هەندێکجار تەنیا 17 دەقیقە دەرکەوتن لە فیلمێکدا بەسە بۆ ئەوەی ئەکتەرێک ببێتە خاوەن خەڵاتی ئۆسکار ئەوەش ئەستێرەی ئەمریکی ئەنتۆنی هۆپکنز توانی لە فیلمە بەناوبانگەکەی بەناوی «Silence of the lambs – بێدەنگیی بەرخەکان» ی ساڵی 1992 دا بەدەستیبێنێت. ئەنتۆنی هۆپکنز دوای ئەوە شەش جاری دیکە بۆ ئەو خەڵاتە کاندید کراوە و فیلمی بەهێزی زۆرە، بەڵام توانی دوای 29 ساڵ و بۆ جاری دووەم ئەو خەڵاتە وەربگرێت ئەویش لە فیلمی باوک-ی ساڵی 2021 دا بوو.
ئەم ئەستێرەیە کاتێک رۆڵی ئەو بکوژە زنجیرەییە خوێن ساردەی گۆشتی مرۆڤ دەخوات گێڕا، بووە یەکێک لەو کارەکتەرانەی چەندە ترسناک و دڕندەیە لای بینەر خۆشەویست و سەرنجڕاکێشە، لەو فیلمەدا بە نواندنە جوانەکەی و ئەو بێ هەستیی و ساردییەی لە چاوە شینەکانی هانیباڵ-ی کارەکتەری فیلمەکەدا دەردەکەوێت توانی ساڵی 1999 بچێتە ریزبەندی 65 لەو 100 فیلمە کاریگەرەی لە مێژووی سینەمای ئەمریکیدا بەرهەمهاتووە.
راستە دوای بەشی یەکەم بەشی دووەمی ئەو فیلمە بەرهەمهات و چەندینجار و بەچەندین دەرهێنان چیرۆکی د. لێکتەرز-ی ناسراو بە هانیباڵ بەرهەمهاتووە، بەڵام هیچ ئەکتەرێک نەیتوانیووە دوای ئەو نواندنە کاریگەرەی ئەنتۆنی هۆپکنز ئەو کارەکتەرە لەو جوانتر بەرجەستە بکات و ریکۆردی ئەو بشکێنێت.
یەکێکیش لەو فاکتەرانەی وایکردووە بەشی یەکەم بەو جۆرە سەرکەوتوو بێت، نواندنە ناوازەکەی جۆدی فۆستەرە کە رۆڵی ئەندامێکی ئێف بی ئای دەگێڕێت و بڕوانامەی لە دەروونناسیدا هەیە، لە فیلمەکەدا هانیباڵ و کلاریس رێکەوتنێک دەکەن و ناوی دەنێن «شتێک بەرامبەر شتێک» تێیدا هانیباڵ بەحوکمی ئەوەی خۆی پزیشکی دەروونیشە پرسیار لەبارەی منداڵیی کلاریس-ەوە دەکات و لەبەرامبەردا بۆ دۆزینەوەی بکوژێکی زنجیرەیی دیکە یارمەتی کلاریس دەدات.
لە دیمەنێکدا هانیباڵ دەچێتە ناخی کلاریسەوە کاتێک باس لە یادگارییەکی منداڵی خۆی دەکات، دوای مردنی دایک و باوکی لە کێڵگەیەکی ئامۆزاکانی دەژی و لە بەهاردا لە دەنگی زریکەی بەرخەکان کاتێک سەریان دەبڕن خەبەری دەبێتەوە، لە منداڵییەوە لەو دەنگە دەترسێت، لە درێژەی بینین و ناسینی یەکتریدا هانیباڵ بە کلاریس سەرسام دەبێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان چارەسەرەی دەروونی بۆ دەکات، هاوکات ئەوەی وا لە بینەر دەکات لە کارەکتەری هانیباڵ بترسێت و لە هەمانکاتدا پێی سەرسام بێت ئەوەیە زۆربەی ئەوانەی دەیانکوژێت کەسی خراپن، بەڵام رێگەکانی کوشتنیان بە خوێن ساردی و دڕندەیی وایلێدەکەن زۆر سامناک بێت، بۆیە تا کۆتایی فیلمەکە بینەر لە دڵەڕاوکێدا دەهێڵێتەوە، لە دوا گفتوگۆدا هانیباڵ تەلەفۆن بۆ کلاریس دەکات و بە دەنگە هێمن و سامناکەکەی لێی دەپرسێت «کلاریس ئیتر تەواو بەرخەکان بێدەنگ بوون؟»