مەریوان مەسعود
(27)
هونه‌ری به‌رز هه‌رده‌م به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه ئه‌و كه‌سه‌ی هونه‌ره‌كه پێشكه‌ش ده‌كات، به‌رهه‌می زۆر بێت یان له‌ژیاندا نه‌مابێت، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده چی پێشكه‌ش ده‌كات كه حیسابی بۆ هه‌موو لایه‌نێكی هونه‌ره‌كه‌ی كردبێت، چونكه گومان له‌وه‌دا نییه، مرۆڤ چۆن له ناخی خۆی هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه‌كانی خۆی ده‌زانێت، ئاوهاش هونه‌رمه‌ند ده‌زانێت ئه‌وه‌ی پێشكه‌شی ده‌كات، به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه یان هه‌ر چه‌ند رۆژێك گوێی لێ ده‌گیرێت و كۆتایی پێدێت، بۆیه هه‌میشه ئه‌و ده‌نگ و سه‌دا نه‌مرانه له یاد و یاده‌وه‌رییمان ده‌مێننه‌وه، كه هونه‌ری به‌رزیان تێدایه و كار بۆ نه‌مریی هونه‌ر ده‌كه‌ن، نه‌ك زۆری به‌رهه‌م و بێ ئاستی هونه‌ر.
به‌و پێیه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنیانه ته‌ماشا ده‌كه‌م، كه هونه‌ریین، به‌تایبه‌ت هونه‌ری گۆرانی و میوزیك، بۆیه یه‌كێك له‌و به‌رنامانه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆره موتابه‌عه‌ی ده‌كه‌م و زۆربه‌ی ئه‌ڵقه‌كانیم بینیوه و به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر چێژم لێبینیوه، به‌رنامه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند لوقمان سه‌لیم-ه به‌ناوی شنه‌ی ئاواز، له‌م ماوه‌یه‌دا هونه‌رمه‌ندی دێرین و نازدار (به‌رزان سه‌یدا)ی داوه‌تكردبوو، هه‌رچه‌نده ئه‌م هونه‌رمه‌نده به هۆی دووره وڵاتی و به‌رهه‌می كه‌مییه‌وه كه‌م ناوی ده‌هێنرێت، به‌ڵام ئه‌و كاتێك گۆرانییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك و ماملێ-ی به شێوازی خۆی ده‌وته‌وه، هه‌میشه چێژی به‌گۆرانییه‌كان ده‌به‌خشی و خۆشی ده‌مێكه هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌یه و ته‌نانه‌ت گۆرانی تۆماركراوی به ڤیدیۆی (ره‌ش و سپی)یش له سلێمانی هه‌یه، بۆیه ئه‌م هونه‌رمه‌نده هه‌م ده‌نگه‌كه‌ی و هه‌م سۆزی پشت ئاواز و شێوازی گۆكردنی گۆرانییه‌كانی نه‌مرن و بۆ هه‌میشه له‌و ده‌نگانه‌یه كه به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه.
له به‌رنامه‌كه‌دا، به‌رزان سه‌یدا، چه‌ند گۆرانییه‌كی فۆلكۆری كوردی له‌گه‌ڵ تیپێكی شاره‌زای میوزیك وته‌وه، كه بە ڕاستی شایانی ئه‌وه‌یه هه‌مووتان له‌یوتوب سێرچی بۆ بكه‌ن و گوێی لێبگرنه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌نگێكی ره‌سه‌نی هه‌یه و یه‌كێكه له‌و ده‌نگانه‌ی زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌كی نه‌مر ده‌ڵێته‌وه، به‌ڵام به راستی هه‌ق به گۆرانییه‌كان ده‌دات و به دڵ ده‌یانچڕێت و دڵنیام ئه‌گه‌ر زیره‌ك ئێستا خۆی له ژیاندا بوایه سوپاسی ئه‌و ده‌نگه‌ی ده‌كرد، كه پڕه له سۆز و یاده‌وه‌ری چونكه ئه‌و كاتێك (دیل و ئه‌سیری دوو چاوی كاڵی تۆ)ی زیره‌ك ده‌ڵێته‌وه، ئه‌وه‌نده تێكه‌ڵاوی گۆرانییه‌كه بووه، ئه‌گه‌ر تۆ پێشتر گوێگری زیره‌ك نه‌بووبیت، وا ده‌زانیت ئه‌م گۆرانییه یه‌كه‌مجار هی به‌رزان سه‌یدا بووه، نه‌ك هی خه‌ڵكی تر!.
ئه‌م گۆرانیبێژه، ئه‌گه‌رچی وه‌كو ئاماژه‌م پێكرد، به به‌راورد به ته‌مه‌نی خۆی، به‌رهه‌می ئێجگار كه‌مه، به‌ڵام دیاره ئه‌و ره‌چاوی ئه‌و خاڵه جه‌وهه‌رییه‌ی كردووه، كه ده‌بێت هونه‌ر به‌رز بێت، ئینجا پێشكه‌ش بكرێت و هونه‌ر له پێناوی هونه‌ر بێت، نه‌ك ته‌نیا بۆ به‌رهه‌م زۆری و بۆری !.