستانی هه‌ڵه‌بجه‌دا وتی: «کورد میلله‌تێکی مه‌زڵومه«. بێ ئه‌وه‌ی رای گشتی جیهانی بزانن راده‌ی ئه‌و سته‌مه چه‌نده.