حسێن عەزیز
ئەنجامە بەراییەکان مژدەبەخش و دڵخۆشکەرن، هێشتا تەپووتۆزی بانگەشە و جۆش و خرۆشی هەڵبژاردن نەنیشتۆتەوە، بەڵام ئاسۆی گەشی سەرکەوتنی کورد و یەکێتی لە باوە مەحمودەوە دەگاتە قەڵای بەرزی نەبەزیوی کەرکوک.
قوباد تاڵەبانی، لە سەر پردی شەهید حسێن مەنسوور، پردی پەیوەندی گەرمیان و گەرمەسێەرەوە، بەرەبەیانی سەرکەوتنی رۆژی 18ی مانگی لەگەڵ دەنگدەرانی ئازا و ئازادی گەرمیاندا بەڕێکرد و دەست و پەنجەی هەزاران گەنجی پڕ حەماسی تینوو بە ئازادی خانەقینی گوشی و ئافەرینی بەشداریکردنیانی کرد.
سڵاوی لە هەزاران خێزانی تێکۆشەری سەفەری بەدیهێنانی مافە زەوتکراوەکان کرد و هانیدان سندوقەکانی هەڵبژاردن پڕ بکەن لە دەنگی کورد و رەنگی سەوز، ئەو لە ماوەی سێ رۆژدا دووجار هاتە گەرمیان و بە چاوی کراوە و دڵی فراوانەوە مایەوە، گوێی لە هاژەی ئەڵوەن و خوڕەی چەمی سیروان بوو.
دەکرێت ئەم پرەنسیپە نوێیە سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەی یەکێتی ببێت بە حزبی هەڵبژاردن، حزبی دەنگدەران و دیموکراسیخوازان.
دوور بخرێتەوە لە دەستی خێڵگەرای و ناوچە گەرایی، کۆتایی بێت بە تەکەتولات و دەستەگەری و قۆناغی سەرەکی سووڕی سیاسی ببڕێت و هەرگیز ئاوەڕنەداتەوە و نەگەڕێتەوە. کەرەستە و ئامڕاز و میکانیزمی نوێ دەستەبەر بکات و بیخاتە خزمەت پڕۆسەکەوە.
دابڕان و دوور کەوتنەوەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لە خەڵک و خانووە قوڕەکان، یەکێتی لاواز کرد و نەخۆشیی خست.
بۆیە سەرکەوتن و دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگانی عیراق نابێت تووشی غرور و لە خۆبایبوونمان بکات، یەکێتی بەردی بناغەکەی خوێن و خۆشەویستی و خەڵکی هەژارە، ئەوەی لێی دادەبڕێت غەدری لێدەکات. تکایە درزی تێمەخەن و دووری مەخەنەوە لە خەڵک .
گەرمیان پێویستی بەم هەیەجانە هەیە، پێویسته نوێگەری و نوێبوونەوە بگاتە دوا ئۆرگانی یەکێتی و دوا شانەی رێکخستن.
ئەم خوێن جمانەی کە هەیە تێر بکرێت و پشتگیریی لەم تەوژمەی هەیە بکرێت. ئۆرگانەکان بە گەنج پڕ بکرێنەوە، پشکی ژنان زیاد بکرێت و دەرگای کڵۆمدراو بە روویاندا بکرێتەوە، بایەخ بە تواناکانیان بدرێت.
هەموو یەکێتییەکی دڵسۆز و کوردێکی پەرۆش، بەچاوی ئومێدەوە، بەهێز و ئیرادەی زۆرەوە لەم ئاسۆی گۆڕانکاریانە دەڕوانێت، هەموو کەرکوکییەکی ستەملێکراو چاوەڕێی هیممەتی بافڵ تاڵەبانی دەکەن، دەستی شۆڤێنیزم بشکێنێتەوە و ئەجێندای دوژمنکارانەی هەرێمایەتی هەڵوەشێنێتەوە. جۆگەی وشک و کوێرەرێکان، چاوەڕێی قوباد تاڵەبانی دەکەن، دەستی درێژی ئاوەدانی پێبگەیەنێت و ئێمەش پێکەوە لەدوای تامی سەرکەوتنی هەڵبژاردن، چێژی خزمەتگوزارییش ببینین.
کاتی ئەوە هاتووە قوباد تاڵەبانی زوو زوو بێتە سەر پردی حسێن مەنسوور و هەموو پردەکانی کوردستان بکاتە پردی (سیرات) بۆ لە فیلتەردانی گەندەڵکاران و بەرژەوەندی خوازان.