ئەدەبی منداڵان

10:26 - 2023-12-24
سمکۆ چنارەیی
140 خوێندراوەتەوە

سمکۆ چنارەیی


ئەدەبی منداڵان لە زانیاری و چەندین جۆری هونەری نووسین وەک چیرۆک، هۆنراوە، رۆمان، ئۆپەرێت، پەند و...هتد پێکدێت. کە تایبەتن بە منداڵی قۆناغی باخچەی ساوایان تا تەمەنی مێرمنداڵی.
ئەو  کەسانەی ئەدەبی منداڵان دەنووسن پێویستە کەسانی بە ئاگا و شارەزای جیهانی رەنگاڵەی منداڵان بن، چونکە کاریگەرییەکی زۆر و بایەخێکی جیاوازی لە ژیانی ئێستا و ئایندەی منداڵدا دەبێت، باشترین گوزارشتیش لەو نووسینەدا ئەوەیە بەها جوانەکانی کۆمەڵ لەبەرچاو بگیرێت هەروەها خۆشویستنی ئاژەڵ و باڵندە و ژینگە و سروشت و هەموو پێکهاتەکانی تر لەبەرچاو بگیرێت.
بەداخەوە زۆر خاوەن قەڵەم ئەدەبیاتی منداڵان بە کارێکی ئاسان دەزانن و زۆر نووسینی ئەو بوارە هەیە تەواو پێچەوانەی دنیای جوانی منداڵانە و لەڕووی پەروەردەیشەوە ناکامڵە و لەجیاتی چاندنی بەهاجوانەکان لە ناخی منداڵدا تۆوی شەڕەنگێزی و لاساری و خۆبەزلزانین دەچێنێت.
پێویستە ئاگاداری ئەو هەموو پێشکەوتن و داهێنان و سەردەمە نوێیە بین هاتۆتە ئاراوە، ناکرێت لە ئەدەبیاتی منداڵاندا تەنیا زمانێکی سادە و ساکار و شێوازە کۆنەکانی ژانرە جۆراوجۆرەکان پەیڕەو بکرێت و دوور بین لە سەردەمی دیجیتاڵی، نووسەری ئینگلیزی (جوان ئایکن)  دەڵێت: نووسین بۆ منداڵان، لەوانەیە بەو ئاسانییە نەبێت کە بیری لێ دەکەنەوە، لەبەرئەوە پێویستە نووسەرانی ئەو بوارە گرنگە پەروەردەکار و دەروونناس و شارەزای قۆناغەکانی  گەشەکردنی منداڵ بن.

وتارەکانی نوسەر