یەکبێژ

هەر ئێمە نایەکگرتوو نین، ئەوانیش فرە مینبەرن

11:07 - 2023-11-16
هیوا محەمەد
403 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد


سەردەمێک زۆرینەی حزبەکان دەمانووت تا دیموکراسی لە بەغدا وەک سیستم پیادە نەکرێت، ئەوا ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان نایەتەدی، چونکە ئەگەر بەغدا دیموکراسییانە هەنگاو نەنێت، ناتوانێت بێتە ناو گفتوگۆی دانپیادانانی مافەکانی ئێمەوە.
ئێستاش تا ئەو کاتەی لە بەغدا سەکۆیەکی یەکهەڵوێستیی سیاسی دروستنەبێت، ئەوا بۆ ئێمەش قورس دەبێت مانەوە لەژێر ئەم دۆخەدا.
لەپڕ حکومەت دەگۆڕێت و دەبێت لە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندیی باشدا بین لەگەڵ ستافە نوێیەکە، سەرۆک پەرلەمان رازیدەکەین کە رێگریی لە چەسپاندنی مافەکانمان نەکات لەناو پەرلەمان، کەچی تا چاو دەکەینەوە بە تۆمەتێک لادەبرێت، لەگەڵ هاوپەیمانییەک یان گروپێک لە حزبەکان رێدەکەوین، کەچی ئەوانیش زۆرنابات دابەش دەبن.
بریا لە بەغدا یەک حزبی نەتەوەیی عەرەبی بۆ سەرتاسەری شارەکانی عیراق هەبوایە و ئێمەش بمانتوانیبایە لەگەڵیدا بچینە دانوستانەوە و خۆمان بگونجێنین لەگەڵ رەوتە سیاسییەکە و ئارامی و سەقامگیریی ئابوورییش بگەڕێنینەوە بۆ هەرێم.
ئەگەر لەم هەرێمە، ئێمە دوو حزبی سەرەکی بین و هەڵوێستمان جیاواز بێت یان لەزۆر قۆناغدا دوو ئاڕاستەیی هەنگاو بنێین، دەکرێت بەشێک لە هۆکارەکەی بگەڕێنینەوە بۆ فرە ئاڕاستەیی بەرامبەرەکانمان لە بەغدا، چونکە ئەوەی ئەوان کاریگەریی لەسەر بۆچوونەکانی ئێمەش دەبێت و پەرتمان دەکات و هەریەکەمان پێمانوایە ئەویان باشترە لەوی تریان.
راستە هۆکاری ئەوەی کە ئێستا لە دۆخێکی خراپی ئابووریداین، متمانەی خەڵک بە حکومەت لاوازە، هاوسەنگەریی و یەکڕیزیی هەڵوێستی سیاسیی هەرێم وەک حزبەکانیش و حکومەتیش بەپێی پێویست نییە، دەستە دەرەکییەکان تا دێت لەسەرمان زیاتر دەبێت، بەڵام هێشتا بەشێکی خەتای بەغدایە کە لە چوارچێوەی فیدراڵیزمدا ئێمەی بەستۆتەوە بە بەغداوە.
ئەوکاتەی کە حزبەکان و سیاسییەکانیان لە وڵاتێکدا بە دۆخێکی سەختی فرە هەڵوێستی و دوور لەیەکدا دەمێننەوە، ئەوە مانای ئەوەیە کە خۆیان و هەڵوێستەکانیان سەربەخۆ نین.
هیچ وڵاتێک پێی خۆش نەبووە درواسێکەی لەخۆی لە پێشتر بێت لە هیچ روویەکەوە، لە بردنەوەی تیپی فوتباڵەکەیەوە تا داهێنان و دۆزینەوەی نادیارەکان و بنیاتنانی باشتر و سیاسەتکردن و ئارامی و ئاشتی و پێکەوەژیانی بێ کێشە.
هیچ وڵاتێکی جیهانیش بۆ وڵاتێکی تر ناسووتێت هێندەی سیاسییەکانی وڵاتەکە و خەڵکەکە خۆیان بۆ وڵاتی خۆیانن، لەبەر ئەمە دەکرێت درواسێیەتی باش و دۆستایەتی لە بەرژەوەندی هەردوولا بنیات بنرێت، بەڵام لەوەی کە بۆ زۆرێک لە هەنگاوەکانت لە درواسێکانتەوە بۆ رێنمایی بکرێیت، ئەوا وڵات وەک ئەمەی ئێستای عیراقی لێدێت.
پێویستە سیاسییەکانی عیراق و پێکهاتەکانی عیراقیش ئەو راستییە بزانن، تا ئارامی و سەقامگیریی ئابووری و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان بەرەو خراپی بڕوات، مەترسیی تێکچوونی هەموو جومگەکانی ژیان و حکومڕانیی لە عیراقیش زیاتر دێتەپێشەوە.
ئێمە ناتوانین وەک مارمێلکە دەم بکەینەوە تا مێشوولەی تێبچێت، پێویستە ژیرەکانی عیراق خێرا هەنگاو بنێن بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان لەگەڵ هەرێم، چونکە ئەوە مووچەی سەدان هەزار فەرمانبەرە کە بازاڕ دەجووڵێنێت و ئاوەدانی دەکاتەوە، ئەگەر ئەمە نەبێت، ئەوا دەڵێین: جام پڕ بوو لێی دەڕژێت، جا کوێ تەڕ دەکات، نازانین!

وتارەکانی نوسەر