هه‌رجاره‌ی ژنێك

سوزان وجیسكی گه‌راجی ماڵه‌كه‌ی ده‌كاته‌ ئۆفیسی گوگڵ

10:10 - 2023-10-02
ماردین عه‌بدولكه‌ریم
518 خوێندراوەتەوە

له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌هه‌ر پێنج ده‌سه‌ڵاتی (یاسادانان، جێبه‌جێكردن، دادوه‌ری، رۆژنامه‌گه‌ری و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی)، رێژه‌ی ژنان له‌ پۆسته‌ هه‌ستیاره‌كاندا به‌راورد به‌ پیاوان یه‌كجار كه‌مه‌، ئه‌گه‌ر یاسای كۆتا نه‌بێت، له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانیشدا به‌ده‌گمه‌ن ژن به‌دیده‌كرێت.
به‌ده‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتی حزبی و حكومی و ناحكومیش، له‌ كه‌رتی تایبه‌تیشدا ژنه‌ بازرگان كه‌مه‌ و بواری كاركردنیان به‌باشی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ و به‌ كه‌می ژن ده‌بینیت خاوه‌ن كۆمپانیا یان خاوه‌ن پشكی كۆمپانیا بێت.
 سه‌باره‌ت به‌ بواری ته‌كنۆلۆژیا، ئه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ تاكی ‌وخۆرهه‌ڵاتییه‌وه‌ دووره‌ و بگره‌ نه‌وه‌یه‌ك هه‌ن هێشتا ناتوانن كۆمپیوته‌ریش به‌باشی به‌كاربهێنن به‌تایبه‌تی ژنان، به‌ڵام هه‌موو ئه‌م وتانه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاوایی پێچه‌وانه‌یه‌.
سوزان دیان وجیسكی، ژنه‌ بازرگانێكی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك یه‌هودییه‌ و ساڵی (1968) له‌ كالیفۆرنیا له‌دایكبووه‌، بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ ئابووریدا هه‌یه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كه‌ناڵی یوتیوب بووه‌ و هه‌ر له‌ ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ رۆڵی گرنگی له‌ پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی هه‌ریه‌ك له‌ گوگڵ و یوتیوبدا بینیووه‌.
سوزان زیاتر له‌ (20) ساڵه‌ له‌ بواری ته‌كنۆلۆژیادا كارده‌كات. له‌ سه‌ره‌تای كاركردندا وه‌ك راوێژكار له‌ هــــــه‌ردوو كۆمپانیای (Bain،Webber) كاریكردووه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ یه‌كێكه‌ له‌ كاریگه‌رترین ژنه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، به‌و پێیه‌ی كه‌ناڵی یوتیوبی سه‌ربه‌ گوگڵی به‌ڕێوه‌بردووه‌ و                                 یه‌كێكیش بووه‌ له‌ (10) یه‌كه‌مین كارمه‌نده‌كانی گوگڵ و هه‌روه‌ها له‌ یه‌كه‌م په‌یوه‌ندیی به‌ كۆمپانیای به‌ناوبانگی گوگڵ-ه‌وه‌، گه‌راجی ماڵه‌كه‌ی كردۆته‌ یه‌كه‌م ئۆفیس بۆیان، خۆشی له‌ به‌شی ریكلامدا ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كردووه‌ و رۆڵی گه‌وره‌ی له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی داهاتدا هه‌بووه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ساڵی (1999) بۆته‌ یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری ریكلام، دواتر كاركردنی له‌ زۆرێك له‌ به‌رنامه‌كاندا، له‌وانه‌ به‌رنامه‌ی به‌بازاڕكردنی ڤایرۆس و وێنه‌ی تایبه‌ت به‌ گوگڵ و سه‌رپه‌رشتی به‌شی خزمه‌تگوزاریی ڤیدیۆیی و سه‌رجه‌م خزمه‌ته‌كانی، هۆكار ده‌بن تا ببێته‌ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ریكلام و بازرگانی، له‌ ساڵی (2005)دا، كه‌ناڵی یوتیوب ده‌كه‌وێته‌ په‌خشی ڤیدیۆیی و كێبركێی توند له‌گه‌ڵ گوگڵ، به‌ڵام سوزان ئه‌م كێبڕكێیه‌ ده‌قۆزێته‌وه‌ و رۆڵی گه‌وره‌ ده‌بینی له‌ یه‌كگرتنی ئه‌و دوو كه‌ناڵه‌دا، ئه‌م یه‌كگرتنه‌ به‌ گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی گوگڵ داده‌نرێت له‌سه‌ر ده‌ستی ژنه‌ بازرگانی جیهانی سوزان وجیسكی.
 به‌و شێوه‌یه‌ له‌ ساڵی (2006)دا كۆمپانیای گوگڵ به‌بڕی (10.65) ملیار دۆلار كۆمپانیای یوتوب ده‌كڕێته‌وه‌، سوزان به‌مه‌وه‌ ناوه‌ستێت و دووه‌م گرنگرتین ده‌ستكه‌وت بۆ گوگڵ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌ویش كڕینه‌وه‌ی پێگه‌ی (Double click)ه‌ به‌ بڕی (3.1) ملیار دۆلار.
 له‌ ساڵی (2014)دا سوزان ده‌كرێته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری یوتوب و سه‌رپه‌رشتیی ئه‌و پڕۆگرامانه‌ی ده‌كرد كه‌ پێكهاتبوون له‌ خزمه‌تگوزاریی بۆ ئه‌وانه‌ی گرنگی به‌ وه‌رزش و خێزان و میوزیك ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتی خزمه‌تگوزاریی 
(YouTube Preium) ده‌كرد.
له‌ راپرسی ساڵی (2018)دا، له‌ پله‌به‌ندیی ده‌یه‌مین ژندا بووه‌، له‌لیستی (100) كاریگه‌رترین ژن له‌سه‌ر ئاستی جیهان كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ گۆڤاری 
(Fortune Women).
له‌باره‌ی مافی ژنانه‌وه‌، سوزان به‌شداریی كارای له‌ داواكردنی یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاودا هه‌یه‌ و له‌ماوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنه‌كه‌یدا له‌ كه‌ناڵی یوتیوب رێژه‌ی ژنانی له‌ (24 – 30 %) به‌رزكرده‌وه‌، هاوكات یه‌كێكه‌ له‌ داواكارانی درێژكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی دایكایه‌تی به‌ مووچه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ كاری خێرخوازی، سوزان رۆڵی گرنگی هه‌بووه‌ له‌ یارمه‌تیدانی ره‌وه‌ندی بیانی به‌تایبه‌تیش ره‌وه‌ندی سوریا.  
دوای (9) ساڵ له‌ كاركردن له‌ یوتوب، سوزان بڕیار ده‌دات ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌یه‌وێت فۆكه‌س بخاته‌ سه‌ر ته‌ندروستیی خۆی و خێزانه‌كه‌ی و كاره‌ بازرگانییه‌ تایبه‌ته‌كانی.
دایك و باوكی سوزان مامۆستان و دوو خوشكی هه‌یه‌، خوشكێكی زانای بواری ژینگه‌ و زانستی مرۆییه‌، ئه‌وی تریش به‌ڵێنده‌ره‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای
 (23 amd me) یه‌.
سوزان له‌ ساڵی (1998) شوو ده‌كات و (5) منداڵی هه‌یه‌، له‌كاتێكدا له‌ زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كاندا واباوه‌، كه‌ ژنان دوای منداڵبوون، ده‌ستبه‌رداری كاره‌كانیان ده‌بن، به‌ڵام سوزان له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: «منداڵه‌كانم هێز و توانام بۆ كاركردن پێده‌به‌خشن».                                                                     ئه‌م خانمه‌ نازناوی گرنگرتین كه‌سایه‌تیی بواری ریكلامی پێبه‌خشراوه‌ و ئێستاش یه‌كێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین كه‌سایه‌تییه‌كانی جیهان و سامانه‌كه‌ی به‌ (8.1) ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت. 


سوزان  وجیسكی


وتارەکانی نوسەر