سەبارەت بە بۆردومانەكەی عەربەت

كێ سەری كوردستانی خستۆتە دەمی پڵنگەوە

09:43 - 2023-09-20
ره‌نگین عه‌بدوڵڵا
362 خوێندراوەتەوە

قەوارەی هەرێمی كوردستان تەنها شتێك لەسەری بووبێت بە هەڕەشە، چەمانەوەی نوخبەیەكی سیاسییە لەبەردەم ئەجێندای ئیقلیمیدا، ئەم چەمانەوە و دەستە تێكەڵە، كوردستانی خستۆتە دەمی پڵنگێكەوە. وینستۆن چەرچڵ بۆ دۆخێكی ئاوا نووسیوێتی «ناتوانیت دانوستان لەگەڵ پڵنگێكدا بكەیت، كاتێك سەرت لەناو دەمیدا بێت»، بەڵام پرسیاری دروست ئەوەیە، كە ئاخۆ ئەوە كێیە قەوارە و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی كوردستانی لە جیهانێكی مرۆییەوە گواستۆتەوە بۆ ناو یاساكانی دارستان و پشت بە تێزەكەی داروین «مانەوە بۆ بەهێزەكان» دەبەستێت، بەهێزێك لە دەرەوەی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی نیشتمانی و دەستوور، پەلامارمان دەدات و تەواوی دنیاش چاوپۆشی لێدەكات؟، روونە ئەوەی كوردستان پەلكێشی ئەو شەڕە دەكات و ئەوەشی كردەوە تیرۆریستییەكەی فڕۆكەخانەی عەربەتی كرد، دیسان هاوبەشەكەی قەڵەمڕەوی ئەولا و هاوپەیمانییە هەرێمییەكەیەتی.
بۆردومانی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت و شەهیدكردنی پۆلێك لە رۆڵەی ئازای دژەتیرۆری كوردستان، هەرچەندە كەس خاوەنداری لێنەكردووە، بەڵام بەگوێرەی لێدوانی لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق «لەلایەن درۆنێكەوە بووە كە لە ئاسمانی توركیاوە خاكی عیراقی بڕیوە و نێردراوە». ئەمەش بەڵگەی روون و ئاشكرای تێوەگلانی توركیایە تەنها لە بەئامانجگرتنی ئۆپۆزسیۆنە چەكدارەكانی خۆی نا، بەڵكو لە كۆمەڵكوژكردنی كۆی ئەو هێزانەی نابن بە بەشێك لە ئەجێندا شەڕانگێزییەكەی، هەروەك بێدەنگی بەرپرسانی باڵای هەرێم و خاوەن بارەگاكانیش لەم تاوانە، راستی ئەو گومانە دەردەخات، كە بەیاننامەكەی دژەتیرۆر و كۆماندۆ و هێزەكانی تر، ئاماژە بە دەستی ناوخۆیی دەكەن.
لەڕاستیدا لەپشت رستەكانەوە هەماهەنگی بكەرەكان دیارە و لەودیو بێدەنگییەكەشیانەوە دیارترە، دیمەنە گشتییەكە بەمشێوەیەیە كە دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد و هاوپەیمانەكانی توركیا بە بێدەنگبوون و نەبوونی هەڵوێست نیشانەی پرسیار لەسەر خۆیان دادەنێن، رووماڵی میدیا و ناوهێنانیش لە میدیاكانیانەوە دیسانەوە بەڵگەیەكی دیكەیە بۆ دۆزینەوەی رەوایەتی بۆ تاوانەكە، لەكاتێكدا ئەو هێزەی وەك حاكم ناو لە خۆی دەنێت بە وێنەی مەحكوم رەفتار دەكات و دەبێت بە چاوساغ، بە عەقڵی زۆن و خێڵ و قەڵەمڕەو بیردەكاتەوە و پارێزگاریی كوردستانی هەر بەلاوە گرنگ نییە، تەنانەت بە تویت و هەڵوێستێكی سەرپێییش خەمێكی بۆ خوێنی شەهیدەكان نییە، ئەم هێزەی شین بۆ بارەگایەكی حزب لە كەركوك دەكات و ئامادەیە سەد شانامە لەژێر ناونیشانی «قبووڵی ناكەین» بڵاوبكاتەوە، بۆ كارەساتێكی تر قسەیەكی نییە بۆ وتن، كە بێدەنگی مانای ئەوەیە قبووڵی ئەم داگیر و دابەشكارییە دەكرێت، بەتایبەتی ئەوان كە بە خوێن قەرزاری ئەم هێزەن و لە شەڕی بەدی داعشدا بە تكای زۆرەوە هانای ئازادبوونیان بۆ بردن، هەر لەبەر ئەمە سەرەخۆشییەك هیچی تێنەدەچوو.
ئەگەر بیانووی بێدەنگی؛ ترس و لاوازی بێت شتێكە و چاوپۆشی لێدەكرێت، بەڵام دۆزینەوەی رەوایەتی و رووماڵی نامۆراڵی، دیوی دووەمی ئەم سكانداڵە ئەخلاقییەیە، لە زانستی میدیادا، ناونان و بەكارهێنانی دەستەواژەكان رەنگدانەوەی باوەڕی پشتەوەی دامەزراوەكانە و كەناڵی میدیایی بۆ رامكردنی رای گشتی لە رستەسازی و داڕشتنی هەواڵ و ناوەڕۆكی وتاردا جێگەیان دەكاتەوە، كاتێكیش پێوانەی لایەنداریی دامەزراوەیەك دەخەیتە ژێر وردبینی ئیتیكەوە، دیسان لەو وشە و دەستەواژانەوە خۆی بەرجەستە دەكات، بەپێی ئەم یاسا ئاكاری و میدیاییە رووماڵی بۆردومانەكەی عەربەت لەلایەن یەكەمی بێ ركابەر و كوردستان 24 ی دەستەخوشك ئەم لایەندارییەی لێدەخوێنرێتەوە، بەتایبەتی كە لەجێگەی (شەهید) كوژراو دەخەنە رستەوە و هێزێكی رەسمی و نیشتمانیی بەناوی پێشمەرگەی حزب ناوبردووە، بەڵگەی ئەوەیە دەیانەوێت بە لۆژیكی شەڕی ناوخۆ شەرعییەت بدۆزنەوە بۆ كوشتنی یەكێتییەكان، كە وابێت روونە ئەوە كێیە دەیەوێت سەری قەوارەی هەرێمی كوردستان بخاتە دەمی پڵنگەوە و چارەنووسی نەتەوەیەك رادەستی لۆژێكی جەنگەڵ بكات.

وتارەکانی نوسەر