كەركوك و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەكو دوانەیەك وان، لەوەتەی ئەم حزبە دامەزراوە لە ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە، هەردەمیش تەواوكەری یەكتریی بوون، یەكێتی زۆرترین شەهیدی بۆ ئەم شارە بەخشیوە و پێشمەرگە كەركوكییەكانی یەكێتیش لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان شەهیدیان بۆ یەكێتی و رێبازەكەی مام و كوردستان بەخشیوە، بەرگریی و خەمخۆریی ئەم حزبە بۆ كەركوك وایكردووە، زۆرترین بنکەی جەماوەریی هەبێت لەو شارە و ناوچە جێناكۆكەكانی و گەرمەسێر، دوای روخانی رژێمی بەعسیش ئەو پەیوەندییە هەر بەو جۆرە مایەوە و ئەوەش وایكرد یەكێتی لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا لیستی یەكەم بێت لە كەركوكدا.
كەركوك وەكو چەقی ناوچە جێناكۆكەكان
لەگەڵ دروستبوونی عیراقی نوێ لە ساڵی 2003 و پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان لە دوای 2005، بە بەشدارییەكی فراوانی كورد و حزبەكانی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسییدا، توانرا كاری باش بكرێت بۆ كورد، بە حیكمەتی مام جەلال و بەشداریی بەشێك لە سەركردە سیاسییەكانی هەرێم، بەجۆرێك زۆر لە مافەكانی كورد لە دەستووردا جێگیركرا، كوردیش لەپاڵ پۆستی سەرۆك كۆماردا كە بۆ یەكێتی بوو، زۆرێك پۆستی سیادی و وزاری تری وەرگرت.
لەگەڵ كارایی و بەشداریی كوردیش لە پڕۆسەی سیاسی و بەشداری بەرفراوان لە كایەكانی دەوڵەتدا، بەڵام پرس و كێشەیەك سەریان هەڵدا، لە نموونەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و مەسەلەی پێشمەرگە و نەوت و غازی هەرێم، كە بوون بە هۆكاری ململانێی سیاسیی توند لە نێوان هەرێم و بەغدادا، هەرچەندە پێشتر رێوشوێنی چارەسەریان لە دەستووردا بۆ دۆزرابۆوە، بەڵام ئەم مەسەلانە بە كێشەی هەڵواسراو مانەوە، بەتایبەتی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كە دەبوو بەپێی مادەی 140 یەكلابكرایەتەوە.
ناکامیی دانووستانەکان لەسەر کەرکوک
هەروەكو چۆن لە سەرەتاوە یەكێتی بەردەوام كاری بۆ كەركوك دەكرد و بەرگریی لێ دەكرد، وەكو پارێزگا و شاریش، لە دانوستانەكانی ساڵی 1984دا هەوڵێكی زۆریدا بۆ ئاساییكردنەوەی ئەو شارە، نەگیشتنیش بە ئەنجامی باش لەو دانوستانەدا، هەر لەسەر مەسەلەی كەركوك بوو.
لە دوای روخانی رژێمی سەدامیش، یەكێتیی و سەركردەكانی هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوە بوو، بارودۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە و شارەكە و ناوچە جێناكۆكەكان بگێڕدرێنەوە سەر هەرێم، بەرگریی سەختیش لە كوردستانیبوونی ئەو پارێزگایە كرایەوە، دیارترین نموونەش مورافەعە گەورەكەی مام جەلال بوو لە ئەنجومەنی حوكم، كە نەخشەیەكی مێژوویی سەردەمی عوسمانییەكانی خستە بەردەم ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە و تێیدا بە روونی دەردەكەوێت كە پارێزگاکە كوردستانییە.
هەڵبژاردنەكان لە كەركوك
ساڵی 2005 یەكەم هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەروەها بۆ پەرلەمانی عیراقیش بەڕێوەچوو، كە تێیدا كورد و بەتایبەتیش یەكێتی توانی، رێژەی زۆری دەنگی دەنگدەرانی هەردوو هەڵبژاردنەکە بەدەستبهێنێت.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، لیستی برایەتی كە لە یەكێتی و پارتی پێكدەهات، لە كۆی 41 كورسی دیاریكراو بۆ كەركوك، توانیی 26 كورسی بەدەستبهێنێت، بەوەش پۆستی پارێزگار و ئیدارەی شارەكەشی بەدەستهێنا.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش هەر بەو جۆرە بوو، یەكێتی زۆرترین ئەندامی سەركەوتن بۆ پەرلەمان و دواتریش پارتی ئینجا لیستی عەرەبی و توركمانی بەدوایاندا هاتن، هەر بەو جۆرە لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراقدا یەكێتی زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، بەهەندێ گۆڕانكاریی كەمەوە، بەتایبەتی دوای ساڵی 2017 كە رێژەی دەنگەكان كەمی كرد، بەڵام یەكێتی هەر براوەی سەرەكی هەڵبژاردنەكە بوو.
كەركوك و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان
ئەوەی ئێستا گرنگە هەم بۆ كەركوكییەكان كە بنکەیەکی جەماوەریی گەورە پێكدەهێنن بۆ یەكێتی، هەروەها بۆ هەرێمیش، بردنەوەیە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە كەركوك، چونكە ئەم هەڵبژاردنە لە دوای ساڵی 2005ەوە لە كەركوك نەكراوە، بەهۆی رێگریی لایەنە شۆڤێنییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق.
بۆیە دەبێت وەكو چۆن لە هەڵبژاردنی یەكەمی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كورد توانی زۆرینەی كورسییەكان بەدەستبهێنێت، ئەمجارەش واتا لە هەڵبژاردنی 18/12/2023 پێویستە كورد و بەتایبەتیش یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و لیستی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە (١٤٢) زۆرینەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، بۆئەوەی جارێكی تر ئیدارەی پارێزگاکە و پۆستی پارێزگار بەدەستبهێنێتەوە، کە لە دوای ساڵی 2017 ەوە پارێزگارێكی عەرەبی شۆفێنی ئەو پۆستەی بەناهەق و بەوەكالەت پێدراوە، هەر ئەو پارێزگارەش هەموو هەوڵێكی خستەگەڕ بۆ دووبارە تەعریبكردنەوەی پارێزگاكە و دژایەتیكردنی كورد تێیدا.