لەگەڵ هەموو ئەو کێشە ژینگەییانەی رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، بە تایبەتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای سەر رووی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا، مرۆڤایەتی بەدوای جێگرەوەیەکی دیکەدا بۆ بەدەستهێنانی وزە و کەمکردنەوەی بەکارهینانی نەوتدا دەگەڕێت، کە بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەرهەمهینانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا دادەنرێت.
لیسیۆم (Lithium)، كانزایەكی نەرمی زیویی سپی باوە و زۆر چالاكە، وەك توخمێك لە سروشتدا بە تەنها بەدیناکریت، بەڵكو لە شێوەی ئاوێتەدا بەردەستە و لە بەردە گڕکانییەکاندا دەردەکەوێت، تەنانەت زەریاكان و گیانەوەرانیش لیسیۆمیان تێدایە. لثیۆم یاخوود ئاڵتوونی سپی؛ لەبەر زۆریی گرنگییەکەی بە نەوتی سەدەی بیستویەک دادەنرێت، چونکە لە ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی و مۆبایلی زیرەک و پاتری و زۆر بواری دیکەی وەک پزیشکی و تەکنۆلۆجیا و سەربازییدا بەکاردەهێنرێت. ئەوەیش وایکردووە ئێستا گرنگیەکی زۆر بە لیسیۆم بدرێت، چونکە چەند وڵاتێکی کەم لە جیهاندا خاوەن یەدەگی پێویستن.
بە پلەی چوارم دێت
دۆزینەوەی بەردی لیسیۆم لە ئێران، بۆ یەکەمجار بە 8.5 ملیۆن تۆن مەزەندە کرا، کە بە بەپێی سەرچاوەکانی راگەیاندنی ئێران لە دوو کانی سەرەکییەوە سەرچاوەی گرتووە، رووبەری کانەکانیش شەش کیلۆمەتر دووجایە. ئێران لە ریزبەندی جیهانیدا پلەی چوارەم لە یەدەکی لیسیۆم پێکدەهینێت. ئەویش لە پاش هەریەک لە بۆلیڤیا، کە کۆی یەدەگی گشتی خەمڵێنراوی بە 21 ملیۆن تۆنە، پاشان ئەرجەنتین دێت کە خاوەنی 19 ملیۆن تۆن لیسیۆمە و یەدەکی لیسیۆمی چیللیش بە 11 ملیۆن تۆن مەزەندە کراوە. بەپێی دەزگای روپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکا ساڵی 2022 کۆی گشتی لیسیۆم لە گشت جیهاندا بریتییبووە لە 89 ملیۆن تۆن کە جگە لەو وڵاتانەی سەرەوە چەند وڵاتێکی دیکەی وەک ئوسترالیا، ئەمەریکا، چین و ئەفغانستان دەگرێتەوە. ئێستا چین بە گەورەترین بەکارهێنەری لیسیۆم لە جیهاندا دادەنرێت، کە جگە لە بەرهەمی ناوخۆی پشت بە وڵاتانی وەک ئوسترالیا، ئەرجەنتین، بەرازیل، زیمبابۆی و کەنەدا دەبەستێت بۆ هاوردەکرنی لیسیۆم بە رێژەی %70 بۆ %74 ئەوەی دیکەشی بە بەرهەمی ناوخۆیی پڕی دەکاتەوە.
شوێنگرەوەی ئوسترالیا
دۆزینەوەی لیسیۆم لە ئێران لەم کاتەدا، گرنگییەکی زۆری لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە و پاشانیش وەک وڵاتێکی ئاسیایی بۆ چین گرنگی دەبێت و دەکرێت بێتە شوێنگرەوەی ئوسترالیا کە پەکین وەک یەکەم وڵات بۆ هاوردەکرنی لیسیۆم پشتی پێدەبەستێت. خۆ ئەگەر ئێرانیش بچێتە نێو ئەو رکابەرییەی کە ئێستا لە نێوان ئەمەریکا و چیندا هەیە، ئەوا پێشبینی کێشەی سیاسیی زیاتر لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکرێت. لەبەر زۆر بەکارهێنانی لیسیۆم لە بوارەکانی دیکەی سەربازیی، ناوەکیی، بۆشایی ئاسمان، پزیشکیی و تەکنۆلۆژیا نوێکان، ئەم کانزایە خواستی زۆری لەسەردروستبووە و نرخی لە بازارە جیهانییەکاندا زۆر بەرزبوەتەوە و هەنووکە لە چەند وڵاتێکی دیاریکراودا بەردەستە. هەروەک ئاماژە بەوە کراوە کە تا ساڵی 2022 ئوسترالیا بە یەکەم وڵات لە بەرهەمهێنانی لیسیۆم لە جیهاندا دانراوە کە رێژەکەی یەکسانە بە %46.9ی کۆی بەرهەمی ئەم کانزایە لە جیهاندا. لە رووی ژینگەییەوە، وڵاتان بە گشتیی لە ژێر گوشاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازەکانی بەرگەهەوادان کە بە گازەکانی خانەی سەوز
(Green house gases) ناودەبرێن و بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە چڕییان زیادیکردوە و بوونەتە هۆی ئەستووربوونی بەرگەهەواو گلدانەوەی زیاتری گەرمی، بە تایبەتیش گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە سووتاندنی نەوت سەرچاوە سەرەکییەکەیەتی و لە زۆربەی کارگەکان و ئۆتۆمبێلەکاندا وەک سوتەمەنی بەکاردەهێنرێت.
بوارەکانی بەکارهێنان
هەربۆیە دەبێت پشت بە سەرچاوەیەکی دیکەی وزە نوێکان ببەستن وەک وزەی خۆر، وزەی با، وزەی ئاو و بایۆ ماس و جیۆسێرمەڵ کە کاریگەریی نەرێنیان لەسەر ژینگە کەمترە. هاوکات لیسیۆم لە ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی و شەحنی کەرەستە کارەباییەکان و شاشەی مۆبایل و پاتری و وزەی خۆر (PV)دا بەکاردەهینرێت. بەوەش بەرهەمهێنانی (CO2) کەمدەبێتەوە و دەکرێت ببێتە رێگەچارەیەک بۆ بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای سەر رووی زەوی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەرهەمهێنانی لیسیۆم لە ئێران بێکێشە نییە و دیارترین کێشەکانیش ئەمانەی خوارەوەن:
1- لە رووی تەکنیکییەوە
ئەوە روونە کە لیسیۆم بە تەنها بەردەست نییە و لەگەڵ کۆمەڵێک پێکهاتە یان ئاوێتەی کیمیاویی تردا تیکەڵە و جیاکردنەوەو بەرهەمهێنانی، پێویستی بە توانایەکی بەرزی تەکنۆلۆژیا هەیە، کە ئێستا بەهۆی گەمارۆی ئابوورییەوە کە خراوەتە سەری، ئێران ناتوانێت سوودی تەواو لە وڵاتانی خۆرئاوا ببینێت، بەڵام دەکرێت بگاتە رێکەوتنێکی ستراتیجی لەگەڵ چین و بەرهەمەکانی بەو بفرۆشێت و ببێتە شوێنگرەوەی ئوسترالیا، کە ئێستا چین بۆ هاوردەکردنی لیسیۆم بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی پێدەبەستێت، لە کاتێکدا ئوسترالیا بە یەکێک لە وڵاتە نزیکەکانی ئەمریکا دادەنرێت و داوای لیکراوە کە رێژەی هەناردەی ئەم کانزایە بۆ چین کەم بکاتەوە وەک گوشارێک بۆ سەر پەکین. هەرچەندە هەندێک لە شارەزایانی ئێرانی پێیانوایە ئەرکی دەرهێنان و جیاکردنەوەی لە توانای ئێرانییەکان خۆیاندا بێت و تا ساڵی 2026 خۆیان بتوانن ئەم کارە بکەن.
2- لە رووی سیاسییەوە
پێدەچێت دۆزینەوەی لیسیۆم لە ئێران کاریگەریی لەسەر رێژەی هاوردەکردنی لیسیۆم لە ئوسترالیاوە بۆ چین کەمبکاتەوە کە ئێستا بە رێژەی %95 مەزەندە دەکرێت، ئەوەش کاریگەریی ئابووریی لەسەر ئەو وڵاتە دەبێت. هەروەها کاریگەریی دەبیت لەسەر ئەو هەوڵانەی کە وڵاتانی خۆرئاوا گرتویانەتەبەر لە دژی پەکین بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی بەکارهێنانی لیسیۆم. هەربۆیە هەریەک لە ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ژاپۆن و بەریتانیا وەک دانانی سنوورێک بۆ پێشکەوتنەکانی چین لەم بوارەدا و لە ساڵی 2022دا هاوپەیمانییەکیان راگەیاند بە ناوی (هاوپەیمانیی کانزا دەگمەنە بەردەوامەکان)، بەڵام ئەم دۆزینەوە نوێییەی ئێران دەکرێت ببێتە پاڵپشتییەکی پتەو بۆ چین و هاوکاربێت لەوەی چین وەک سەرچاوەیەکی نوێ پشتی پێببەستێت.
3- لە رووی ئابوورییەوە
ئەم دۆزینەوە نوێیە، دەکرێت ببێتە هۆکاری بوژانەوەی ئابووریی ئێران و دەرفەتێک بۆ رەخساندنی هەلی زیاتری کار و راکێشانی سەرنجی وڵاتانی بەکارهێنەری لیسیۆم لە جیهاندا. هەروەها بنیاتنانی کارگەی وەبەرهێنان و دروستکراوی چینی لە ئێران. هەربۆیە بەرهەمهێنانی لیسیۆم گرنگییەکی زۆری هەیە و ئێران مەبەستیەتی ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ ساڵی 2026 بە تەنیا یان بە هاوکاریی وڵاتانی پیشکەوتوو بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەوانەیە لە کوردستانیش هەبێت
هەڵبەتە دۆزینەوەی لیسیۆم لە ئێران، بە تەنیا کاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتە نییە و دەکرێت کاریگەریشی لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستانی عیراق هەبێت، چونکە لە رووی پیکهاتەی جیۆلۆجیەوە لێک نزیکن و دەکرێ ببێتە هاندەرێک بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی لیسیۆم لە کوردستاندا، رەنگە توێژینەوەی زانستی بۆ گەڕان بە دوای لیسیۆمدا بکرێتە ئامانجی حکومەت و بە گرنگییەوە لە بابەتەکە بڕوانرێت، چونکە بە پێی ئەو چەند توێژینەوە کەمەی کە تا ئێستا کراون رێژەیەکی کەم لەم کانزایە بەدیدەکرێت ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت، ئەم کانزایە و شێوازی دەرهێنان و بەکارهێنان و فرۆشتنی پێویستی بە کنە و پشکنین و توێژینەوەی زانستیی زیاترە.
*بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
کانێکی لیسیۆم لە ناوچەی گۆڵدفێڵدز لە خۆرئاوای ئوسترالیا