زووم

ئەکتەرێکی فرە بەهرە

10:39 - 2023-09-18
رۆزا دڵشاد مەریوانی
310 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە دراماکانی ساڵی پار تەماشام کرد و لەو درامایەوە ئەستێرەی کۆریای باشوور و یەکێك لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی نەوەی نوێی شەپۆلی کەلتوری کۆری هالیو پارک بۆگوم-م  ناسی درامای  تیشكی ئەوین بوو، ئەم درامایە ساڵی 2016 بەرهەم هاتووە، خۆشبەختانە لەم رۆژانەدا بەڕێکەوت بە دۆبلاژی کوردی و بەناوی «تیشکی ئەوین» لە کەناڵی کوردسات بینیم، بەڕاستی جێگەی دەستخۆشییە لەبری دراما تورکییە ئاست نزمەکان درامای لەو جۆرە دۆبلاژی کوردی بکرێت، تا خەڵکی بە کەلتور و هەندێ بەهای بەرز ئاشنا بکرێن دژی ئەو هەموو ساڵەی دراما تورکییەکان دەیانکرد و دەیکەن بۆ سڕینەوەی بەها کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانی نێو کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتیی بەگشتی و کۆمەڵگەی کوردی بەتایبەتی.
ئەم درامایە کۆمەڵێک ئەکتەری کۆری پلە بەرز رۆڵی تێدا دەگێڕن و بە نواندنە ناوازەکەیان چێژێکی تایبەتیان داوە بە دراماکە، بێگومان لێرەدا باس لە رووداوەکانی ناکەم بەجۆرێک بۆ بینەرانی بسووتێنم، دراماکە تا بڵێی رۆمانسییە و کۆمەڵێک بەهای تایبەت بە خۆشەویستی و قوربانیدان پێشکەش دەکات، بەو پێیەی حەزم بەو جۆرە درامایانەیە لەگەڵ نواندنە جوان و کاریگەرەکەی پاڵەوانەکان چێژێکی زۆرم لێبینی، بۆیە یەکێکە لە دراما دڵخوازەکانم کە دەکرێت جاری دیکەش تەماشای بکەمەوە، هاوکات ئەو نەفەسە کۆمیدییەی لە زۆربەی دراما کۆرییەکاندا هەیە وادەکات بەچێژتر بێت، هەروەها لە زۆر گرتەی دیکەدا بینەر بۆ جێنشین و کچە پاڵەوانەکە دڵی پڕدەبێت.
لە گرتەیەکدا کچە پاڵەوانەکە باس لەوە دەکات خۆشەویستی خۆت بۆ ئەو کەسەی خۆشتدەوێت دەرببڕیت، ئەگەر بشزانیت بۆ یەک نابن، لە بەرامبەردا پارک بۆگوم دەڵێت: ئەوە خۆپەرستییە تەنیا بۆ حەوانەوەی دڵی خۆت ئەو کارە بکەیت، بەڵام کچەکە لە وەڵامدا دەڵێت: ئەگەر بوارێک هەبێت بۆ دەربڕینی خۆشەویستی بیڵێت باشترە ئەگەر سوور بشزانیت بۆ یەک نابن وەک لەوەی بێدەنگیی هەڵبژێریت، چونکە رەنگە  ئەو دەربڕینی خۆشەویستییە ئەو وزەیەت بداتێ دوای دابڕانیش بتوانیت هەموو تەمەن بەردەوام بیت لە ژیان.
پارک بۆگوم جگەلەوەی ئەکتەرە گۆرانی تۆمارکراوی هەیە و دەنگی خۆشە، نمایشکارە و باڵوێزی مارکەی جیهانی سیلین-ی فەرەنسییە بۆ جلوبەرگ، هەروەها کۆمەڵێکی باش لە فیلمی سەرکەتووی هەیە، یەکێک لە فیلمەکانی لەماوەی پێشوودا تەماشام کرد فیلمی سیبۆک ە، کە فیلمێکی خەیاڵی زانستییە، بەڵام زۆر کاریگەرە و کۆمەڵێک وانەی مرۆیی لەخۆدەگرێت کاتێک «سیبۆک» کە مرۆڤێکی نەمرە دەیسەلمێنێت ئەگەر چی لە تاقیگەدا دروستکراوە، وەک بانکێکی خوێن بۆ چاککردنەوەی نەخۆشییەکان دانراوە، بەڵام ناتوانێت بێ هیچ هەستێک بژی و مردنی پێ باشرە وەک لە ژیانێکی بێ مانا و تەنیای نێو تاقیگەیەک. 

وتارەکانی نوسەر