هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان لە كەركوك و سلێمانی

10:05 - 2025-07-03
گۆران فەتحی
37 خوێندراوەتەوە

لە چەند رۆژی رابردوودا، كەركوك و سلێمانی رووبەڕووی هێرشی مووشەكیی و درۆن بوونەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە، چەند شوێنێكی تریش رووبەرووی هێرش بوونەوە، لەنموونەی پاڵاوگەی بێجی و هەروەها كەمپێكی ئاوارەكان لە زاخۆ، كە گومان دەكرێت پاشماوەی گروپە تیرۆریستییەكان، یان لایەنی تری لە پشتەوە بێت، كە كار بۆ ئەجێندای ناوخۆیی یان دەرەكی دەكەن، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و هەروەها ناوچە جێناكۆكەكان هەیە.

درۆن، تەكنۆلۆژیایەكی سەربازی كاریگەر
دیارە كە تەكنۆلۆژیای نوێ بەتایبەت سەربازی لە نموونەی فرۆكەی بێ فرۆكەوان (درۆن) و هەروەها مووشەكی زیرەك لەچەند ساڵی رابردوودا، بە شێوەیەكی بەرچاو و بەرفراوان لە جەنگی نێوان وڵاتان و لە شەڕی ناوخۆیی نێوان گروپە چەكدارەكانیشدا بەكار هاتووە، ئەمە چ جای هەوڵی گروپی تیرۆریستیش بۆ سوود وەرگرتن لەم جۆرە تەكنۆلۆژیایانە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی.
جەنگی قەرەباخی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا و هەروەها جەنگی ئێستا روسیا و ئۆكرانیاش نموونەی دیاری بەكارهێنانی درۆنن لە جەنگدا، هەروەها دەرخەری ئەوەن درۆن چەندە كاریگەریی هەیە بۆ یەكلاییكردنەوەی جەنگ و زەفەربردن بەلایەنی بەرامبەر، لە پاڵ مووشەكی زیرەك وەكو چۆن ئیسرائیل لە شەڕی غەززەدا بەكاریهێنا.
لەبەر ئاسان دەستكەوتنی ئەم كەرەستەو ئامێرە سەربازییانەش ئێستا، گروپ و میلشیاكان  و گروپە تیرۆریستییەكانیش، لە هێرش و كردەوەكانیان دژ بە سوپای وڵاتەكانیان بەكاری دەهێنن، عیراق و هەرێمی كوردستانیش بەدەر نین لەو حاڵەتە، بەو پێیەی دەكەونە چەقی ناوچەی پڕ لەململانێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بوونی پاشماوەی گروپە تیرۆریستییەكان لەم وڵاتە، ئەمە چ جای گروپی چەكدار و میلیشیای جیاوازی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت.

هێرشەكەی سەر كەركوك
رۆژی دووشەممە 30ی حوزیرانی 2025، سەعات 11.20ی شەو بە مووشەك هێرش كرایە سەر فرۆكەخانەی سەربازی كەركوك و مووشەكێكیش بەر ماڵێكی گەڕەكی عروبە كەوت.
لە هێرشەكەدا دوو مووشەك فرۆكەخانەی كەركوكی كردە ئامانج، كە لەبەشی سەربازی فرۆكەخانەكە و بەشی شارستانی فرۆكەخانەكە كەوتنە خوارەوە، هەروەها ماڵێكی گەرەكی عروبەش مووشەكێكی بەركەوت.  
رێبوار تەهای پارێزگاری كەركوك لەو رووەوە رایگەیاند: هێرشەكە كاریگەریی لەسەر گەشتە ئاسمانییەكانی فرۆكەخانەی كەركوك نەبووە و گەشتەكان بەردەوام دەبێت، دووپاتیشیكردەوە: «ئەوەی دیارە هێرشەکان بە سێ کاتیۆشا ئەنجامدراون، یەکێکیان لە گەڕەکی عروبە بەر ماڵێک کەوتووە، دوانی دیکەش لە فڕۆکەخانە کەوتوونەتە خوارەوە، کە خۆشبەختانە هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە، تەنیا زیانی ماددی بەر ماڵێک کەوتووە.»
فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك لەڕاگەیەنراوێکدا وتی: مووشەكەكان سەرچاوەیان تا ئێستا نادیارە»، ئاماژەی بەوەش كرد: «بەهۆی مووشەكبارانكردنەكەوە ئاگر لە پووشی نزیك دەروازەكە لە بەشی سەربازی كەوتەوە و دواتر ئاگرەكە لە لایەن كارمەندانی ئاگركوژێنەوەی فرۆكەخانە كۆنترۆڵكرا، كەسێك بە سووكی لە هێرشەكەدا برینداربووە، بەڵام زیان بە رێڕەوەی فڕینەكە نەگەیشتووە و هەموو ئامرازەكانی فرۆكەخانەكەش بێ زیان بوون».
هێرشەكەی سەر كەركوكیش دوای ئەنجامدانی پرۆسەیەكی ئەمنی هات، كە تێیدا ژمارەیەك سەركردە و چەكداری داعش كوژران. 

هێرشە درۆنییەكەی سەر سلێمانی
لە پارێزگای سلێمانیش دوو درۆن كەوتنە خوارەوە، كە یەكێكیان لەناو تاسڵوجە و لە شوێنێكی مەدەنی كەوتە خوارەوە و ئەوەی تریان لە نزیك بارەگای فەرماندەیی یەكەكانی 70ی پێشمەرگە كەوتە خوارەوە.
هێزە ئەمنییەكانی سلێمانیش، لێكۆڵینەوەیان لەرووداوەكە دەستپێكرد، بۆ زانینی لایەنی پشت ئەو هێرش و رووداوە.
ئەحمەد لەتیف وتەبێژی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگە سەبارەت بەرووداوەكە رایگەیاند: هەردوو فرۆكە بێ فرۆكەوانەكە لەلایەن هێزەكانی 70ەوە خراونەتە خوارەوە، ئاماژەی بەوەش كرد یەكێك لە درۆنەكان لە تاسڵوجە و ئەوەی تریان لە دەرەوەی بارەگای فەرماندەیی هێزەكانی 70 كەوتوونەتە خوارەوە و هیچ كوژرا و و برینداریش لە رووداوەكە نەكەوتۆتەوە.
لای خۆیەوە ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا ئاشكرایكرد: درۆنەكان لە ناوچەی تاسڵوجەی سنووری سلێمانی كەوتوونەتە خوارەوە و دەستبەجێ تیمەكانی لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم لێكۆڵینەوەیان دەستپێكرد. 
چەند ناوچەیەكی تریش هێرشیان كرایەسەر
هاوكات لەگەڵ هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان لەكەركوك و سلێمانی، چەند ناوچەیەكی تر هێرشیان كرایە سەر، پاڵاوگەی بێجی بە زیاتر لە 10 فرۆكەی بێ فرۆكەوانی بۆمبڕێژكراو كرایە ئامانج و كەمپی ئاوارەكانیش لەناحییەی دەركاری سەر بە زاخۆ،  بە فرۆكەیەكی تری بۆمبڕێژكراو هێرشی كرایەسەر، بەڵام خۆشبەختانە قوربانی لەو هێرشانە نەكەوتەوە و تەنها زیانی ماددی هەبوو.
بە پێی شارەزاییانی سیاسیش، فراوانبوون و زیادبوونی ئەم هێرشانە، هەوڵێكە بۆ تێكدانی بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیریی لە عیراق و هەرێم، رەنگە لایەنی سیاسیش لە پشتی بەشێك لەو رووداوانەوە بن، كە  مەبەستیان بێت دیمەنی سیاسیی بگۆڕن بەتایبەت كە عیراق روو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش دەكات لە مانگی 11ی ئەمساڵدا، پێشتریش چەندین شوێنی سەربازی گرنگ لە نموونەی سەربازگەی تاجی باكووری عیراق و بارەگای ئاسمانی ئیمام عەلی لە زیقار كرانە ئامانج  لەرێگەی درۆنەوە و زیانی گەورە بەهەردوو سەربازگەكە گەیشت.

 

بەدەر لەو هێرشانەی لە باقی ناوچەكانی تری عیراق دەكرێن كە رەنگە هۆكارگەل و گروپ و هێزی جیاوازی لەپشتەوە بێت، ئەوا گروپی تیرۆریستیی و رەنگە گروپی تری چەكداری سەر بەهێز و لایەنی سیاسیی ناوخۆیی لە پشت هێرشەكانی سەر كەركوك و سلێمانیەوە بن، كە كار بۆ ئەجێندای تایبەتی خۆیان یان ئەجێندای دەرەكی بكەن


یەكێتی پارێزەری ئەم ناوچەیەیە
دواجار و بەدەر لەو هێرشانەی لە باقی ناوچەكانی تری عیراق دەكرێت كە رەنگە هۆكارگەل و گروپ و هێزی جیاوازی لەپشتەوە بێت، ئەوا گروپی تیرۆریستیی و رەنگە گروپی تری چەكداری سەر بەهێز و لایەنە سیاسییە ناوخۆییەكان لە پشت هێرشەكانی سەر كەركوك و سلێمانیەوە بن، كە كار بۆ ئەجێندای تایبەتی خۆیان یان ئەجێندای دەرەكی بكەن بەمەبەستی فشارخستنە سەر ئەم ناوچەیە، كە ماوەیەكی زۆرە لەسایەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا لە ئاسایش و سەقامگیرییەكی تەواودایە، بەردەوامیش ئەم حزبە رێگر بووە لە هەر هەڕەشە و مەترسییەك بۆ سەر هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش.

شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە لە تاسڵوجە 

وتارەکانی نوسەر