ئەوەی هونەرمەند یان گۆرانیبێژ زیاتر لەنێو خەڵکیدا خۆشەویست دەکات ئەوەیە لەڕێی رێزگرتن لەهونەرەکەی رێز لە جەماوەر و هەوادارانی بگرێت، واتا وەک تەنیا رێگەیەک هەژماریان نەکات بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن و دوای ئەوەی گەیشتە ناوبانگ لەبیری بکات پێش ناوبانگ کێ بووە و ئەویش مرۆڤە وەک ئەوانەی خۆشیاندەوێت و چاوەڕێی کاری جوان و چێژبەخشی لێدەکەن، رەنگە بپرسن رێزگرتن لە جەماوەر و هەواداران بە چ شێوەیەک دەکرێت یاخود واتای چییە؟ بێگومان بە چەندین رێگە و هەڵوێست ئەو رێزگرتنە دەردەکەوێت، بۆ نموونە دەرنەکەوتنی گۆرانیبێژێک لە نێو خەڵکی یان سەر پێگەکانی سۆشیال میدیا بەجۆرێک چاو و هەستی بینەر بریندار بکات وەک لاسایکردنەوەی هەندێ ترێند لەسەر تیک تۆک بەبیانووی خۆشیی و کات بەسەربردن کە لەگەڵ پێگە و تەمەنی ئەو هونەرمەندەدا نەگونجێت.
هاوکات ئاگاداربوون لە حەوانەوە و سەلامەتی جەماوەر لە ئاهەنگە میوزیکییەکاندا لەڕووی گەرما و سەرما و رێکارەکانی سەلامەتی و شوێنی دانیشتنی خەڵک، هەروەها رێکارەکانی راییکردنی کارەکانی چوونەژوورەوە بۆ کۆنسێرتە میوزکییەکان، لێرەدا نموونەی گۆرانیبێژ و نووسەری گۆرانی پۆپی بەریتانی ئێد شیران دەهێنمەوە کە لە ماوەی رابردوودا وەک بەشێک لە گەڕانە جیهانییە میوزکییەکەی بەناوی «ماتماتیکس» کاتێک گەیشتە لاس ڤێگاس لە دوا ساتەکانی دەستپێکردنی ئاهەنگەکەدا راگیرا و دواخرا بۆ کاتێکی دیکە، دوای ئەوەی ئێد شیران داوای لێبوردنی بڵاوکردەوە لە دواخستنی کۆنسێرتەکە لە ساتەکانی کۆتاییدا هۆکاری راگرتنی ئاهەنگەکەشی بۆ هەوادارانی روونکردەوە کە بەهۆی نەبوونی سەلامەتییەوە بووە لە دوو بورجی دەنگدا و ترسی ئەوە هەبووە ئەرزەکە رۆبچێت و بکەوێت بەسەر خەڵکەکەدا، ئێد شیران باسی لەوە کردبوو سەلامەتی هەوادارانی پێش هەموو شتێکە و ناتوانێت ئاهەنگێک دەستپێبکات لە سەدا سەد دڵنیا نەبێت لە سەلامەتی خەڵک و تا دوا سات هەوڵی چاککردنی ئەو کێشەیەیان داوە، بەڵام کاتێک بێ هیوا بووە لەوەی لەو ماوە کەمەدا چارەسەر بکرێت ئەو بڕیارەی داوە و بەڵێنی بە هەوادارانی داوە پارەکانیان نەفەوتێت و دەتوانن ئەو تکتە بۆ ئاهەنگی داهاتوو بەکاربێنن، کاتێک هەموو مەرجەکانی سەلامەتی لەو جێیەدا دابین دەکرێت، ئەم نموونەیە دەریدەخات جگەلەوەی ئێد شیران یەکێکە لە گۆرانیبێژە هەست بەرزەکان کە زۆربەی گۆرانییەکانی خۆی ئاواز و تێکستەکەی بۆ دادەنێت، هەروەها تێکست و ئاواز بۆ گۆرانیبێژانی دیکەش دادەنێت، هاوکات خۆی وەک مرۆڤ لەبیرنەکردووە و ناوبانگ و ئەستێرەبوون نەیکردووە بە کەسێکی لوت بەرز و لەخۆبایی، ئێد شیران نموونەی گۆرانیبێژ و هونەرمەندێکە کاری هونەری و جوان پێشکەش دەکات لە هەمانکاتدا جوانیی خۆی وەک مرۆڤ و رێزی هەوادارانی لەدەستنەداوە.