زووم

ئەستێرە ژینگە دۆستەکان

11:04 - 2023-10-30
رۆزا دڵشاد مەریوانی
263 خوێندراوەتەوە

زۆرجار ئەوەندەی سەرنج دەخرێتە سەر پڕوپاگەندە و رەفتارە نەشیاوەکانی ئەستێرەکان، ئەو ئەستێرانە لەبیر دەکرێن کە مرۆڤدۆست و ژینگەدۆست و خێرخوازن و هونەر و ناوبانگیان بەکاردێنن بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامێکی بەرز و دروستکردنی گۆڕانکاری و چاکردنی جیهان بەگشتی و کۆمەڵگەکانیان بەتایبەتی، یەکێکیش لەو مەسەلانەی ئێستا زۆر گرنگە بابەتی پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی پیسبوون و ئاستی گازی ژەهراوی و چەندانی دیکەیە، بۆیە لەپێش هەموویانەوە باس لە ئەستێرەی ئەمریکی و خاوەن خەڵاتی ئۆسکار میریڵ ستریب دەکەم، بەهۆی ئەوەی لە ریزی پێشەوەی ئەو ئەستێرانەیە کە پارێزگاری لە ژینگە دەکات و بە چالاکوانی «سەوز» ناودەبرێت، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووە وە لەو بوارەدا کاردەکات و دامەزرێنەری رێکخراوی « Mothers and Others- دایکان و ئەوانی تر»ە، ئەو رێکخراوە پاڵپشتی چاندنی سروشتی بێ مادەی کیمیایی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەکات لە بابەتی خۆراکی ژینگە دۆستدا..هتد.
دوای ئەو ئەستێرەیە بێگومان لیۆناردۆ دیکاپریۆ دێت کە یەکێکە لەوانەی زۆر دڵسۆزانە بەرگری لە ژینگە دەکات و دەزگایەکی تایبەتی بە ناوی خۆیەوە هەیە، کار لەسەر ئەو مەسەلانە دەکات لە ژینگەدا جێی مەترسین، لەگەڵ پاراستنی ژیانی ئەو گیانلەبەرانەی مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، بۆ ئەو مەسەلەیەش دۆکیومێنتارییەکی هەیە بە ناوی 11 سەعات باس لە گەرمبوونی جیهان و دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرما دەکات، خۆی بەشداری لە نووسین و بەرهەمهێنانیدا کردووە، یەکێکە لە پڕۆژە سەرکەوتووەکان کە داهاتەکەی بۆ مەسەلەی خێرخوازی ژینگەیی خەرجکراوە، لەگەڵ چەندان کاری خێرخوازیی مرۆیی دیکە رێکخراوەکەی لە کاتی کارەساتەکاندا پێشکەشی لێقەوماوانی دەکات.
جگە لەوانە چەندین ئەستێرەی دیکە لەو بوارەدا کاری خێرخوازی دەکەن نموونەکانی بین ئەفلیک لە بواری بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەبارەی پیسبوونی ژینگە و پاراستنی ژینگە و ریسایکلین و بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی هاوڕێی ژینگەن..هتد، هاوکات خواکین ڤینێکس-ی خاوەن خەڵاتی ئۆسکار لە رۆڵی جۆکەردا بەوە ناسراوە چالاکوانێکی سەرسەختی مەسەلە ژینگەییەکانە و بانگەشەی تەندروستی رووەکیی دەکات وەک یەکێک لە رێگەکان بۆ کەمکردنەوەی فشاری مرۆڤ لەسەر ژینگە و پارێزەری مافی ئاژەڵانیشە.
ئەمانە و زۆری تر بەداخەوە لەم گۆشەیەدا جێیان نابێتەوە، پێمان دەڵێن هونەر تەنیا ناوبانگ و خۆدەرخستن نییە، بەڵکو پەیام و مانایەکی زۆر گەورەتری هەیە و دەکرێت وەک هەر پیشەیەکی دیکە لەڕێیەوە خزمەت بە مرۆڤایەتی بکەیت و بیکەیتە مینبەرێکی کاریگەر و بەسوود بۆ ئەوانی دیکە، واتا نەک تەنیا لە رێی فیلم و بەرهەمە هونەرییەکانەوە ناوت بە نەمریی بمێنێتەوە، بەڵکو لەڕێی کارە خێرخوازییەکانیشەوە وەک مرۆڤێک هەست بەوانی دیکە بکەیت و یارمەتیان بدەیت.

وتارەکانی نوسەر