عه‌لی شه‌مدین
و: گۆران
مه‌سه‌له‌ی كوردی له سوریا دوای روخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و نه‌خشاندنه‌وه‌ی سنووره‌كان له نێوان سوریا و توركیا به پێی رێكه‌وتنامه‌ی سایكس بیكۆ له 1916 په‌یدابوو، له‌و رێكه‌وتنامه‌یه‌شدا ناوچه كوردییه‌كانی (جه‌زیره، كۆبانی، عه‌فرین) لكێنران به سنووره‌كانی سوریای نوێه‌وه، كه ئه‌وكات له‌ژێر ركێفی فه‌ره‌نسا بوو، كوردیش له‌قۆناغی ئینتیدابدا رۆڵێكی گرنگی گێرا له بنیاتنان و ئیداره‌دانی سوریا له‌هه‌موو بواره‌كاندا، تا راده‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ندێكیان پۆستی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركان و پۆستی ئیداری و سه‌ربازی باڵایان وه‌رگرت.
سه‌رهه‌ڵدانی بیری شۆفێنی له سوریا
هه‌ر دوای ده‌رچوونی فه‌ره‌نسییه‌كانیش له سوریا له 1946، بیری شۆفێنی سه‌ریهه‌ڵدا و زیادی كرد له‌ناو نێوه‌ندی عه‌ره‌بیدا، ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی دامه‌زراندنی حزبێكی عه‌ره‌بی شۆفێنی وتوندڕه‌و بوو به‌ناوی (به‌عس)، كه له‌به‌رنامه‌كه‌یدا بانگشه‌ی بۆ تواندنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی تری سوریا ده‌كرد له‌ناو بۆته‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بدا، به‌عس به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان سه‌ركه‌وتووبوو له كۆكردنه‌وه‌ی رای گشتی عه‌ره‌ب به‌ده‌وری سیاسه‌ته ره‌گه‌زپه‌رستانه‌كه‌ی و توانی هانیان بدات دژ به كورد و به نه‌ته‌وه‌كانی تری ناو سوریا، هه‌موو ده‌زگا و راگه‌یاندنی خۆشی ته‌رخان كرد بۆ ناشرینكردنی دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد، هاوكات حزبی شیوعی سوریا كه هه‌وادارێكی زۆری له‌ناو نێوه‌ندی كوردیدا هه‌بوو، هه‌وڵی ده‌دا نه‌زعه‌ی كۆسمۆپۆلیتی له‌ناو كورددا بڵاوبكاته‌وه، ئه‌مه چ جای بوونی هێز و لایه‌نی ئیسلامیش كه دژایه‌تی روحی نه‌ته‌وه‌یی كوردیان ده‌كرد، بڕوایان وابوو جیاوازی نییه له‌نێوان عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م ته‌نها به‌ته‌قوا و كاری باش نه‌بێت، ئه‌مانه‌ش له‌كاتێدا بوون، هیچ رێكخراوێكی سیاسیی كوردی بوونی نه‌بوو، بتوانێت به‌رگری له بوونی گه‌لی كورد له‌سوریا بكات و دۆز و خه‌باته‌كه‌ی بناسێنێـت و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێـته‌وه.
له‌گه‌ڵ زیادبوون و به‌هێزبوونی بیری شۆفێنی و توندڕه‌و، گه‌لی كورد له سوریا روبه‌ڕووی مه‌ترسی راسته‌قینه بووه، له‌سه‌ر بوون و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه پێویست بوو روبه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسییه ببێته‌وه، وه‌كو وڵامێكیش بۆ ئه‌و پێویستییه نه‌ته‌وه‌یی و مێژوییه، نوخبه‌یه‌ك له روناكبیرانی كورد، یه‌كه‌م رێكخراوی سیاسیی كوردیان له سوریا له 1957-6-14 دامه‌زراند و راگه‌یاند، مام جه‌لالیش كه ئه‌وكات له‌شام بوو، رۆڵی هه‌ره گه‌وره‌ی بینی له هاندانیان بۆ دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌یان و پاڵپشتی زۆری لێ‌كردن له رووی مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه، هه‌رزووش حزبه نوێیه‌كه توانی جه‌ماوه‌ری كورد له كوردستانی سوریا له‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه و هه‌زاران كه‌س له چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان له‌ده‌وری كۆبوونه‌وه، لقه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ش له‌هه‌موو ناوچه كوردییه‌كانی سوریا كرانه‌وه، حزبه‌كه هه‌روه‌ها توانی رای گشتی كورد له‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه‌و ئاراسته‌ی بكات بۆ داواكردنی مافه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی خۆی.
دامه‌زراندنی یه‌كه‌م حزبی كورد له سوریا
به‌مجۆره یه‌كه‌م رێكخراوی سیاسیی كورد له سوریا دامه‌زرا به‌ناوی پارتی دیموكراتی كورد له‌سوریا، كه توانی گه‌لی كورد له كوردستانی سوریا رێكبخات و له‌ده‌وری خۆی كۆی بكاته‌وه و ئاراسته‌ی بكات بۆ خه‌بات دژ به سیاسه‌ته شۆفێنیه‌كان له‌سوریا كه عه‌قڵیه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی به‌عس ئاراسته‌ی ده‌كرد، گه‌لی كوردی ده‌كرده ئامانج و داوای گۆڕانكاری دیموگرافی له‌ناوچه كوردییه‌كان ده‌كرد داوای ته‌عریبكردن و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی له‌و وڵاته ده‌كرد.