هەنگاوێكی تری پرۆسەی ئاشتی

10:05 - 2025-07-02
گۆران فەتحی
43 خوێندراوەتەوە

پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كە ماوەی چەندین مانگە لەو وڵاتە راگەیەنراوە، جۆرێك لە سستی و خاوی بە خۆوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەی پەكەكە هەڵوەشاندنەوەی خۆی وەكو حزب راگەیاندووە، ئەوەش رەنگە بگەڕێتەوە بۆ لەمپەڕەكانی بەردەم ئەم پرۆسەیە لە ناوخۆی توركیا، بەڵام هەڵوێستێكی نیازپاكیی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە (كە رەنگە بیخاتەوە سەر رێی راست) و حكومەتی توركیاش هان بدات جووڵەی ئەرێنی بەرامبەری بنوێنێت، دەستپێكردنی چەكدانانی ژمارەیەک ئەندامی پەكەكەیە لەچەند رۆژی داهاتوودا.
بڕیارە لە رێورەسمێكدا كە لە  3ی تەمموز لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەك ئەندامی پارتی كرێكاران چەك دابنێن، ئەم هەنگاوەش دوای چەند هەفتەیەك دێت لە راگەیاندنی حزبەكە بەهەڵوەشاندنەوەی خۆی دوای چوار دەیە شەڕكردن لەگەڵ سوپای توركیادا.
چاوەڕوانیش دەكرێت، ئۆجەلان پەیامێكی نوێ لە چەند رۆژی داهاتوودا سەبارەت بەو مەسەلەیە بڵاوبكاتەوە، ئینجا بە رەسمی پرۆسەی چەك دانان لەلایەن پەكەكەوە جێبەجێ بكرێت.
بەپێی هەواڵەكانیش، ئەو چەكدارانەی چەك دادەنێن دواتر دەگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان و ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەكەن چەكدارەكان حیجزدەكرێن لەچەند شارێكی هەرێمی كوردستان راست نییە. 
پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی كورد، سەرەتا لە پێشنیازێكی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیای هاوپەیمانی دادوگەشەپێدانی حوكمڕانی توركیاوە دەستیپێكرد، كە دواتر ئۆجەلان و هێزە كوردییەكانی باكووری كوردستان پێشوازییان لێكرد، سەرەتا پەكەكە هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند، ئێستاش بڕیاری چەكدانانی داوە.
وادیارە پرۆسەكەش جۆرێك پێشكەوتنی بەخۆوە بینیوە، ئەوەتا دەم پارتی نزیك لە كورد ئاشكرایكردووە، وەفدێكیان چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دەكەوێت لە 8 و 9ی تەمموز لەچوارچێوەی هەوڵە سیاسییەكان بۆ دووبارە دروستكردنەوەی كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ ئۆجەلاندا، سیزای تەمەلی سەرۆكی لیستی دەم پارتیش لەپەرلەمانی توركیا رایگەیاند، وەفدەكە دوای بینینی ئەردۆغان بەرێدەكەوێت بۆ لای پارت و هێزە سیاسییەكانی تری توركیا و ئینجا دەچێت بۆ ئیمرالی بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
لای خۆیەوە ئەردۆغانیش هەواڵەكەی پشتراستكردۆتەوە و  رایگەیاندووە «چەند رۆژی داهاتوو چاوی بە وەفدێكی دەم پارتی دەكەوێت»، كە رۆڵێكی سەرەكی گێراوە لە ئاڵوگۆڕكردنی نامە لەنێوان ئۆجەلان و ئەنقەرەدا بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی.
ئەردۆغان خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بە پێشكەوتنەكانی ئەم دواییەی پرۆسەی ئاشتی، دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە دووشەممەی رابردوودا كرا، وتی: دڵخۆشم بەو پێشكەوتنەی لەماوەیەكی كەمدا هاتۆتە دی، دووپاتیشی كردەوە و رایگەیاند: «رووداوەكانی ئەم دواییەی ناوچەكەمان  وردی و راستی، ستراتیژی حكومەتی توركیای لەم پرۆسەیەدا دەرخست».
دوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان، چاوەڕوان دەکرێت قۆناغێكی نوێ لەو وڵاتە دەستپێبكات و دەستووریش هەمواربكرێتەوە و گفتوگۆش سەبارەت بە مافەكانی كورد لەتوركیا لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا بكرێت، كە جەخت لە چارەسەری سیاسیی مەسەلەی كورد بكرێتەوە لەبری پەنابردن بۆ چەك بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو مەسەلەیە وەكو چۆن لە پێشتردا كراوە.
كورد و هێزە كوردییەكانی توركیاش، بەهیوان سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە، رێگە بۆ كرانەوەیەكی فراوان بە رووی كورد و مەسەلەكەیدا بكاتەوە دوور لە شەڕ و كوشتار و كورد لە چوارچێوەی توركیادا بە مافەكانی خۆی بگات.

وتارەکانی نوسەر