مەترسییەکانی نەبوونی یەک لیستی بۆ هەڵبژاردن

10:09 - 2023-07-31
پشتیوان جەمال
366 خوێندراوەتەوە

کورد لە دژی دەوڵەتی عیراق نەبووە، بەڵكو دژی رژێم و دەسەڵاتەكانی بووە، شەڕی بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتكراوەکانی کردووە. 
ئەم قۆناغە شەڕی سیاسیی و پەرلەمانی و دەستووری و هاوبەشێتی راستەقینەیە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، ئەمەش بە یەک لیستیی كورد بۆ هەڵبژاردن دەكرێت.

ئەم قۆناغە شەڕی سیاسیی و پەرلەمانی و دەستووری و هاوبەشێتی راستەقینەیە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، ئەمەش  بە یەک لیستیی كورد بۆ هەڵبژاردن دەكرێت

باشترین نموونە بۆ ئەم فۆڕمە لە کارکردن، لەپێناوی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان سەرۆک مام جەلال بوو لەساڵی 2004، لە ئەنجومەنی حوکم كوردستانیبوونی ئەو ناوچانەی سەلماند، بەرپرسانی عیراقی بە ئاگاهێنایەوە کە سنووری کوردستان چیای حەمرینە و پێی راگەیاندن کە چەندە قودس بۆ عەرەب گرنگە، کەرکوکیش ئەوەندە بۆ کورد گرنگە.
كورد جەختی لە كوردستانی بوونی كەركوك كردووە و لە بەرامبەردا عەرەب و توركمان زیاتر بە هۆكارە سیاسییەكانەوە، بانگەشەی كوردەكانیان رەتكردۆتەوە. 
لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق ئەم کێشەیە بەردەوامبووە، لەلایەن حکومەتی بەعسەوە بیر لە گۆڕینی یەكجاریی دیمۆگرافیای ئەو شارە و دەروبەری وەك چارەسەرێك بۆ شوناسی بە عەرەبکردن کراوەتەوە.
پڕۆسەی ئازادکردنی عیراق تاڕادەیەکی زۆرباش توانی هێز و باڵادەستیی بە کورد ببەخشێت لەم ناوچانەدا، بەڵام لەئاستی سیاسی و دانوستانەکاندا، بەتایبەتی مەسەلەی مادەی 140 کە بەربەستێک بوو نەیتوانی بیبڕێت، سەرباری کێشە و ململانێی کوردیش خۆی چارەنووسی ئەم ناوچانەی بێ چارەسەر هێشتەوە. 
ئێستاش دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق گرنگە بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و بایەخ و گرنگیی هەیە لەچاو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، ئەگەر کورد لەم ناوچانەدا بە یەک لیستی بچێتە هەڵبژاردنەوە، چونکە یاسای هەڵبژاردنەکان تەنها دەرفەت دەدات بە سەرکەوتنی ئەو کاندیدانەی کە هاوپەیمانییەکانیان گەورەن، چانسی حزبە بچووکەکان تیادا زۆر کەمە.
پێویستە یەکێتی و پارتی بتوانن تەواوی حزبە کوردییەکان رازی بکەن ببنە یەک لیست، ئەوە دەتوانێت ببێتە مایەی راستکردنەوەی ئەم دۆخە سەپێندراوەی بەسەر ئەو ناوچانەدا هاتووە، بە پێچەوانەشەوە دەرەنجامەکەی حكومڕانی و بەدەستەوەدانی ئیدارەی ناوخۆیی لەو پارێزگایانەی لێدەكەوێتەوە كە كورد تیایاندا پێکهاتەیەکی بەرچاوە. 
شکستێکی گەورەش رووبەڕووی دەبێتەوە بەتایبەتی ئێستا کە وا پێشبینی دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە بۆ زیاتر لە خولێک بەردەوامبێت. بۆیە پێویستە کورد هەوڵبدات لانیکەم ئەگەر زورینە نەبێت، نەبێتە کەمینە و بتوانێت نیوەی دەنگەکان بەدەست بهینێت تا رۆڵی لە قەزا و ناحیەکاندا هەبێت، جگە لە پرسی پۆستی پاریزگاری کەرکوک کە لە دەستی کورددا نەماوە و بۆچوونێکی زاڵ لە نێوان پێکهاتەی عەرەب و تورکمانەکان هەیە کە جارێكی تر رێگە نەدرێت ئەو پۆستە بەر کورد بكەوێتەوە، بۆیە کورد ئەگەر بە ئیستیحاقی خۆی لەو هەڵبژاردنە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، دەتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، هەموو ئەوانەش بەوە دەبێت کە کورد یەکڕیز و یەک هەڵوێست و یەک لیست بێت.
ئەم پرسە نیشتمانیانە وایان لێبکات و لە ئاست مەترسییەکان و لەدەستنەدانی ئیدارەی ئەم ناوچانەدا بن. 
ئەگەر ئەمە نەکەن، ئەوا چارەنووسی کورد دەخەنە مەترسییەوە، بێباکی و ملنەدانی هەر هێزێکی سیاسی لەو ناوچانەدا، ئۆباڵی شکستی کورد دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنە.

وتارەکانی نوسەر