نووسه‌ری میللی فه‌ره‌نسی (ئه‌لیكسانده‌ر دوما) عەشقی فه‌ره‌نسییه‌كان بۆ سیاسه‌ت ده‌به‌ستێته‌وه به‌وه‌ی له ناوه‌ڕۆكدا (ئه‌ده‌ب) و (سیاسه‌ت) له یه‌ك ده‌چن، هه‌ردووكیان له سروشتدا پڕن لە پاڵه‌وانسازیی و چاڵسازیی و كۆدێتا و رووبەڕووبوونەوە و سه‌ركەوتن و شكستخواردن، ئه‌م عه‌شقه باڵایەی ئەوان به پێچه‌وانه‌ی جڤات و كۆمه‌ڵگه سیاسییه‌كانی تر به‌رده‌وام له گه‌رم و گوڕی به‌شداریی پڕۆسەی هه‌ڵبژاردنه‌كان خۆی پیشان داوە، به‌جۆرێك كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی یه‌كه‌می یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دوو كاندیده سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كه له 23ی ئه‌پریلی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، (47) ملیۆن ده‌نگده‌ر له رێگه‌ی (67) هه‌زار سندوقی ده‌نگدانه‌وه به‌شداریی پڕۆسه‌كه بوون و دواتر له به‌شدارییه‌كی كه‌م وێنه‌دا، دوالیزمی (ئه‌وین) و (ترس)ی فه‌ره‌نسییه‌كان ماكرۆنیان به
(58.2 %) ده‌نگده‌ران به‌سه‌ر ماری لۆپین به (41.8 %) دا سه‌رخست.
ركابه‌رییه‌كانی (ئیمانوێل ماكرۆن) و (مارین لۆبان) له رووكاردا له كێبڕكێی نێوان دوو كاندید ده‌چوو، له پێناوی ره‌سمكردنی داهاتووی فه‌ره‌نسا و گه‌یشتن به ئه‌لیزێ گوتاری هه‌مه‌جۆریان بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ده‌نگده‌ران له رێگه‌ی میدیاوه ده‌نارد، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا ململانێیه‌كی قووڵتر و سه‌ختتر بوو، ململانێیه‌ك له نێوان دوو ئاراسته و ته‌وژمی بیركردنەوە و دونیابینی بوو كه هه‌ر فه‌ره‌نسا ن، به‌ڵكو جیهانیشی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردووە.
ئه‌و جه‌نگه شاردراوه‌یەی بزووتنه‌وه و ئەكتەرە پۆپۆلیستییه‌كان له رێگه‌ی كاركردن له‌سه‌ر زه‌ین و هه‌ستی ده‌نگده‌ری ده‌وڵه‌تان دژ به سیستم و تێڕوانینی لیبڕاڵه‌كان ده‌یكه‌ن، زیاد له هه‌ر شوێنێكی تر له دوا قۆناغی هه‌ڵبژاردنه‌كانی فه‌ره‌نسا بە تۆخی دەركەوت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له خولی رابردووی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش (2017) له نێوان هه‌ردوو كاره‌كته‌ر ماكرۆن و لۆپان گه‌یشته ترۆپك، به دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان چیرۆك، هه‌مان قەڵغانیش بۆ پشتیوانیكردن و پاراستنی ماكرۆن له ئاستی ئه‌وروپا كه‌وتۆته‌وه سه‌رپێی خۆی، ماشێنی میدیایی جیهانیش له ژێر تایتڵی (فریادڕه‌سی لیبراڵیزم) خەریكە ستراتیژی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پۆپۆلیزمی لۆپان له‌ژێر ناوی (ماكرۆنیزم) جێگه‌ی بكرێته‌وه، به‌كه‌وتنی (ماری لۆپێن) به ته‌نها بزاوتێكی پۆپۆلیستی ناوخۆیی له فه‌ره‌نسا ناكه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌و هه‌ژموون و شه‌پۆله‌ش له پڕۆسه‌كەدا ده‌گلێ كه بۆ تەواوی ئه‌وروپا ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی گوتاری دژه ئیسلام و په‌ڕگیریی نه‌ته‌وه‌یی و دژایه‌تی په‌نابه‌رانەوە بگه‌نه كۆشكه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و پڕۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاری سیاسی قۆرخ بكەن .
ئه‌نجامه‌كانی خولی یه‌كه‌م له ئاستی شه‌قامی فه‌ره‌نسی و تەنانەت بۆ ئه‌وروپای گیرۆده به مه‌ترسی و لێكه‌وته‌ی سه‌ركێشیه‌كانی (فلادیمیر پوتین) له ئۆكرانیا شۆكێكی تر بوو، هه‌ڵكشانی ده‌نگی (لۆپین) له به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی لیبراڵیزم و شوناسی ره‌سه‌نی فه‌ره‌نسییه‌كان، هێنده بارگاویی بوو به ترس و تۆقین ته‌نها مانای بردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن نابێ، به‌ڵكو داهاتووی كیان و چوارچێوه‌ی ئه‌وروپا و پێگەی ئه‌و یه‌كێتییه له هاوكێشەی جیهانیدا ده‌خاته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌وه. دواجاریش به‌سه‌ركه‌وتنی ماكرۆن جارێكی تر ئه‌و خه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ره‌وییه‌وه، به‌ڵام بونیادی كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسی و ستراكچه‌ری ئه‌و وڵاته له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌دا ده‌مێنێته‌وه، به‌تایبه‌ت كه ده‌نگه‌كانی لۆپین به‌ڕێژه‌ی (41.8 %) ئاماژه‌یه كه نزیكەی نیوەی کۆمەڵگەی فه‌ره‌نسی له‌پشت گه‌وره‌كردن و باربۆكردنی ستراتیژی توندڕه‌وی لۆپین و ئه‌و بزووتنه‌وه پۆپۆلیستیه‌وه‌ن.
ده‌نگه‌كانی لۆپین به‌ڕێژه‌ی (41.8 %) ئاماژه‌یه كه نزیكەی نیوەی کۆمەڵگەی فه‌ره‌نسی له‌پشت گه‌وره‌كردن و باربۆكردنی ستراتیژی توندڕه‌وی لۆپین و ئه‌و بزووتنه‌وه پۆپۆلیستیه‌وه‌ن
ئەوەی په‌یوه‌سته به‌ستراتیژی سه‌ركه‌وتنی ماكرۆنەوە، ئه‌گه‌ر بەشێكی په‌یوه‌ندی به ترسه‌كانی کۆمەڵگەی فه‌ره‌نسییه‌وه هه‌بێت له لۆپێن، ئه‌وه به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی گرێدراوی سروشتی كەسایەتی ماكرۆن خۆیه‌تی، له وتارێكیشدا (لبیلك سمیس) مێژوونووسی فه‌ره‌نسی له گۆڤاری (فۆرین بولیسی) بڵاویكردۆته‌وه، پێداگری له‌سه‌ر بایه‌خی كه‌سێتی كاره‌كته‌ری (ئیمانوێل ماكرۆن) ده‌كات و سكێچی گشتی بیركردنه‌وه‌كانی ده‌به‌ستێته‌وه به دوو كاره‌كته‌رەوە، یه‌كه‌میان فه‌یله‌سوف (پۆل ریكۆر) نووسه‌ری كتێبی (مێژوو، یاده‌وه‌ریی و بیرچوونه‌وه)یه كه ماوه‌یه‌ك له دامه‌زراوه‌یه‌كی میدیایی پێكه‌وه كاریان كردووه و دووه‌میش (میشێل روكار) سه‌رۆك وه‌زیرانی كۆتایی هه‌شتاكانی فه‌ره‌نسا بووه، ئه‌و شوبهاندنە و به‌جێهێشتنی كاریگه‌ریی ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره له‌سه‌ر (ئیمانوێل ماكرۆن) له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌یە كه ته‌نگانه و دۆخی كاره‌ساتباری کۆمەڵگەش مومكینە دیسانه‌وه ئامرازێكی به‌هێزی خۆ به‌پاڵه‌وان و سەركردە كردن بێت و به‌كاربهێنرێ بۆ سه‌ركه‌وتن، یان وه‌ك (عه‌بدولڕه‌حمان راشید) روونی دەكاتەوە «دۆخی ناله‌بار له پێناو سه‌ركه‌وتن له‌بار بكرێ»و له رێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی خاڵی به‌هێز له ساته‌وه‌ختی لاوازدا رای گشتی و ده‌نگده‌ر سه‌رنج و دیدگایان زه‌وت بكرێت، ئه‌مه‌ش شتێكه له دڵنیاییه‌كه‌ی (ماكرۆن) له گه‌یشتنه‌وه‌ی به كۆشكی ئه‌لیزێدا رەنگ دەداتەوە، كه دۆسێکانی (كۆڤید 19)و جه‌نگی (روسیا و ئۆكرانیا) به چەقی ئه‌و پاڵه‌وانسازییه‌ی خۆی ده‌بینێ و چانسی دووباره‌ی له‌به‌رده‌مدا كرده‌وه. به‌سه‌ركه‌وتنی ماكرۆن دەركەوت كه کۆمەڵگەی فه‌ره‌نسی نایانه‌وێت پۆپۆلیزم و سیمبولەكانی لە ئەلیزێ -و فەرەنسا بەڕێوە ببەن.