مام له‌ شام

״حکومەتی سوریا بە ماوەیەكی كەم ناڕوخێت״

10:28 - 2023-12-24
عه‌لی شه‌مدین
290 خوێندراوەتەوە

عه‌لی شه‌مدین

48



قەیرانی سوریا كە لە 15/3/2011 دەستی پێكرد، سەرەنجی مام جەلالی بەلای خۆیدا راكێشا،  بەردەوامیش چاودێری پێشهات و پەرەسەندەكانی ئەو قەیرانەی دەكرد وەكو سەرۆكی وڵاتێك كە سنوورێكی فراوانی هاوبەشی هەیە لەگەڵ سوریادا، بەو پێیەی كە قورسترین قۆناغەكانی خەباتیشی لەسوریا بەسەربردبوو پەیوەندی دوو قۆڵیشی بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی سوریادا هەبوو، ئەمە چ جای ترسی لەچارەنووسی میللەتەكەی كە دووەم پێكهاتەی نەتەوەیی ناو سوریایان لە دوای عەرەب پێكدەهێنا، ئەوا خوێندنەوەی تایبەت و واقعیانەی بۆ ئەو قەیرانە هەبوو، هەروەها بۆچوونێكی تایبەتی بۆ پێشهات و رووداوەكانی ناو سوریا هەبوو، لەبەر ئەوە شیكارییەكانی بۆ دەرەنجامی قەیرانەكە ورد و شۆكهینەر بوو بۆ هەموو ئەوانەی چاوەڕوانی رووخانی خێرای رژیمی دیمەشقیان دەكرد لەماوەی تەنها چەند هەفتەیەكدا.

بڕوای ئۆپۆزسیۆن بە رووخانی خێرای رژێم
لەراستیدا رای گشتی باو لەو كاتەدا وابوو كە رژێمی دیمەشق بەنزیكترین كات دەڕوخێت، چونكە ئاماژەكانی سەر ئەرزیش بۆ ئەوە دەچوون، بەتایبەت كاتێك رۆبەرت فۆردی باڵیۆزی ئەمریكاش لەدیمەشق لە 7/7/2011 بە شێوەیەكی شەخسی چووە ناو خەڵكی راپەڕیوی دژ بە ئەسەد لە شاری حەما، كە ئەوكات نارەزایی گەورەی بەخۆوە دەبینی دژ بە حكومەتی سوریا.
 هەر ئەو بۆچوون و بڕوا هەڵەیە وایكرد سەركردایەتی بزووتنەوەی كوردی سوریا  رازی نەبێت بە دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەددا لەسەرەتاكانی مانگی نیسانی ساڵی 2011،  هەر ئەو لایەن و هێزە كوردییانە بەدەر لە (PYD)، (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا)یان لە 26/10/2011 دامەزراند، كە دواتر و لە 27/8/2013 چووە ناو (الائتلاف الوطني لقوی الثورة والمعارضة السوریة) و  لەو كاتەوەو تا ئەمڕۆ بەبێ سوود كاریان لەگەڵدا بكات بۆ روخانی رژێمی ئەسەد.

خوێندنەوەی مام بۆ ئایندەی سوریا
گومانی تێدا نییە، خوێندنەوەی مام جەلال بۆ ئایندەی قەیرانی سوریا لەو كاتەدا لە فەراغەوە نەبوو، بەڵكو پشتی بە شارەزایی سیاسیی و ئەزموونی خەباتی خۆی بۆ ماوەی شەش دەیە لەسەركردایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد دەبەست، هەروەها پشتی بە بیرتیژی و شیكاری ووردی خۆی بۆ رووداوەكان و بەشێوەیەكی بابەتیانە و هەروەها بەو زانیارییە زۆرەی پێی دەگەیشت لەریگەی سەرچاوە باوەڕپێكراو و تۆڕی پەیوەندییە فراوانەكانییەوە دەبەست، بۆیە مام جەلال هەرزوو  پێشبینی ئەوەی كرد كە رژێمی سوریا لەماوەیەكی نزیكدا ناڕوخێت، هەرچەند شەڕێكی ناوخۆیی درێژخایەن لەو وڵاتە بەرپادەبێت، لەكاتێكدا هەمووان جەختیان لەزوو رووخان و داڕمانی دام دەزگاكانی رژیمی ئەسەد دەكردەوە، جەنگیز چانداری نووسەر و راگەیاندكاری بەناوبانگی توركیش لەوانە بوو كە لە كتێبی (شەمەندۆفێری میزۆبۆتامیا) لەو رووەوە و لەسەر زاری مام جەلال بڵاویكردۆتەوە: رژێمی سوریا دەتوانێت بۆ ماوەیەكی زیاتر لەوەی پێشبینی كراوە بمێنێـتەوە، بەڵام سوریا كەمە كەمە دەچێتە نێو شەڕێكی ناوخۆییەوە، بۆسەو تەقینەوەو ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراوو تیرۆر دەستپێدەكات لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، واتا تیرۆر و توندوتیژی قەیرانەكە درێژتر دەكاتەوە).
من ئەم لیدوانەم بە شەخسی لە جەنگیز چاندار بیست، لەكاتی ئامادەبوونم لەو كۆڕەی لە ماڵەكەی خۆی لەسلێمانی لە 10/2/2016 بەستی، كە ژمارەیەكی زۆر كەسایەتی سیاسیی و كۆمەڵایەتی ئامادەی بوون، لەو بابەتە گرنگانەی  چاندار باسی كرد، قەیرانی سوریا بوو، هەروەها باسی لە پێشبینییە راستەكانی مام جەلال كرد سەبارەت بەئەنجامی قەیرانەكە و باسی لە پەشیمانی خۆشی كرد سەبارەت بە خراپ تێگەیشتن لەهەڵویستی مام جەلال، كە دەیووت رژێمی سوریا ناكەویت، چاندار لەو بارەیەوە وتی: هەست بە پەشیمانی دەكەم لەوەی خراپ لە هەڵویستی مام جەلال گەیشتم سەبارەت بە نەڕوخانی رژێمی ئەسەد، ئەوكاتیش من پێچەوانەی بۆچوونەكەی ئەوم هەبوو، پێموابوو مام جەلال پاڵپشتی ئەسەد دەكات و بەلای ئەو رژێمەدا دەیشكێنێتەوە، بەڵام هەرزوو واقیع راستی هەڵویستەكەی مام جەلال و دووربینی ئەوی دەرخست، بۆیە وای بە پێویست دەزانم داوای لێبوردنی لێبكەم لەسەر خراپ لێكدانەوەم بۆ هەڵوێستەكەی ئەو.

رژێم بەم نزیكانە ناڕوخێت
هەمان ئەوەم لەمام جەلال بیست لەكاتی دیدارمان لەگەڵیدا (عەبدولحەمید دەرویش و من) لە هاوینەهەواری دوكان لە 3/11/2011دا، دیدارەكە كە هەریەك لە بەڕێزان (یوسف زۆزانی و عەبدولرەزاق تۆفیق)یش ئامادەی بوون، دوای ئەوەی مام جەلال پێشوازی لێكردین و بەخێرهاتنی هەڤاڵ عەبدولحەمید دەروێشی بۆ سلێمانی كرد، دوا پێشهاتەكانی قەیرانی سوریا و ئایندەی رژێمی سوریای لێ پرسی، ئەویش كورتەیەكی پێشهات و پەرەسەندنەكانی ناو سوریای بۆ باسكرد، بەتایبەت نارەزایی و خۆپیشاندانەكانی ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە، بە مام جەلالیشی وت، بۆچوونی باوی شەقامی سوریا بەگشتی و كورد بەتایبەتی ئەوەیە، رژێمی ئەسەد بەماوەیەكی كەمتر لە شەش مانگ دەڕوخێت، مام جەلال لەوڵامدا پێی وت: ئێوە ئاگاداری زیاتری پێشهاتە مەیدانییەكانی ناو سوریان، بەڵام من وای دەبینم، هێشتا وەرەقەكانی دەستی رژێم زۆرتر و بەهێزترن، ئەوەش ئاماژەیە بۆ نە روخانی ئەو رژیمە لەماوەیەكی كەمدا.
ئەم هەڵوێستەی مام جەلال سەبارەت بە قەیرانی سوریا، لایەن و هێزە سیاسییە كوردییەكانی سوریا تووشی شۆك كردبوو، بەتایبەت كە زۆریان چوبوونە پاڵ ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەو بانگشەیان بۆ روخانی رژێم دەكرد، بەڵام تەشەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی واقعی سەر زەوی لەسوریا، راستی شیكاری و پێشبینیەكانی مام جەلال و دووربینی و خوێندنەوەكانی بۆ قەیرانی سوریا دەرخست، هەروەها راستی ئەو قسەیەشی دەرخست كە ئەم رژێمە دەستناپاریزێت لەكەس و بەتوندترین شێوە لەو لایەنانە دەدات كە دژی دەوەستنەوە،  چاندار لەكتیبەكەیدا لەو بارەیەوە دەڵێت: رژێمی سوریا كەمینەیەو لەدەسەڵاتی ئیسلامیی سوننە دەترسێت، بۆیە لە هیچ ناسڵەمێتەوەو بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی هێز و توندوتیژی بەكاردەهێنێـت.
و: گۆران فەتحی

 

 

وتارەکانی نوسەر