بۆچی كۆنگرە ببەستین؟

09:42 - 2023-09-06
ره‌نگین عه‌بدوڵڵا
199 خوێندراوەتەوە

رەنگین عەبدوڵڵا

لە كورتترین پێناسەدا حزبە سیاسییەكان ئەو وەسیلانەن كە كاردەكەن بۆ جووڵاندن و دروستكردن و رێكخستنی رای گشتی بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجگەلێكی دیاریكراو.
دەربارەی پێویستی ‌و ناپێویستیبوونی حزبە سیاسییەكان، بیرمەندان رای جیاوازیان هەیە، بەشێك وابیردەكەنەوە، كە حزب ئەداتێكە بۆ رێكخستنی كۆمەڵگە و بەشداری لە پڕۆسەی دیموكراسیدا، بەشێكی تر پێیانوایە كە حزبەكان كاریگەریی نەرێنی دروستدەكەن لەسەر كۆمەڵگە ئەویش لەڕێگەی ئەو دابەشكارییەی كە لەنێوان هاووڵاتیانی كۆمەڵگەدا دروستیدەكەن. بۆچوونێكی تر هەیە پێیوایە زۆرینەی حزبە سیاسییەكان شكستیانهێناوە لە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی باڵای هاونیشتمانیان، بەڵكو تەنها بۆ بەرژەوەندیی گروپ و دەستە و تاقمێكی بچووك تێدەكۆشن.
لەناو ئەم بەرە و دژبەرەی زەروورەتی حزبدا، گروپێكی گەورەتر هەیە، كە بۆ چوونیان بەم شێوەیەیە، بەڵێ‌ حزبی سیاسی؛ گرنگە بۆ ژیان و سیستمی دیموكراسی بەجۆرێك كە كاریگەرییان هەیە لە رێكخستن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان و دەوڵەتمەداری، بەڵام نكوڵیش لەوە ناكەن حزبە سیاسییەكان پێویستیی حەتمییان بە چاكسازی و شەفافیەت و بەشداریی كارا هەیە لە بەدیهێنانی بەرژەوەندیی باڵای كۆمەڵگەدا.
لە سۆنگەی گرنگی بوونی حزب و لە هەمان كاتدا زەروورەتی پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی بەرنامە و دەستووری حزبایەتی، لەبەر ئەوەشی لە دنیادا ئەوەی دەوڵەتداری دەكات و لە هەڵبژاردنەكاندا ركابەری دەكات بۆ باشترین سیستم و پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای گەل و جەماوەر؛ هەر حزبە سیاسییەكانن، لێرەوەیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی قۆناغ و رەچاوكردنی دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت ئەخلاقیاتی سیاسیش، ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە دەخاتە گەردنی بۆ نوێنەرایەتیی راستەقینەی هاونیشتمانییان، باشترین رێگەش بەستنی كۆنگرەكانێتی لە ئان‌ و ساتی خۆیدا، بەم رێگایەش دەتوانرێت زۆرینەی بەربەستەكان لەبەردەم خزمەتی گشتی دەستنیشان و چارەسەر بكرێن لەڕێگەی گۆڕانكاری لە پڕۆگرام و گۆڕانكاریی لێپرسراوانە بۆ بەدیهێنانی عەدالەت و فرمان و دەرفەت بۆ هەموو بەشداران.
یەكێتی بۆ كۆنگرە دەبەستێت؟
تاكە رێگەی مینبەری شەرعی، كە یەكێتییەكان قسەی خۆیانی لێبكەن، كۆنگرەیە و بۆ ئەم مەبەستانەی خوارەوەیە:
-پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەڕێگەی ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوون بەشێوەیەكی رێكخراو بەشێوەیەك كە تاڕادەیەكی زۆر گەرەنتی تەبایی ناو حزب دەكات.
-داڕشتنەوەی سیاسەت و پەیڕەو و پڕۆگرام، كۆنگرە باشترین و تاكە شاڕێی داڕشتنەوەی دەستووری حزبەكانە بۆ ئۆرگانەكان و رێكخستنی میكانیزمی ژیانی حزب و چۆنێتی بەرخوردكردن لەگەڵ پرسە جۆربەجۆرەكان، ئەمەش لەڕێگەی ئەو بیروڕایانەی كە دەخرێنەڕوو، دواجار دەبێتە رێنوێنی حزب.
-گۆڕینی كارەكتەرەكان، ئێمە چۆن دیموكراتیبوونی حزب پیشانی جەماوەر بدەین، ئەگەر نەتوانین چەند ساڵ جارێك خوێنی گەرم و تازە و سەرچاوەی تازە بهێنینە ناو پڕۆسەی حزبایەتی كردنەوە، كۆنگرە دەستووریترین رێگەیە بۆ سەلماندنی بڕوابوون بە رێكارە دیموكراتییەكان لە ژیانی حزبەكاندا، لە هەمانكاتیشدا تەحفیزی چالاكیی سیاسی دەكات لەڕێگەی هاندانی ئەندامان بەرەو جۆشدانەوەی كار و خەبات، بەمشێوەیەش قاعیدەی حزب بەشێوەیەكی بەرچاو فراوان دەبێت و دەرفەتێكە بۆ گەشەكردنی حزب و كۆمەڵگە لەیەك كاتدا.


وتارەکانی نوسەر