كەركوك

لە نێوان دوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا

10:25 - 2023-08-16
گۆران فەتحی
380 خوێندراوەتەوە

بەو پێیەی چەقی ناوچە جێناكۆكەكان (تەعریبكراوەكان) پێكدەهێنێـت، هەر هەڵبژاردنێك لە كەركوك، گرنگی زۆری بۆ كورد لە عیراقدا هەیە، ئەوەش پێویست دەكات، هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی كورد لەو شارە و دەوروبەری زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێـت، بەو پێیەی لەرووی دانیشتوانەوە و هەروەها لەرووی جوگرافیەوە كوردی و كوردستانییە.
كەركوك و هەڵبژاردنی 2005
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005 كە یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بوو كە هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم بوو، كە لە 30ی كانوونی دووەمی 2005 بەڕێوەچوو،  كورد لەبەر یەكگرتوویی لەو هەڵبژارنەدا،  وەكو (لیستی برایەتی) توانی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەدەست بهێنێت كە 26 كورسی بوو لە كۆی 40 كورسی، دوای ئەویش توركمان و ئینجا عەرەب هاتن.
سەركەوتنی كورد لەو هەڵبژاردنە، وایكرد زۆرینەی پۆست و دەسەڵاتەكانی كەركوك بكەوێتە دەستی كوردەوە، بە پارێزگاری كەركوكیشەوە، ئەوەش وایكرد حكومەتی عیراق و لایەنە بەهێزەكانی بەغدا، رێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە كەركوك بكەن لەدوای 2005ەوە ، بە پاساوی ئەوەی كێشەی نەتەوەیی و تایفی لەكەركوك دروست دەكات، بەوەش كەركوك بێ بەش كرا لە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵانی 2009 و 2013.
هاوپەیمانی جۆراجۆر لە كەركوك
لەگەڵ هەموو ئەو گرنگییەی كەركوك بۆ كورد هەیەتی، هەروەها لەگەڵ هەموو مەترسییەی لەسەرێتی لەلایەن فیكری شۆفێنیەوە، هەموو ئەوە وای نەكرد ئەمجارە لیستێكی یەكگرتوویی كوردی تێدا پێكبهێنرێـت، لەبەرامبەر لیستی توركمان و لیستە عەرەبییەكان، ئەوەش زیانی گەورە بەدەنگی كورد لەو شارەدا دەگەیەنێت.
لەم هەڵبژاردنەدا 8 حزبی كوردی لە كێبڕكێدا دەبن لەگەڵ 12 حزب و هاوپەیمانی توركمانی و عەرەبی، بۆ بەدەستهێنانی 16 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك. 
كە ئەمەش دوای كۆتایی هاتنی وادەی تۆماركردنی لیست و كەیانە سیاسییەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە ئاشكرا كرا، ئەو حزبانەش بە 9 هاوپەیمانی لە كەركوك تۆماركراون.
 سەبارەت بە كورد و هێزە كوردییەكان، ئەوا بە 3 هاوپەیمانی و دوو لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق دەكەن، هاوپەیمانی یەكەم لە (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان) پێكدێت و لەژێر ناوی هاوپەیمانی «كركوك قوتنا وإرادتنا» دەبێت، هاوپەیمانی دووەم لە (پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، حزبی ئیسلامی عیراق، پارتی گەلی توركمان، بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان) پێكدێت، هەرچەند پارتی بەرەسمیش هاوپەیمانیەكە رانەگەیاندووە، هاوپەیمانی سێهەم لە (یەكگرتوویی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵەی دادوەری كوردستان) پێكدێتلە ژێر ناوی (شعلە كركوك- مەشخەڵی كەركوك)، نەوەی نوێش بە تەنها بەشداری هەڵبژاردن لەكەركوك دەكات.
لای خۆیانەوە عەرەبەكانی كەركوك بە پێنج هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن، كە هاوپەیمانی یەكەم لە (سیادە و تەقەدوم) پێكدێت، بەسەرۆكایەتی محەمەد تەمیم، هاوپەیمانی دووەم بەناوی (هاوپەیمانی عەرەبییەوە)یە كە راكان جبووری و چەند حزبێكی تری تێدایە، هەریەك لە عەزم و بەرەی عەرەبی یەكگرتوو-ش هاوپەیمانییەكیان پێكهێناوە بەناوی هاوپەیمانی (ئەلعروبە) بەسەرۆكایەتی وەسفی ئەلعاسی، لای خۆیانەوە هێزەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی هاوپەیمانێتیەكیان پێكهێناوە بەناوی (چوارچێوەی نیشتمانی)، ئەیاد عەلاوی و چەند حزبێكی عەرەبی تریش هاوپەیمانی (ئیئتیلافی وەتەنی)یان پێكهێناوە، واتا عەرەب بە پێنج لیست و هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات.
توركمانەكان بە پێچەوانەی كورد و عەرەب، بە لیستێكی یەكگرتوو بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن بەناوی هاوپەیمانی (بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو) و بەسەرۆكایەتی حەسەن توران، هەرچەند ئەمانیش كێشەیان هەیە، بەتایبەت لەنێوان توران و ئەرشەد ساڵحی لەسەر سەرۆكایەتی كردنی لیستەكە.
جێی ئاماژەیە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەعیراق رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 13 ئاب دەرگای كاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنەكان داخست كە لە 15ی مانگی تەموزەوە كردبوویەوە، بەڵام كۆمسیۆن دوای ئەم وادەیە،  بۆ ماوەی 15 رۆژ بەناوی كاندیدەكاندا دەچێتەوە، لەرووی یاسایی و هەروەها لەسەر مەسەلەی موسائەلە و عەدالە و شەهادە و دەستپاكی و بارودۆخیان لەرووی ئەمنییەوە.
سستمی سانت لیگۆ
كێشەیەك كە روبەرووی هەڵبژادنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەبێتەوە، كاركردنە بە سستمی سانت لیگۆی هەمواركراو، بە پشت بەستن بە (قاسمی ئینتیخابی) 1.7، كە راستە چانسی هاوپەیمان و حزبە گەورەكان زیاتر دەكات لەچاو حزبە بچوكەكان، بەڵام زۆری و فرەیی لیستی كورد، رەنگە ببێتە هۆكاری لەدەستدانی رێژەیەكی زۆری دەنگدەر لە كەركوك، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر هێزە كوردییەكان نەتوانن زیاتر لە نیوەی كورسییەكانی شارەكە بەدەستبهێنن، ئەوا ناتوانن پۆستە گرنگەكانی وەكو پارێزگار بەدەستبهێننەوە، كە لەساڵی 2017دا  بە هۆی رووداوەكانی دوای ریفراندۆم وەكو كورد لەدەستماندا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر هێز و لیستە جیاجیاكانی كورد توانییان رێژەیەكی باشی دەنگەكان بەدەستبهێنن، ئەوا دەتوانن دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنیش هاوپەیمانی دروست بكەن، كە ئەوەش لەعیراقدا شێوازێكە چەندین جار پەنای بۆ براوە، بەوەش كورد دەتوانێت پۆستی پارێزگا و پۆستە گرنگەكانی تری شارەكە وەربگرێتەوە.
كاریگەرییەكانی پەرتەوازەیی كورد لە كەركوك
بێگومان پەرتەوازەیی كورد، نەك تەنها بۆ ئەم هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان زیانی هەیە، بەڵكو هەردەم ئەو پەرتەوازەیی كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر هێز و توانای كورد لە عیراق لە پێشتر و ئێستاش هەبووە و هەیە، ئێمە بینیمان و بەتایبەتی لەدوای روخانی رژێمی بەعس، كورد و هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی كاتێك یەكڕیز و یەك هەڵویست بوون، چەندە پێگەمان بەهێزبوو لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و چۆن توانرا زۆر ماددەی تایبەت بە كورد و مافەكانی لەم وڵاتە لەدەستووری هەمیشەییدا جێگیر بكرێت، چۆنیش دوای دروستبوونی كێشەو ململانێ لەناو ماڵی كورد، زۆرێك دەستكەوتمان لەدەستدا و بەغدا بەهێزتر بوو بەرامبەر بەهەرێمی كوردستان، بەجۆرێك نەك تەنها ناوچە جێناكۆكەكانمان لە چنگ دەرهێنرا بەڵكو ئێستا مەترسی بۆ سەر خودی قەوارەی هەرێمیش دروستبووە.
ئەوەش ئیجابی دەكرد، ئێمە وانەمان لە رابردوو وەربگرتایە و یەكگرتوو بووینایە لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، نەك لەململانێدا بین و بە لیستی جیا بەشداربین لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كە ئێمە پێشتر براوەی سەرەكیی بووین تیایدا، پێویست بوو بۆ ئەم هەڵبژاردنەش كە مەترسی و فشار زیاترە لەسەر كوردبوونی ئەو ناوچانە و كەركوك، هیچ نەبوایە پارێزگاریمان بكردایە، لەو سەركەوتنە و سەركەوتنەكانی پێشووتر لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، لە سەرجەم هەڵبژاردنەكانی رابردوودا، كە كورد تێیدا یەكەمی بێ ركابەر بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا و بەو پێیەی كورد هەردەم زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی پێكهێناوە، لەرووی مێژوو جوگرافیاشەوە ئەو ناوچانە هەردەم كوردستانی بوون، ئەگەر هەڵبژاردن بەشێوەیەكی پاك و بێگەرد و دوور لە ساختەكاری و هەروەها فشار بەڕێوەبچێت، كورد جارێكی تر براوە دەبێت، بەڵام نازانرێت چەندە دەنگ لەدەست دەدەین بەهۆی فرە لیستی كورد لەو شارەدا.

 


کەرکوک وەکو چەقی ناوچە جێناکۆکەکان

وتارەکانی نوسەر