جوانی و كەسێتیی ژن لە شیعر و گۆرانی کوردیدا

09:35 - 2025-02-20
حسێن عەزیز
330 خوێندراوەتەوە

حسێن عەزیز

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەندێکجار گوێ لە هونەرمەندەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگرم، دەنگ و رەنگ، وشەی جوان و پڕمانا و رەسەنی تێدایە، ئەو چیرۆكە خۆشانە كەمتر لە گۆرانی ئەم چەند ساڵەی دوای راپەڕیندا لە هونەرمەندانی باشووری كوردستاندا دەیبینم.
گوێم لە كوڕێكی قۆزی جوانپۆش بوو ناوی (میلاد ئەحمەدی)، کە دەڵێت:

من بەبۆنەی تۆ (كڵاوەكــەم لارە)
نە باكم لە شەخس نە لە بەدكارە 

رێك شیعری بەناوبانگی  شەوی (یەڵدا)ی نالی و غەزەلی (ئەڕۆی ئۆغر)ی گۆرانی شاعیرم كەوتەوە یاد، كە لە شابەیتێكدا نالی دەڵێت:

 كە تۆی شاهی كەچ كولاهی دیدەمەستان
چ باكم قەیسەر و فەخفوورە ئەمشـــەو؟!

(كڵاولار، هەوریلار، بۆیەمەلار، شەدەلار، مێزەرلار، مشكیلار)، هەموو ئەوانە ژنان و كچانی كورد لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا بە بەردەوامی یان لە ئاهەنگ و پرسە و بۆنەكانی تردا سەریان پێ بەستووە، یان لەسەریان كردووە، یان داویانە بەسەریاندا، وەك بەشێك لە پۆشاكی رەسەنی خۆداپۆشینی ژنی كورد، بەڵام هەریەك لەوانە كە پاشناوی (لاری) پێوەبوو، راستەوخۆ ئاماژەیە بۆ (فیز و تەكەبور و خۆ بە گەورەزانین و عیشوە و نازی ژنان)، بۆ جوانی و بە ئەنقەست (لار) كراوەتەوە، ئەمە بۆ پیاوانیش راستە، وەك مێزەرلار، جامانیلار، مشكیلار، كڵاولار. 
دێمەوە سەر مانا و مەبەستی گۆرانییەكەی میلاد ئەحمەدی كە واتای: 
من بە بۆنەی تۆوە كە مەستی یارەكەی یان خۆشەویستەكەیەتی شانازی دەكەم و تۆ هۆی ئەوەی كە من دیار و ناسراو بم و باكم بە دۆست و بەدكار، واتە رەقیب نەبێت. لێرەدا ژنەكە كەسێتی و شانازیی بە پیاوەكە بەخشیووە.
هەروەك شیعری شەوی یەڵدای نالی مەزن لە لاپەڕەی 377ی دیوانی نالی-دا هاتووە، شیكاریی بۆ كراوە: 

كەتۆی شاهی كەچ كولاهی دیدەمەستان
چ باكم قەیسەر و فەخفوورە ئەمشـــەو؟!

واتە: كە تۆ بووی بە پاشای كڵاولاری ناو شۆخانی چاومەست، ئیتر من هیچ پادشایەكی ترم لەم دنیایەدا مەبەست نییە و گوێیان لێناگرم. قەیسەر مەبەست لێی پاشای رۆم و روسە و فەغفوریش نازناوی پادشایانی چینە. لێرەشدا نالی شانازی بەوەوە دەكات كە خۆشەویستەكەی بووە بە پاشای كڵاولار و لە شۆخ و چاومەستەكانی تر جوانترە و جێگەی شانازی و خۆ بەگەورە زانینی نالی-ە كە گوێ لە  قەیسەر و فەغفوور نەگرێت. 
غەزەلی (ئەڕۆی ئۆغر)ی گۆران-ی شاعیریش یەكێكی ترە لە شیعرە بەناوبانگەكان و بە مەبەستی تر نووسراوە و لەبەر بەرفراوانی بڵاوبوونەوەی و لێرەدا دام ناوە گۆرانی شاعیر وتوویەتی:

كڵاولار، گورجی كەوڕەفتار، نەزەر ناكەی ئەڕۆی ئۆغر؟
لە تیری ئاهی ناكامیم حەزەر ناكەی ئەڕۆی ئۆغـــــر؟

هەم شیعری شەوی یەڵدای نالی و هەم ئەڕۆی ئۆغر-ی گۆرانی شاعیر لەلایەن چەند هونەرمەندی گەورە و دەنگخۆشەوە ئاوازی بۆ دانراوە و كراوە بە گۆرانی و لە ئاستی بەرزی هونەری گۆرانی و مۆسیقادا كاری لەسەر كراوە و چێژی تایبەتی هەیە، لەوانە عەلی مەردان، عەدنان كەریم، خالد رەشید، حەمید عوسمان و چەندین هونەرمەندی تر، (كڵاولار، هەوریلار، بۆیەمەلار، شەدەلار و مێزەرلار و مشكیلار)، لە گۆرانی و شیعری كوردیدا رەنگی داوەتەوە و گۆرانی هەوریلار-ی هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەك و شەدەلارەکە-ی مەزهەری خالقی لە جوانترین و بەناوبانگترینیانن.

وتارەکانی نوسەر