سلێمانی بەڕەنگی خۆی!

10:32 - 2023-11-15
عەتا مەحمود
216 خوێندراوەتەوە

سلێمانی لە مێژوودا، لانکەی شۆڕش و قوربانیدان و دڵی زیندووی کوردایەتی بووە، لە بوارەکانی: خوێندن و زانست، رۆژنامەگەری، ئەدەب، هونەر، وەرزشدا، شارێکی زیندوو و داهێنەر و خاوەن تایبەتمەندێتی خۆی بووە، ئێستا ئەم شارە پایتەختی رۆشنبیرییە و بە شاری ئەدەب ناودەبرێت. لە ئێستاشدا رۆژێک نییە لەم شارەدا، بە بێ چالاکی جۆراوجۆری رۆشنبیری: هەر لە مەڕاسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێب و  چاپکراوی نوێ، کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەدەبی و شیعر خوێندنەوە، پێشانگای کتێب، تا پێشانگای شێوەکاری و نمایشی فیلم و شانۆ و کاری هونەری، کۆنسێرتی گۆرانی و ئاهەنگ موزیک، تێبپەڕێت.
یەکێک لە سیما جوانەکانی بواری رۆشنبیری، دیاردەی بەخشینی خەڵاتە بە نووسەران و هونەرمەندان و کەسایەتییەکان. ئەم کارەش دیاردەیەکی شارستانییە و رێزگرتنە لە ماندووبونی نووسەران و هونەرمەندان و سوپاسکردنی ئەرک و ماندووبونیانە، بە ئامانجی پشتگیریکردن و هاندانیانە بۆ کار و داهێنانی نوێ، لە سەرەنجامدا خزمەتکردنە بە ئەدەب و زمان و کەلتوری نەتەوەکەمان. خۆشبەختانە سلێمانی، نەک بێبەش نییە لەم دیاردە شارستانییە، بەڵکو لەم بوارەشدا سەرمەشق و پێشەنگە، ساڵانە مەڕاسیمی دابەشکردنی  چەند خەڵاتێک  لە شاری سلێمانیدا بەڕێوەدەچێ، کە ئەوانیش بریتین لە:

خەڵاتی زێڕینی بلە

 لە دوای ئەوەی لە (2000/4/8) مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کۆچی دواییکرد، رێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوەندەیشن و بنەماڵەکەی لە ساڵڕۆژی کۆچی دوای و لە ساڵی (2002) بڕیاریاندا، وەک نەریتێکی ساڵانە، لە رێگای لیژنەوەیەکەوە، کەسانی دیار لە بوارە جیاوازەکاندا بەسەر بکەنەوە و خەڵاتی زێڕینی «بلە»یان بەسەردا دابەشبکەن.
بۆ ئەم مەبەستە پێنج خەڵاتیان دیاری کردووە، ئەوانیش بریتین لە خەڵاتی: نووسەری نموونەیی، هونەرمەندی نموونەیی، دایکی نموونەیی، خوێندکاری نموونەیی، پێشمەرگەی نموونەیی. 
مەودای بەخشینی خەڵاتەکە، جگە لە باشوور، کوردی پارچەکانی باکور و رۆژهەڵات و رۆژئاواشی گرتۆتەوە و هەروەها کەسایەتی نەتەوە جیاوازکان، کە لە بوارەکانی:  ئەدەب، هونەر، مێژوو، سیاسەتدا رۆلی گرنگیان لە خزمەتکردن بە دۆزی رەوای گەلی کورد بینیووە، بەنموونەی کەسانی وەک: ئان کلوود، جەنگیز چاندار، مۆرین مەکلەکی و چەندین کەسی تر لە مەڕاسیمی شایستەدا، بەسەرکراونەتەوە و ئەم خەڵاتەیان وەرگرتوو. تا ئێستا (17) خولی بەخشینی خەڵاتەکە بەڕێووە چووە و جگە لەوەی کە مەراسیمی ساڵی (2016) تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی باخچەیەک لە نێو پارکی هەواری شاردا و بەسەدان نەمام بۆ گیانی پاکی شەهیدان  نێژراون.

خەڵاتی زێڕینی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،  وەک یەکەمین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە کە لە دوای راپەڕینەوە دامەزرا، هەمیشە لە خەمی کایەی رۆشنبیری و داهێنەرەکانیدا بووە. ئەم دەزگایە جگە لە بە چاپگەیاندنی بەرهەمی ئەدیبان و نووسەران، بیریان لەوەکردۆتەوە، کە پێویستە رێز لە بەرهەم و تەقەللای ئەدیبان و رۆشنبیرانی ماندووی کورد بنێن، بۆ ئەو مەبەستەش دوو جۆر خەڵات یان خستە پلانی خشتەی کارەکانیانەوە، خەڵاتی شێرکۆ بێکەس کە یەکەمین خەڵات بەخشرا بە نووسەر (بەختیاری عەلی) و هەروەها میدالی زێڕینی سەردەم کە ئەمساڵ لە یادی یوبیلی زێوینی دامەزراندنی سەردەمدا، بەخشرایە دوانزە ئەدیب و نووسەر، دەزگای سەردەم لە بەرنامەیدایە لە داهاتووشدا لە سەر بەخشینی ئەو خەڵاتانە بەردەوام بێت. 

خەڵاتی کارۆ

 خەڵاتی کارۆ، لە ساڵی 2019 ەوە لەلایەن چاپخانەی کارۆ، کە چاپخانەیەکی کەرتی تایبەتە، (عەتا مەحمود) و (هاوژین مەحمود) خاوەندارێتی دەکەن، لە یادی (20) ساڵەی دامەزراندنی چاپخانەکەدا راگەیاندراوە. خەڵاتەکە ساڵی جارێک لە یەکێک لە ژانرەکاندا دەبەخشرێتە ئەو وەرگێڕ و نووسەرانەی کە خزمەتیان بە کتێبخانەی کوردی کردووە. لەگەڵ خەڵاتەکەدا، کتێبێک بە تیراژی(500) دانە بۆ نووسەر و وەرگێڕەکە چاپ دەکرێت و لە مەراسیمێکی شایستەدا دەکرێتە دیاری بۆیان. بۆ ئەم هەنگاو و پڕۆژەیەش، چاپخانەی کارۆ پرس و را بە لیژنەیەک لە نووسەران دەکات، نووسەرێکیش خەڵاتەکە دەبەخشێتە وەرگری (خەڵاتی کارۆ)ی ساڵ. تا ئێستا پێنج خولی خەڵاتەکە لە بوارەکانی: شیعر، چیرۆک، وەرگێڕان، لێکۆڵینەوە، رۆمان، بەردەوامبووە. 

 

 

 سلێمانی لە مێژوودا، لانکەی شۆڕش و قوربانیدان و دڵی زیندووی کوردایەتی بووە، لە بوارەکانی: خوێندن و زانست، رۆژنامەگەری، ئەدەب، هونەر، وەرزشدا، شارێکی زیندوو و داهێنەر و خاوەن تایبەتمەندێتی خۆی بووە

 

خەڵاتی نووسیار

 وەشانی نووسیار ساڵانە دەبەخشێت بەو خەڵاتی یەکەمین کتێب نووسەرانەی یەکەم کتێبیان بڵاو دەکەنەوە. خەڵاتەکە ئەو نووسەر و شاعیرانە دەگرێتەوە کە پێشتر هیچ کتێب و بڵاوکراوەیەکیان نەبووە لە هەرسێ بواری: رۆمان، چیرۆک، شیعر. ئەگەری زۆرە ساڵانی داهاتوو بیر لە بواری لێکۆڵینەوەش بکرێتەوە.
تا ئێستا 4 خولی ئەم خەڵاتە بەڕێوەچووە و لەو ماوەیە نووسینی چەندین دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی ناساندووە و هەروەها کار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی براوەکان کراوە. ئەم خەڵاتە جەخت لەسەر بەرهەمی گەنجەکان دەکات کە پێشتر هیچ کتێبێکیان بڵاو نەکردۆتەوە.
خەڵاتەکە تەنها ئەو بەرهەمانە وەردەگیرێت کە بە زمانی کوردی نووسراون. هەروەها تەمەنی بەشدار بوو لە نێوان 20 بۆ 40 ساڵە. لێژنەیەکی تایبەت و پسپۆڕ بۆ هەر بوارێک کاری هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمەکان دەکات.

خەڵاتی جەمال نەبەز

رێکخڕاوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز لە ساڵی 2021 دامەزراوە. رێکخڕاوێکی یاسایی و قازانج نەویستە. لە ساڵی 2021 لەسەر بڕیاری سەرۆکی رێکخڕاو بڕیاردرا ساڵانە خەڵاتێک وەک پادداشتێک بۆ داهێنەرانی کورد دامەزرێنێت. لە دوای چەندین پرس و زانیاریی بەسوود لە کەسانی شارەزا، خەڵاتی (قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز) جێگیرکرا. دەستەی شارەزایانی ئاکادیمی و زانستیی خەڵاتی قەڵەمی زێڕین، کە دەستەیەکی ئازاد و سەربەخۆیە، ساڵانە لە دوای تاوتوێکردن و بەپێی مەرجە بنەڕەتییەکان لە بوارەکانی (مێژوو، زانست، پەروەردە، وەرگێڕان، زمان، فەرهەنگ)بڕیار لەسەر پێدانی خەڵات دەدرێت.
رێکخراوەکە دوو جۆر خەڵات پێشکەش دەکات:
خەڵاتی یەکەم: قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز. ساڵانە، تاکو ئێستا سێ خەڵاتی قەڵەمی زێڕین پێشکەش بە داهێنەران کراوە. 
دووەم: خەڵاتی قەڵەمی هاوڕێیەتی جەمال نەبەز، لە یادی سەدساڵەی رێککەوتنامەی لۆزاندا پێشکەشکراوە.
 
خەڵاتی دانا رەئوف

 شانۆ یەکێکە لە دێرینترین فۆرمەکانی هونەر. هونەرێکە چەندان هونەری تر لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و راستەوخۆ رووبەرووی بینەر دەبێتەوە. هونەری شانۆ پەیوەستە بە شارستانییەت و ئازادییەوە. لەم سۆنگەیەوە، ناوەندی «کەپر» خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی» راگەیاندوە و بەو هیوایەی  کە برەو بە رەوتی شانۆی کوردی و نووسینی دەقی دانسقەی شانۆیی بدات و نووسەران لە دەوری دەقی شانۆیی کۆ بکاتەوە. ئەم خەڵاتە، لە ساڵی 2022  راگەیەندراوە؛ تا ئێستا دوو خولی بۆ کراوە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
ئەم ناوەندە خەڵاتێکی (500) دۆلاری بەو نووسەرە دەبەخشێت کە دەقەکەی براوە دەبێت. جگە لەوە، دەقە براوەکەیش لە بەرگێکی جوان و شایستەدا چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم، ساڵانە مەڕاسیمی بەخشینی چەند خەڵاتێکی تر لە بوارە جیاوازەکاندا لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەم دەرفەتە و لەم باسەدا تەنها توانیمان ئاماژە بەم چەند خەڵاتە بکەین.

وتارەکانی نوسەر