حکومەت حەلی دەکات

10:06 - 2023-10-23
هاژە باست
284 خوێندراوەتەوە

دەڵێن حکومەت قەراری داو هاووڵاتیانی کۆکردەوە و گوێ بۆ کێشەکانیان دەگرێت، (بەس لەبیری مەکەن راستییەکان لە کۆتایدایە).
ئەمە هەواڵێکی خۆشە، من هەر دەموت حکومەت باشە و رۆژێک لە رۆژان دێتەوە بەرەی گەل، دەی ئەمە رۆژەکە بوو، ئێ تەواو، رۆژ دیاری کراو کۆبوونەوە دەستیپێکرد و فەرشی سوور تەنها بۆ هاووڵاتیان راخرابوو، بەرپرسان بۆیان نەبوو بەسەریدا بڕۆن! لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، هیچ بەرپرسێک وتاری نەخوێندەوە و کەس بە شان و باڵی حکومەتدا هەڵینەدا!
هەر لە سەرەتاوە دیار بوو، ئەنجامێکی باشی دەبێت، دیار بوو ئەمجارە کارەکان بەپێی ویستی هاووڵاتیان دەڕوات، دەستکرا بەگوێگرتن لە داواکارییەکان و یەکەم کێشە مووچە و دواکەوتنەکەی بوو کە چەندین ساڵە بەدەستییەوە دەناڵێنین، دواتر نەوت و هەلی کار و کارەبا و بەنزین و شوێنی نیشتەجێبون و چەندین شتی تر...
تا ئێرە تەنها میللەت قسەی دەکرد و بەرپرسەکان گوێیان دەگرت، سەرۆکی حکومەت قەرار بوو وەڵامی داواکارییەکان بداتەوە و ئەوەی دەمانەوێت جێبەجێی بکات. 
وتەکانی سەرۆک دەستیپێکرد و وتی: «ئێمە چەندین ساڵە خۆڵ بەرچاوی گرتوین و ئەوەی ئێوە دەیچێژن ئێمە نایبینین، خۆمان بە شەرمەزار دەزانین و لەئاستی ئێوە سەرمان بۆ بەرز ناکرێتەوە، بەڵام بەڵێن دەدەین هەرچی لە دەستمانچووە بۆتان قەرەبوو بکەینەوە».
ئەگەر دەتانبینی ئەو خەڵکە چەندە خۆشحاڵ بوون و دەیانوت حکومەت حەلی دەکات، ئێ دواتر وتەکانی سەرۆک بەردەوام بوون و وتی: «کێشەی مووچە لە سەردەمی فیرعەونەوە هەبووە و بە ئێمە چارەسەر ناکرێت، نەوت و بەنزین، بەس دەتوانین بۆ خۆمان و دارودەستەکەمانی دابین بکەین، هەلی کار کاری ئێمە نییە و پێویستە گەنجان پشت بە کەس نەبەستن، نیشتەجێبوونیش عەرزی خوا زۆرە»؟!
مەگەر لە سەرەتاوە نەموت راستییەکان لە کۆتایدایە، باسی سۆماڵ دەکەم، بە هەرێمی کوردستان تێنەگەن.

وتارەکانی نوسەر