ناوەندێک بۆ لێکۆڵینەوەی زمانەوانی

11:01 - 2024-07-21
عەتا مەحمود
122 خوێندراوەتەوە

بەشێوەیەکی گشتیی زمان، بریتییە لە کۆمەڵێک هێما بۆ لەیەکتر تێگەیشتن، بەڵام بەتەنها لەوەدا کورت ناکرێتەوە، کە هۆکاری پەیوەندییکردن و لەیەکتر تێگەیشتنی نێوان مرۆڤەکانە، بەڵکو زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییە. لە ئێستادا نەک هەر لەسەر ئاستی رێزمان: (وشەسازی، رستەسازی) واتا: (واتاسازی، پراگماتیک) دەنگسازی: (فۆنەتیک، فۆنۆلۆجی) بەڵکو  لەسەر ئاست و رەهەندە جیاوازەکانی فەلسەفە و ئێستاتیکا و دەروونناسی و کۆمەڵناسی باس لە گرنگی زمان دەکرێت و سەرجەم بوارە زانستییەکانی گرتۆتەوە.
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مانەوەی هەر نەتەوەیەک زمانەکەیەتی، شاعیر و نووسەری دانیمارکی «ئەندەرسن» مانەوەی نەتەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆکارە فەرهەنگییەكانی وەک زمان، رۆمان، شیعر، چیرۆك زانا و کۆمەڵناسی ئەڵمانی «هابرمانس» دەڵێت: هەر کەسێک خاوەنی زمانێک بێت، ئەوا خاوەنی دنیایە. 
فەرامۆشکردنی زمانی کوردی
هیچ کاتێک هێندەی ئێستا، لەسەر ئاستە جیاوازەکان (فەرمی و نافەرمی) زمانی کوردی فەرامۆش نەکراوە و لە پەراوێزدا نەبووە: 
فەرمانگە حکومییەکان
لەسەر ئاستی وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکاندا، لە نووسراوی رۆژانەیاندا، وەک پێویست گرنگی بە رێنووسی کوردی نادرێت، هەندێک نووسراو دەبینین دەڵێی (40 تا 50) ساڵ لەمەوپێش نووسراوە و هی سەردەمێکە کە بە ئامێری (تابیعە) تایپ دەکرا و پیتە کوردییەکانی وەک (ژ، چ، ۆ، گ) تێدا نەبوو، لە کاتێکدا فەرمانگە و وەزارەتەکان خاوەنی ئامێری کۆمپیوتەرن، تەنها پێویستیان بەوەیە کیبۆردی کوردی دابەزێنن و ئەو کارمەندەی کاری نووسراوەکان دەکات، خولی تایبەت ببینێت.
وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەییدا، خوێندکارانی سەربەستکردووە لەوەی دەتوانن دەستبەرداری زمانی کوردی ببن و تەنها بەشی دەرچوون وەڵام بدەنەوە، ئاستەمە لای هیچ نەتەوەیەکی تر بڕیار و دیاردەیی وا هەبێت، زمانی خۆیان بەم شێوەیە فەرامۆش بکەن، بە پێچەوانەوە گرنگی و کاری لە پێشینەیان بۆ زمانی دایکە پاشان بۆ زمانی بیانی. زمنناس و پرۆفیسۆری ئەمەریکی (نوام چۆمسکی) کە خاوەنی دەیان کتێب و تیورە لە بواری زمانەوانیدا، رای وایە: هەر کەسێک زمانی دایکی بە باشی نەزانێت، ئەوا زمانەکانی تریش بە باشی نازانێت. 

 

 ئەوە کاری لە پێشینەی حکومەت و لایەنە پەیوەندییدارەکانە، ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی زمانەوانی دابمەزرێنن، بە پلان و بەرنامە لەگەڵ ناوەندە ناوخۆیی و جیهانییەکان

 

میدیا و راگەیاندنەکاندا
وەنەبێت دۆخی زمانی کوردی، لە میدیا و راگەیاندنەکاندا باشتر بێت. لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن و پێگە و ماڵپەڕەکان، رۆژانە ناونیشان و سەردێڕەکان دەبینین کە چۆن وشە و زاراوەیی داتاشراو دروستدەکەن، یاخود لە ژێر کاریگەریی زمانەکانی تر بە تایبەت زمانی عەرەبی رستەکان دادەڕێژنەوە! لە کاتێکدا خۆمان خاوەن رێزمان و زمانێکی پاراو و بێ گرێ و گۆڵین، حاجی قادری کۆیی دەڵێ:
مه‌ڵێن فه‌ساحەتی كوردی، به‌ فارسی ناگا
بە‌لاغه‌تێکی هه‌یە‌، هیچ زوبانێ نایگاتێ.
خێزان و پەروەردە
لەسەر ئاستی خێزان و پەروەردە، خواستی خێزانەکان ئەوەیە منداڵ بنێرنە ئەو خوێندنگە ئەهلیانەی گرنگی بە فێربوونی زمانی بیانی (ئینگلیزی، تورکی) دەدەن. شانازییەکی گەورە بۆ خێزان و دایکان و باوکان ئەوەیە، کە منداڵەکەیان فێری زمانی بیانی بووبێت. هیچ کەسێک لە دژی فێربوونی زمانی تر نییە، وەک لە مێژە دەڵێن چەند زمان بزانیت ئەوەندە کەسیت، تەنها ئەوەندە هەیە  فێربوونی زمان لەسەر هەژمار (حساب) ی زمانی دایک نەبێت، چونکە وەک شیری دایک، خوێندن بە زمانی دایک بۆ منداڵ پێویستە. پتر لە سەدەیەک لەمەوبەر مەحوی دەڵێ: 

کوردی زوبانی ئەسڵمە، گەر تەرکی کەم بە کول
بـۆ فارسی، بە کوللی ئەمن دەبمە بێ وەفا.
ئاستی کۆمەڵایەتی
تەنانەت لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، گرنگی بە زمانی کوردی نادرێت، لە گفتوگۆی رۆژانەدا بۆ خۆهەڵکێشان، وشە و دەستەواژەی بیانی بەکاردەهێنن، بەواتایی ئەوەیە زمانی تر دەزانن (مەبەست لە بەکارهێنانی زاراوەی زانستی و ناوی ئامێر نییە) لە کاتێکدا خۆمان خاوەن زمانێکی دەوڵەمەندین، دەتوانین سوود لە زاراوە جیاوازەکان و فەرهەنگەکانی زمانی کوردی وەربگرین.
لەم میانەیەشدا، هەوڵەکانی دەزگای زمانەوانی کوردی _ زانکۆی جیهان جێگای دڵخۆشییە، کە بە هەوڵ و کۆششی دڵسۆزانە، لە ماوەی ساڵێکدا (4) ژمارەیان لە گۆڤاری وەرزنامەی زمانەوانی دەرکردووە، لە وتار و توێژینەوەکانیاندا، خوێنەری کورد بە پرسی زمان ئاشنا دەکەن و گرنگی بە زاراوە جیاوازەکان دەدەن و هەوڵی فراوانکردنی بنچینەیی زمانەوانی دەدەن. هەر زانکۆ و دەزگا و ناوند و گۆڤارێکی تر گرنگی بە پرسی زمان دەدەن بە هەمانشێوە هەوڵەکانیان جێگای ڕێزە، بەڵام دواجار  ئەوە کاری لە پێشینەی حکومەت و لایەنە پەیوەندییدارەکانە، ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی زمانەوانی دابمەزرێنن، بە پلان و بەرنامە لەگەڵ ناوەندە ناوخۆیی و جیهانییەکان، سیاسەتێکی زمانی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستاندا پەیڕەو بکرێت، گرنگی بە زمانی دایک و زمانی ستاندارد بدرێت، متمانە و شکۆ بگەڕێنەوە بۆ زمانی شیرینی کوردی.

*بەرێوەبەری چاپخانەی کارۆ

وتارەکانی نوسەر