ساڵ لە دوای ساڵ دانیشتوانی سەرگۆی زەوی روو لە زیادبوونە، بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتوانی سەر زەمین گەیشتۆتە هەشت ملیار کەس و بێگومان لەگەڵ ئەمەشدا پێداویستییەکانی مرۆڤ لەگشت روویەکەوە بە هەمانشێوە زیاد دەکات بە تایبەتی پێداویستییە خۆراکییەکان لە بەروبوومی ئاژەڵ و باڵندە لە گۆشتی سوور، سپی و هێلکە کە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی پڕۆتین دادەنرێن، لەبەرئەوە لەم سەردەمەدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکانی مرۆڤ، ئاژەڵ بەشێوەیەکی گشتی لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا بەخێو دەکرێن و ژمارەیان زیاد دەکرێت بە بەکارهێنانی رێگەچارەی خێرا لەڕێی تەکنەلۆجیای نوێوە بەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان خراوەتە چوارچێوەی پیشەسازییەوە هەروەک پیشەسازی بەخێوکردنی پەلەوەر و پیشەسازی بەخێوکردنی مانگای شیر، گۆشت، بەخێوکردنی مەڕ و بزن و هەروەها پیشەسازی بەرهەمهێنانی ماست و پەنیر و کەرە و...هتد.بێگومان ئەمەش وایکردووە چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتان زیاتر گەشە بکات و بەرەوپێشەوە بڕوات لەڕێی هۆکارە جیاجیاکانی گواستنەوەوە، ئەم ئاڵۆگۆڕە فراوانەی ئاژەڵان و باڵندەی نێوان وڵاتان وادەکات ژمارەی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان ساڵانە روو لە زیادبوون بکات لە ئەنجامدا ترسناکییان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ چڕدەبێتەوە ئەمەش لەبەرئەوەی لەڕووی پزیشکی و تەندروستییەوە پەیوەندییەکی گرنگ هەیە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵان و باڵندەدا بەشێوەیەک ئاستی تەندروستییان کاریگەری راستەخۆیان لەسەر یەکدی هەیە ئەمەش بێگومان لەڕێی کۆمەڵێک نەخۆشی هاوبەشەوە کە بە شێوەیەکی سروشتی لە نێوانیاندا دەگوازرێنەوە پێیان دەوترێت نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان.
لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی 20 و سەرەتای سەدەی 21 کۆمەڵێک نەخۆشی هاوبەش سەریهەڵدا و تەشەنەی کرد بە وڵاتاندا لەوانە ئەنفلۆنزای باڵەندە و ئەنفلۆزای بەراز و شێتبوونی مانگا و و ئیبۆلا و کۆرۆنا و نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون کە کاریگەری نەرێنی بەسەر گشت لایەنەکانی ژیانەوە بەجێهێشتووە واتە بێجگە لەڕووی تەندروستییەوە لەڕووی ئابووری و رامیاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشەوە.
بەپێی توێژینەوەکان هەندێک لە نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان لە نێوان گوند و شارەکانی کوردستانیشدا تۆمارکراون و بوونیان هەیە لەوانەش تای ماڵتاو دەردەپشیلە گەڕی و تورەکەی ئاوی و نەخۆشی نیوکاسڵ و تای خوێنبەربوون و کۆمەڵێک نەخۆشی دیکە کە هەڕەشەیەکی ترسناکە لە تەندروستی و ئابووری هاووڵاتیانی کوردستان و هۆکارێکیشە بۆ پیسبوونی ژینگەی کوردەواری.
بیرۆکەی یەک تەندروستی و یەک پزیشکی
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان بیرۆکەی یەک تەندروستی و یەک پزیشکی (One Health, One Medicine) بە درێژایی قۆناغە مێژووییەکان ئەو بنەما فەلسەفییە بوو کە پزیشکان بەگشتی کاریان لەسەرکردووە.
هیپۆکرات Hippocrates (377-460پ.ز) فەیلەسوف و پزیشکی یۆنانی لە مێژوودا بە باوکی زانستی پزیشکی ناسراوە رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە دانانی بنەما سەرەکییەکانی فەلسەفەی زانستی پزیشکی مرۆڤ و فەلسەفەی زانستی پزیشکی ڤێتێرنەری.
لێکۆڵینەوە و خوێندنی بابەتەکانی پزیشکی ڤێتێرنەری هۆکارێک بووە بۆ تێگەشتن لە بابەتەکانی پزیشکی مرۆڤ هەر لە سەردەمی یۆنانەوە لەسەر دەستی رابەرانی پزیشکی یۆنانی کۆن هیپۆکرات و ئەرستۆ.
کارە سەرەکییەکانی گەورە فەیلەسووفی یۆنان ئەرستۆ (322-384پ.ز)
تاقیکردنەوەی پراکتیکی دەکرد ئەویش بریتی بوو لە توێکاری لاشەی ئاژەڵی مردارەوەبوو بە مەبەستی شارەزابوون لە زانینی شێوە و پێکهاتەی ئەندامەکانیان و شێوازی کارکردنیان و بەراوردکردن لە نێوانیاندا خۆی لە خۆیدا هۆکارێکی باش بووە بۆ ناسین و تێگەیشتن لە شێوە و پێکهاتەی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ، چونکە یۆنانییەکان هەروەکو چینییەکان و هیندییە کۆنەکان رێگەیان نەدا لاشەی مرۆڤە مردووەکان توێکاری بکرێت و ئەم بیرۆکەیەش بووە بنەمایەکی زانستی پزیشکی بەراوردکاری (Comparative Medicine).
گەورە بیرمەند و هونەرمەند و زانای ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤنشی 1915-1452ز
یەکێکە لە رابەرانی رۆژگاری رێنیسانس سەرەڕای کارە داهێنەرەکانی لە بواری هونەردا خزمەتێکی ناوازەی بە زانستی پزیشکی ڤێتێرنەری و پزیشکی مرۆڤ گەیاندووە بەوەی توێکاری ژمارەیەک لە لاشەی ئاژەڵ و مرۆڤی مردووی کردووە بە مەبەستی کێشانی هێڵکاری ئەندامەکانیان و پەیکەری ئێسکەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ و بەراوردکردنیان بەشێوەیەکی زانستییانە هەر لەبەر ئەمەش داڤنشی لە مێژوودا بە باوکی زانستی توێکاری لە قەڵەم دەدرێت.
هەر لە روانگەی یەک پزیشکی و یەک تەندروستی لەم سەردەمەشدا گشت نەشتەرگەرییەکان و تاقیکردنەوەکان کە بۆ یەکەمینجار لە مرۆڤدا دەکرێن لە سەرەتاوە لەسەر ئاژەڵان تاقیدەکرێنەوە هەروەکو زانا و داهێنەری کورد لە وڵاتی سوید دکتۆر ئازاد نەجار کە داهێنەری دڵی دەستکردە (Artifical Heart) لە مرۆڤ و لە جیهاندا بۆ یەکەمینجار دڵە دەستکردەکەی لەسەر مەڕێک تاقیکردەوە و سەرکەوتنی بەدەستهێنا ئەمەش دوای ئەوەی دکتۆر ئازاد ماوەیەک سەردانی قەسابخانەی شارەکەی کردووە لە سوید بۆ بینین و لێکۆڵینەوە لە دڵی مانگا و مەڕ و بزن و بەراز بۆتێگەشتن لە فسیۆلۆژی دڵی ئاژەڵەکان و بەراوکردنیان بە دڵی مرۆڤ.
نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان چی دەگەیەنێت؟
نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان یان نەخۆشییە هاوبەشەکان لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەکاندا، لەسەرچاوە عەرەبیەکاندا پێی دەوترێت الامراض المشترکة بین الانسان و الحیوان و لەسەرچاوە پزیشکییەکاندا بە گشتی بە Zoonoses ناودەبرێت.
بە لقێکی سەرەکی زانستەکانی پزیشکی دادەنرێت لە کۆلێجەکان و پەیمانگاکانی پزیشکی ڤێتێرنەری و پزیشکی مرۆڤ بایەخێکی زۆری پێدەدرێت لەم سەردەمەدا لە گشت وڵاتانی جیهان.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان زاراوەی زانستی Zoonoses لە دوو وشەی گریکی پێکهاتووە:
یەکەمیان: Zoon واتە ئاژەڵان یان زیندەوەران.
دووەمیان: nosos یان noson واتە نەخۆشی.
بۆچونێکی دیکەی پسپۆڕان بەم شێوەیە لێکی دەدەنەوە:
-Zoo : پەیوەندی بە ئاژەڵان یان زیندەوەرانەوە هەیە.
- noso: کەسێک لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییەکان بکات.
Osis : بە مانای نەخۆشی دێت بەشێوەیەکی گشتی واتە لێکۆڵینەوە لە نەخۆشی ئاژەڵان و زیندەوەران.
پێناسەی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان
لە ساڵی 1959ز رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێناسەی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان وادەکات بەوەی ئەو نەخۆشییانەیە بەشێوەیەکی سروشتی لە نێوان ئاژەڵە بڕبڕەدارەکان و مرۆڤدا دەگوێزرێنەوە، ئەمەش بێگومان ئەو نەخۆشییانە دەگرێتەوە کە لە ئاژەڵ و باڵندەکانەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ و هەروەها ئەوانەش دەگرێتەوە لە مرۆڤەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئاژەڵان بەپێی سەرچاوە زاستییەکان ئەو نەخۆشییانەش لەخۆدەگرێت کە بەجیاجیا توشی ئاژەڵ و مرۆڤ دەبن هەروەکو نەخۆشی دەردەکۆپان لە مرۆڤدا و نەخۆشی گوێ رەپە لە ئاژەڵاندا.
ناوەندە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەدەن ڤایرۆسی نەخۆشی ئایدز(HIV) بە نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان دادەنرێت بەوەی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە ئاژەڵەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ هەرچەندە ئێستا لەم سەردەمەدا تەنها ڤایرۆسەکە لە مرۆڤدا بوونی هەیە.
بەکارهێنانی زاراوەی Zoonoses لە رووی مێژووییەوە ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1855ز سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەدەن بۆ یەکەمینجار لە لایەن Rudolph Virchow زاراوەی Zoonoses بەکارهێنراوە لە پەڕتوکەکەی بەناوی (Hand book of communicable diseases) کە لەو مێژووە بەدواوە لە سەرچاوە پزیشکییەکاندا بە بەردەوامی هەتاکو ئەم رۆژگارەی ئێستا بەکاردەهێنرێت.
رۆژی جیهانی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان
بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان ساڵانە نزیکەی 2,7 ملیۆن مرۆڤ گیان لە دەستدەدەن بەهۆی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکانەوە، لەبەرئەوە ناوەندە تەندروستییەکان و ڤێتێرنەرییەکان رۆژی 6ی تەمموزیان دەستنیشانکردووە بە رۆژی جیهانی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان ئەمەش بێگومان لەپێناو بیرخستنەوە و هۆشیارکردنەوە و پەروەرکردنی دانیشتوانی سەرگۆی زەوی بەگشتی لەبارەی هۆکارە نەخۆشخەرەکان و جۆرەکانی و نیشانەکان و چۆنیەتی چارەسەری نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان و چۆنیەتی خۆپارێزی لەو نەخۆشییانە .
بەگوێرەی سەرچاوەکان دەسنیشانکردنی 6 ی تەمموزی هەموو ساڵێک دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی سەرکەوتووی زانای فەڕەنسی بەناوبانگ لویس پاستور کە لە بەرواری 6/7/1885ز یەکەمین جۆری ڤاکسینی بەکارهێنا لە دژی نەخۆشی هاری سەگ Rabies بۆ کوڕێکی تەمەن بچووک کە لەلایەن سەگێکی بەرەڵای هارەوە گازی لێگیرابوو، بەم هەنگاوەشی پاستور بەردی بناغەی پڕۆسەی خۆپارێزی داڕشت بەرامبەر نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییە جۆر بە جۆرەکان، چونکە بەپێی ئامارەکانی ناوەندە تەندروستییەکان %75 ی ئەو نەخۆشیانەی توشی مرۆڤ دەبن لەم سەردەمەدا سەرچاوەی هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان لەبەرئەوە یادکرنەوەی رۆژی جیهانی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان لە رۆژی 6/7ی هەموو ساڵێک خۆی لەخۆیدا هاندانی هاووڵاتیانە بۆ جێبەجێکردنی مەرجە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان لە گشت جومگەکانی کۆمەڵگەدا و بەهێزکردنی یاساکانی سەلامەتی خۆراک بۆ نەهێشتن و قەدەغەکردنی گواستنەوەی نەخۆشییەکان لەڕێگەی خۆراکەوە.
هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان
شارەزایان و پسپۆڕان هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان لەم چەند ساڵەی دواییدا دەگەڕێنەوە بۆ:
1- گۆڕانکاری لە کەشوهەوای گۆی زەوی بەشێوەیەکی گشتی.
2- بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبوومی ئاژەڵ و باڵندە لەڕێی تەکنەلۆژیای نوێوە.
3- زیادبوونی ژمارەی بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندە ماڵییەکان لە ناوەندی شارەکاندا.
4- زیادبوونی بازرگانیکردن بە ئاژەڵەوە بەتایبەتی ئاژەڵەکێوییەکان.
5- گۆڕانکاری لە خاک و ژینگەی وڵاتاندا بەهۆی دەستوەردانی بەردەوامی مرۆڤەوە بەتایبەتی لە کەمبونەوەی رووبەری دارستانەکان و سەوزاییدا.
6- زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی کۆمەڵە دەرمانی دژە زیندەکان Antibiotics لەنێو هاووڵاتیاندا ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی میکرۆبەکان بەشێوەیەکی گشتی بەرگری پەیدا بکەن لە دژی دژەزیندەکان
(Antimicrobial Resistance).
7- هەندێک جار لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی ناوەندەکانی توێژینەوە لە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لەپێناو پێشبڕکێ و ململانێی سیاسی دێتە بەرهەم.
بەگوێرەی وتەی Kate Jones سەرۆکی بەشی ژینگەزانی لە زانکۆی لەندەن زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان لەم چەند ساڵەدا دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و رەفتاری مرۆڤ کە دەبنە هۆی کەمبوونەوە و لەناوچوونی دارستانەکان و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی سەر زەمین و دروستکردنی رێگەوبانی نوێ بۆ گەیشتن بە ناوچە دوورەکان بێگومان ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ نزیکبوونەوە و بەریەککەوتنی زیاتری مرۆڤەکان لەگەڵ ئاژەڵ و باڵندە ماڵی و کێویەکاندا.
راپۆرتە ژینگەییەکان ئاماژە بەوەدەکەن گۆڕانکاری لە کەشوهەوای وڵاتاندا بۆتە هۆی کۆچکردنی بەکۆمەڵی زیندەوەران لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی نوێی لەبارتر و گونجاوتر و لە ئەنجامدا بە تێکەڵبوون و بەڕێکەوتن لەگەڵ گیانەوەرانی دیکەدا رێگە خۆش دەکات بۆ تەشەنەکردن و گواستنەوەی هۆکارە جۆربەجۆرەکانی نەخۆشییەکان.
رێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان
هەموو پڕۆژەیەکی ریشەکێشکردنی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان لە وڵاتاندا پێویستە لە سەرەتاوە لە ئاژەڵەوە دەستپێبکات، چونکە تا تەندروستی ئاژەڵان و باڵندەکان پارێزراو نەبێت، تەندروستی مرۆڤ پارێزراو نابێت، بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان :
1- هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتی هەبێت لەپێناو داڕشتنی پڕۆژەیەکی درێژخایەن بۆ کەمکردنەوەی ترسناکی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان لەسەر دانیشتوانی سەرزەمین، ئەمەش دەکرێت بەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە تەندروستی ئاژەڵ و مرۆڤ و خۆراک زیاتر هاوکار و هەماهەنگ بن وەکو رێکخراوی تەندروستی جیهان WHO و رێکخراوی جیهانی بۆ تەندروستی ئاژەڵان OIE و رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی FAO.
2- دامەزراندنی ناوەندی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان بە مەبەستی بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییانەی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بوونیان هەیە.
3- لە وەزارەتی پەروەردە بابەتی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان بخرێتە پڕۆگرامی خوێندنەوە لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندندا بە مەبەستی ئاشنابوونی خوێندکاران بە زانیاری پێویست و دروست.
4- پێکهێنانی چەند لیژنەیەک لە پزیشکان و کارمەندان لە دامودەزگاکانی ڤێتێرنەری و تەندروستی بۆ سەردانی گوندنشینان لە گوندەکان بۆ روونکردنەوەی رێگەکانی گواستنەوەی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان و ترسناکییان لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە، چونکە گوندنشینان زیاتر پەیوەندییان بە ئاژەڵ و باڵندەوە هەیە.
5- بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری زانستی لەبارەی ترسناکی نەخۆشییە مرۆڤ ئاژەڵییەکان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە بەشێوەیەکی سادە و ساکار لەڕێی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە.
6- بەخێوکەرانی ئاژەڵ و باڵندە جۆربەجۆرەکان لە شارەکان و گوندەکاندا پێویستە بە بەردەوامی پەیوەندی بکەن بە کلینیکەکانی پزیشکی ڤێتێرنەری و نەخۆشخانەکانی ڤێتێرنەری بۆ وەرگرتنی زانیاری پێویست دەربارەی چۆنیەتی بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندەکان و هەروەها چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە نەخۆشەکاندا.
7- قەڵاچۆکردنی گوێزەرەوە بایۆلۆژییەکان لە مێش و مێشوولە و گەنە و ئەسپێ ..هتد بەتایبەتی لە وەرزەکانی هاوین و بەهار و پایزدا.
8- رێگە نەدرێت هیچ جۆرە ئاژەڵێک یان باڵندەیەک لە سنوورەکانەوە بهێنرێتە کوردستان بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە پێشتر نەخۆشی تیایدا تەشەنەی کردووە.
9- لەسەر شارەوانییەکان پێویستە رووبەری سەوزایی لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان زیادبکرێت و بە یاسا رێگە نەدرێت هیچ دارستانێک و رەز و باخێک لەناو ببرێت.
* راگری کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری زانکۆی سلێمانی.
سەرچاوەکان :
1- world zoonoses day 2023, date, theme, significance and history, Komal Jain 2023.
2- الامراض المشترکة بین الانسان و الحیوان.د.جلیلة مصطفی خلیل.
3- نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان د.فەرەیدون عەبدولستار. 2021 سلێمانی چاپی سێیەم.
4- سیمیناری داهێنەری کورد لە سوید بەڕێز دکتۆر ئازاد نەجار لە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی رێکەوتی 16/2/2021.
5- مێژووی پیشەیی پزیشکی ڤێتێرنەری، چاپی دووەم پڕۆفیسۆر د.فەرەیدون عەبدولستار، 2023.
ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەکی مرۆڤ ئاژەڵییە
باڵندەیەکی توشبوو بە نیوکاسڵ کە نەخۆشییەکی مرۆڤ ئاژەڵییە