خەڵك لە نێوان لاوازی هەرێم و هەژموونی تۆڵەستێنی بەغدا لە سیاقە مرۆییەكەی خۆی دوورخراوەتەوە و یاری بە بژێویی دەكرێت، هەریەكەشیان بۆ داپۆشینی رەفتاری دژە خەڵك وتەبێژێكی خستۆتە مەیدانەكەنەوە و سەرقاڵی پاساوهێنانەوە و سەلماندن و سەپاندنی خەتابارین بەسەر ئەوی تر و دۆزینەوەی رەوایەتین، كام رەوایەتی لە سزادانی خەڵك و برسیكردنی مرۆڤدایە، لەكاتێكدا عیراق بەهۆی جێگیریی بەهای نەوتەوە لەوپەڕی توانای ئابووریدایە و هەرێمیش پاش دادگای پاریس و رێگریكردن لە فرۆشتنی نەوت گەیشتۆتە خاڵی سفری داهێزرانی دارایی.
لەناو ئەم كێشمەكێشەدا كە بەناوی بەرژەوەندیی گشتییەوە دەگوزەرێت، خەڵك لەوپەڕی پەرێشانی و سەرگەردانیدایە، هاووڵاتی نازانێت كام بژاردە كۆتایی بە خەم و دەردەسەرییەكانی دێنێت، نە هەرێم و ئابوورییە سەربەخۆكەی رۆژگارێكی هێندە شیرین بوو خەڵك بە خۆزگەی پارەوە ئومێدی گەڕانەوەی بۆ بخوازێت و نە حكومەتی ناوەندیش ئەوەندە خاوەن داد و بەڵێنە، یاسای بودجە بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان وەك خۆی جێبەجێ بكات، ئەوەی لەم نێوەندەشدا دەگوزەرێت بەكارهێنانی خەڵكە بەتایبەتی مووچەخۆران وەك كارتی گوشار لەلایەن هەردووكیانەوە، بەغدا بەوەی گوایە شایستە داراییەكانی هەمووی ناردووە، دنەی سەنگەری خەڵك دەدات دژ بە حكومەتی هەرێم و كاربەدەستانی هەرێمیش هانی خۆپیشاندان دەدەن، دواهەمینیان لە دهۆك وەك كەرنەڤاڵێك بۆ ئیدانەكردنی بەغدا سازكرا، تا بڵێن بەغدا رێكەوتنی تەنها بۆ سزایە و ئاشتەوایی و سەقامگیریی ناوێت.
نوێنەرانی کورد لە بەغدا چی دەکەن؟
لەناو ئەم گێژاوەدا ئەوەی دەنگی بیستراو نییە نوێنەرایەتی كوردییە لە بەغدا، ئەگەر ناتوانن بەرگرێكارێكی بەهێزی گێڕانەوە و جێگیركردنی قووتی خەڵك بن، خۆ دەتوانن نێوەندگیرێكی گونجاوبن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، یان تیمێكی پاڵپشتی بن تا چیتر بۆشایی یاسایی لە رێكەوتنەكاندا نەبنە بۆمبی تەوقیتكراو لەسەر كوردستان كە بەداخەوە بەردەوام كورد بەشێكی زۆر لە مافەكانی لە دانوستان و رێكەوتنەكان لەدەستداوە و دواتریش بە تیۆری پیلانگێڕی و پاساوی دوژمنداری بیانوو دەهێنرێتەوە.
ئەوەی لەو نێوەندەدا سەری لێتێكچووە هاووڵاتییە، بەرداشی نێوان قسەكەرەكانی هەردوو حكومەت ناتوانن وێنە راستەكەت بدەنێ، ئەوەتا بەر لە چەند رۆژ، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدەنگی بەرز پابەندبوونی تەواوەتی بە رێكەوتنەكەوە چەند بارە دەكاتەوە و ئۆباڵی برسیكردن دەخاتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵ، هەمان رۆژ وتەبێژی حكومەتی فیدراڵیش گازندەی عینادی و خۆدزینەوەی هەرێم بۆ كەناڵەكان رووندەكاتەوە و گەردنی بەغدا پاكدەكاتەوە، لە نێوان ئەم دوو ئاراستە قسەیەدا، لێدوانی خەڵكانی سەربەخۆ هەیە و نایشارنەوە كە ململانێیەكە هێندەی سیاسییە و شەڕی كۆنە قینە بە یەكتر، ئەوەندە پرسێكی ئابووری نییە، دەشكرێت لێدوانەكەی حەنان فەتلاوی درێژكراوەی ئەو وێنایە و ئەو دیدە بێت كە بەڵێ تا قیامەت، نابێت هەرێم و بەغدا رێبكەون.
ئاستەنگەكانی رێكەوتن زۆرن، بەڵام بانگەشەی نیشاندانی عیراق وەك دەوڵەتێكی فشەڵ و یا بە وێنەی ئەوەی دەوڵەت نەبێت، بەشێكە لە گوتاری پارتییەكان دژ بە حکومەتی فیدراڵی، ئەم لێدوان و تێگەیشتنە چەوتە و نامانگەیەنێت بە تێگەیشتنێكی هاوبەش، چونكە دادگای پاریس و دادگای فیدراڵی نەك هەر لە كەیسی وزە، بەڵكو لە پرسی دیكەشدا سەلماندیان ئەوەی لە ململانێكە وەك خاوەن سەروەری تەماشا دەكرێت و دەخوێنرێتەوە عیراقە، كە وابێت پێویست دەكات بەشە پارتییەكەی حكومەت، جارێكی تر بەو گوتارەدا بچنەوە و بۆ رەوایەتیدان بە برسیكردنی خەڵك كار لەسەر مەیلی ناسیۆنالیستی و رق لێبوونەوە لە عیراق نەكەن، چونكە دواجار خەڵكی كوردستان بەرژەوەندییەكانی خۆی دەوێت و هیچی تر، دروشمی گەورەی بەرژەوەندیی گشتی كە بۆتە گوتار و بانگەشەی رۆژانە، سك و گیرفانی هاووڵاتی و فەرمانبەران تێر ناكات.
هاتن و نەهاتنی مووچە، کاریگەریی خراپی لەسەر سەقامگیریی بازاڕ هەیە