بڕیارەكانی یەكێتی لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی

10:42 - 2023-10-30
ماردین عه‌بدولكه‌ریم
519 خوێندراوەتەوە

              
رۆژ لە دوای رۆژ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە جەستەی شەكەت و ماندووی خۆیدا دەچێتەوە تا ئەو برینانە سارێژ بكات كە زۆربەیان بەهۆی لەدەستدانی كتوپری رەوانشاد مام جەلال-ەوە دروستبوون. 
بەستنی پێنجەمین كۆنگرە گەورەترین نەشتەرگەری بوو كە یەكێتی لەجەستەی خۆیدا کردی و لەیەكەمین هەنگاویشدا، لەدووتوێی (10) بەش و(68)مادەدا، سەرجەم بڕگە و مادەكانی پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە و پاش گفتوگۆی تێروتەسەل پەسەندكران كە دواتر لەو رێیەوە گۆڕانكاریی لە ئەنجومەنەكاندا كرد و ئەنجومەنێكی نوێشی بەناوی ئەنجومەنی پشیوانی دامەزراند.
لەمانەش گرنگتر، پەیڕەوی نوێ‌ بڕیاریدا ئاراستەی بڕیارەكانی یەكێتی لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی بگۆڕێ‌.       ئەوەی لەم وتارەدا دەمەوێ‌ ئاماژەی پێبكەم دوو بابەتە، یەكەم هەمیشە لەگەڵ وشەی پەیڕەو وشەی پڕۆگرام دێت، هەرچەندە دڵنیام كە یەكێتی بەدرێژایی تەمەنی خۆی خاوەنی باشترین پڕۆگرام بووە بۆ خزمەتی جەماوەرەكەی، بەڵام لە دوا كۆنگرەدا هاوشانی پەیڕەو، گرنگیی بە پڕۆگرام نەدراو نەهێنرایە بەرباس، لەكاتێكدا ئەوەی پردی پەیوەندیی نێوان حزب و جەماوەرەكەیەتی پڕۆگرامە نەك پەیڕەو،    لە راستیدا لە هەموو رێكخراوێكدا، پەیڕەوی ناوخۆ گرنگیی خۆی هەیە و رێكخراوە و پاش ئەوەی لەلایەن زۆرینەی ئەندامەكانەوە دەنگی پێدەدرێت، دەبێتە سیستم و لەرێگەیەوە كاروباری ناوخۆیی ئەو رێكخراوە یان ئەو حزبە بەڕێوەدەبات و ئەرك و مافی ئەندامانی و پەیوەندییەكانیان بەرامبەر بە یەكتر و لایەگرانیان و خودی پارتەكەش دیاریدەكات.

پڕۆگرام وەک پەیڕەو گرنگە
سەبارەت بە پڕۆگرامیش، بەوپێیەی هەموو قۆناغێكی ژیان هەلومەرج و تایبەتمەندی خۆی هەیە، كەواتە پێویستمان بە پڕۆگرامی تۆكمە و نوێ‌ هەیە، كە لە رێگەیەوە بتوانرێ‌ هەم دەستكەوتەكان بپارێزرێن هەم دەسكەوتی نوێ‌ دەستەبەر بكرێت.
بێگومان بەستنی پێنجەمین کۆنگرە، بەهۆی پێشهاتی دوو هەڵبژاردنەوە وەك هەموان ئاماژەیان پێدا، لە هەلومەرجێكی هەستیاردا بوو، هاوكات شارەزایانی بواری هەڵبژاردنیش پێیانوایە كۆتایی هەر هەڵبژاردنێک‌ سەرەتا و دەستپێكی هەڵبژاردنێكی ترە، كەواتە بە كۆتاییهاتنی هەردوو هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان و پەرلەمانی كوردستان كە هێشتا نەکراون، ساتی نزیكبوونەوە دەبێت لەوادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەو وتەی شارەزایان پشتڕاستدەكاتەوە و وەك سووڕی ژیان دووبارە و چەند بارە هەڵبژاردن هەڵبژاردنێكی دی بەدوای خۆیدا دێنێت. 
هەربۆیە گرنگیی بوونی پڕۆگرامێكی تۆكمەی هەمەلایەنە بەپێی پێداویستی رۆژگار، نەخشە رێگایە و لە رێیەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جیهانبینیی خۆی لەبارەی پەیوەندییە نێوخۆیی و كوردستانی و عیراقی و ئیقلیمی و جیهان،  بەتایبەتی لەسەروبەندی هەڵبژارداندا دەخاتەڕوو.

سەرۆک بە راشکاوی دەڵێت
هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جیا لە هەر سەرۆك حزبێكی تر بە روونی و راشكاوی لە لێدوانەكانیدا دەڵێت: خەڵك ناهەقی نییە لێمان بێزارن و دەنگمان پێنادەن. 
ئەو باوەڕی وایە كە دەبێ‌ حزب وەسیلە بێت بە ئاڕاستەی جێبەجێكردنی پڕۆگرامێكی زیندوو. 

 هەروەها دەڵێت: نەخشە رێگای نوێی یەكێتی دەبێت خۆی لە تەواوكردنی (رێبازەكەی مام)دا ببینێتەوە لە خزمەتكردنی سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە دەستپێكی خانووەقوڕەكان   

هەروەها ئازادی و ئازادی رادەربڕین و دابینكردنی ئاسایش و پاراستنی ژیان و ماڵی هاووڵاتییان و پشتگیریكردن لە ژنان و خزمەتكردنی گەنجان و سەیركردنیان وەك سامانی نیشتمانی و دابینكردنی هەلی كار و هەوڵدان بۆ پەروەردەكردنی چینی بەهرەداری نەتەوەكەمان تا لە داهاتوودا وڵاتیان رادەستبكرێت.                                                                                                                        لەگەڵ ئەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەرچوار گۆنگرەكەی تر خاوەنی پڕۆگرامی زیندوو بووە و ئامانجە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی تێدا جێ كردۆتەوە و هەمیشە و بۆ هەر داهێنانێك حزبی دایك بووە، بەڵام ئاسۆیی بوون لە بڕیار دوای لەدەستدانی سەرۆک مام جەلال هۆكاربوو بۆ پەرتبوونی زۆربەی هەوڵەكان و بە ئاكام نەگەیاندنی پڕۆگرامی یەكێتی، ئەم دیاردەیەش هەم بەكردەوە و هەم لە لێدوان و چاوپێكەوتن لە تیڤییەكان و سۆشیال میدیادا بە ئاشكرا دەبینرا كە هەر سەركردەیەك بە ویستی خۆی دەربارەی یەكێتی لێدوانی دژ بەیەك و دژ بەیەكێتییان دەدا و هیچ وابەستەبوونێك بە پەیڕەو و پڕۆگرامی یەكێتییەوە نەمابوو، ئەمەش ئەندامان و لایەنگران و جەماوەری یەكێتی نیگەران و بێزار كردبوو كە هەر ئەوانیش تا ئەمڕۆ لەپێناوی مام پارێزەری یەكێتییەكەی مام بوون وەك وەفایەك بۆ گەورەیی و بەخشندەییەكانی.   

دووەم گرنگترین خاڵیش ئەوەیە كە دوای بەستنی پێنجەمین كۆنگرە و گۆڕینی ئاڕاستەی بڕیارەكان لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی و رێكخستنەوەی سەرلەنوێی ئەركەكان، كاتی ئەوەیە رۆڵەكان پێچەوانە بێتەوە و هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی تەنیا پارێزەری یەكێتی نەبێت، بەڵكو دەبێت پارێزەری جەماوەرە ماندووەكەی یەكێتی بێت، ئەمەش لە رێگەی جێبەجێكردنی پڕۆگرامی نوێوە‌ كە هەنگاو بەرەو ئامانجی نوێ‌ هەڵبگرێ‌ و ئەوەی دەستی پێكردووە لە داكۆكی لە گەنجان و ژنان و خوێندكاران و كاسبكاران ...هتد بكاتە ئەمری واقیع، كە دواتر هەر لە رێگەی ئەم جەماوەرەوەیە یەكێتی جارێكی تر دەگاتەوە لووتكە و ئەوكات هەموان بەسەربەرزییەوە سەردانی مەزاریی مام دەكەین و دەڵێین یەكێتیی نیشتمانیی ئاواتی هەموومانی.

 

 

گەنجان کەرەستەی خاوی پایەکانی یەکێتین

وتارەکانی نوسەر