ئاشکرایە تێکچوونی ئارامی و سەقامگیری هەرشارێک کاریگەری لەسەر تەواوی شارەکانی تری وڵات دەبێت و کارادانەوەی جیاوازی لایەنە سیاسییەکانی لێدەکەوێتەوە، جگەلەوانەش رێگا بۆ هەندێک وڵاتی جیهان و ئەجندای دەرەکی خۆش دەکات بەجۆرێک لە جۆرەکان دەستێوەردان لەو شارە بکەن و کێشەکان قووڵتر بکەنەوە.
ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا بینیمان لە شاری کەرکوک کە شاری پێکەوەژیانی نەتەوەو ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانە، هەروەک سەرۆک مام جەلال کەرکوکی بە چەپکە گوڵەکە وەسفی کردووە، پێویستە بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە تێکچوونی بارودۆخی شارێکی وەک کەرکوک پێکدادانی بەشێک لە پێکهاتەکانی لێدەکەوەێتەوە، بەتایبەتی لەم بارودۆخە بەشێک لەلایەنە سیاسی و سەربازییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەجندای خۆیان، هەوڵی بەکارهێنانی خەڵک و لایەنگری خۆیان دەدەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێینن.
پیلان و هەوڵی لەو جۆرە جگەلە زیان گەیاندن بە خەڵکی کەرکوک و نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکان و شەهیدبوونی رۆڵەکانی هیچ ئەنجامێکی نابێت، بەڵکو پێویستە بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و پاراستی ئارامی بۆ شارەکە کێشەکان بەئاشتی و لەسەر بنەمای پێکەوەژیان چارەسەر بکرێت، هەروەک چۆن لە دەستوری عیراق و لەمادەی 140 رێگەچارەی بۆ کەرکوک و تەواوی ناوچە دابڕاوەکان داناوە، پێویستە کار بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ئەو مادەیە بکرێت و شارەکە دوور بخرێتەوە لە ململانێی و بەکارهێنانی هەست و سۆزی خەڵکەکەی لەپێناوی بەدەستهێنانی دەستکەوتی حزبی.
هەر لەبارەی کەرکوک و ئەو بارودۆخەی لەماوەی رابردوو بەسەری هات پێویستە حکومەتی عیراقی فیدراڵ رێگای راست و دروست بگرێتەبەرو بەیەکسانی سەیری پێکهاتەکان بکات، چونکە تێکچوونی ئارامی و سەقامگیری شارێکی وەک کەرکوک، دەبێتە هۆی تێکچوونی پێکەوەژیان لەو شارەو نائارامی لەتەواوی وڵات، بۆیە پێویستە رێگا لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو جۆرە بگیرێت و پێکهاتەیەک بەسەر پێکهاتەیەکی تردا فەرز نەکرێت کە ئەنجامێکی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە.
لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە