حسێن عەزیز
لایەنی ئەرێنی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی بەو رێژەیە ئەوەیە کە دەبێتە شێوەیەک لە مەرکەزیەت و یەک جەمسەریی لە سنوورێکی دیاریکراودا، بڕیار و لێپێچینەوەش ئاسانتر دەکات، ئەگەر پێشتر هەر ئەندامێکی سەرکردایەتی بەهۆی خێڵگەری و ناوچەگەری و دەستەگەرییەوە، پشتیوانی لە کەسێک یان بەرپرسێک کردبێت، ئێستا ئەو بۆشاییە نەماوە یان کەمبۆتەوە.
بوونی یەک سەرکردەی سەرکردایەتی، خۆی لە خۆیدا بەهێز و کاریگەرە و قورسایی زۆری هەیە، هەم بۆ مەڵبەندەکە هەم بۆ سەرکردایەتی و حزبەکەش.
کۆبوونەوەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ لێپرسراوە نوێیەکانی مەڵبەندەکان بە دوو جار و پێدانی دەسەڵات پێیان کە گۆڕانکاریی بکەن لەپێناوی پێشخستنی رێکخستنەکان، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ شۆڕبوونەوەی بڕیاڕ و دەسەڵات لەسەرەوە بۆ خوارەوە و گرنگیدانە بە پڕۆسەی نوێبوونەوە و پێکەوە کارکردن کە دروشمی پێنجەمین کۆنگرە بوو.
لە دیدارەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی پشتیوانی خۆی و حزبەکەی بۆ دەربڕین و داوای کردووە سەرپشک و دەستکراوەبن لە گۆڕانکاری و چاکسازی لە سنوورەکانیاندا و خزمەتکاری خەڵک بن.
ئەمەش گەورەترین هێزی مەعنەوی و مادی بە لێپرسراوی مەڵبەندەکان دەبەخشێت کە دەکرێت بە قازانجی گشتی سوودی لێوەربگیرێت و ئاهێک بە گیان و ژیانی یەکێتیدا بکاتەوە.
لە هەنگاوێکی تردا، ئاشتکردنەوە و بەسەرکردنەوەی، ئەو سەرکردە و تێکۆشەرانەیە کە ژیان و تەمەنی خۆیان لە سەختەڕێی خەبات و کوردایەتیدا دانا، لەوانەی بە هەر هۆیەک بێت بەشداریی پێنجەمین کۆنگرەیان نەکردووە.
خودی سەرۆکی یەکێتی سەرۆکایەتی ئەو لیژنەیە دەکات لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی و چەند تێکۆشەرێکی تر.
دەستی ئاشتەوایی بۆ کادران و بنکەی جەماوەریی درێژ دەکرێت و دەبێت پڕۆسەی ئاشتکردنەوە و دڵدانەوە بگاته هەموو کادران و هەڤاڵانی، مافی خوراویان بگەڕێندرێتەوە، هەر نادادییەکیان بەرامبەر کرابێت، راستبکرێتەوە. یەکێتی کەسی لێ زیاد نییە و بە کردار بیسەلمێنێتەوە، باوەشی گەرم و پڕ لە میهری بکاتەوە، مەڵبەند و کۆمیتەکان لیژنەی تایبەتمەند پێکبهێنن و یەکێتی بکەنەوە لانەی ئارامی دیموکراسیخوازان و ئازادیخوازان و قەڵەم بە دەستانی تینو بۆ گەشەکردن و بوژانەوەی هەمەلایەنەی کۆمەڵگەی کوردستان و یەکێتی ببێتەوە بە زۆنی شکۆ و شانازی.