یه‌كێتیی ئه‌وروپا چاكسازی له‌ مافی په‌نابه‌راندا ده‌كات

10:19 - 2023-12-25
ئاری مەحمود قەرەداغی
328 خوێندراوەتەوە

به‌پێی راپۆرتی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2023دا، وڵاتانی ئه‌و یه‌كێتییه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌ش له‌سه‌ر پێشنیازه‌كانی كۆمسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌وروپا رێکەوتوون سەبارەت بە میكانیزمی قه‌یرانه‌كان و چاكسازی له‌ مافی په‌نابه‌راندا، ئه‌م رێكه‌وتنه‌ش رێگه‌ به‌ گفتوگۆی ‌نێوان وڵاتانی ئه‌ندام و په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ده‌دات تا چاكسازیی له‌ سیستمی په‌نابه‌ری له‌ ئه‌وروپادا بكرێت. 
ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت رێسای قه‌یرانه‌كان، توخمێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ چاكسازییه‌ پلان بۆ داڕێژراوه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ مافی په‌نابه‌ری. له‌ ئه‌گه‌ری زیادبوونی كۆچكردنی په‌نابه‌راندا ده‌توانرێت بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌كاربهێنرێت كه‌ ده‌توانرێت خه‌ڵك له‌ بارودۆخێكی هاوشێوه‌ی زینداندا رابگیرێن. 
جگه‌ له‌وه‌ش ده‌توانرێت بازنه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ زیادبكرێت كه‌ شایسته‌ی رێكاره‌ تونده‌كانی سنووری پلانەکەن. 
له‌ بنه‌ڕه‌تدا پلانه‌كانی چاكسازیی مافی په‌نابه‌ری یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ نێوان پلانەکانی تردا مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر توندتر له‌گه‌ڵ كه‌سانی ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌كات كه‌ تاڕاده‌یه‌ك به‌ ئارام داده‌نرێت. 
له‌داهاتوودا دوای به‌زاندنی سنوور، په‌نابه‌ران ده‌برێنه‌ زیندان و به‌ توندی كۆنترۆڵ ده‌كرێن، دواتر به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی، دوای مانه‌وه‌ی 12 هه‌فته‌ له‌وێدا، پشكنینیان بۆ ده‌كرێت كه‌ ئایا داواكار چانسی پێدانی مافی په‌نابه‌ریی هه‌یه‌ یان نا؟ ئه‌گه‌رنا پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ بنێردرێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانی خۆیان.
جگه‌ له‌وه‌ش پێویسته‌ دڵنیابكرێنه‌وه‌ كه‌ له ‌داهاتوودا به‌شێك له‌ په‌ناخوازان له‌ وڵاتانی وه‌ك ئیتالیا و یۆنان ده‌برێنه‌وه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ نایانه‌وێت په‌نابه‌ر وه‌ربگرن، ناچار ده‌بوون پاره‌ی قه‌ره‌بوو بده‌نه‌وه‌. 
ئه‌ڵمانیا نیگه‌رانه‌ 
ئه‌و راستییه‌ی كه‌ بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك نه‌توانرا هیچ رێكه‌وتنێك له‌سه‌ر پلانه‌كانی میكانیزمی قه‌یرانه‌كان بكرێت، بۆ نیگه‌رانییه‌ مرۆییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌ڵمانیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام دوای زیادبوونی گوشاره‌كانی وڵاتانی ئەندام، به‌رلین هه‌ر ئه‌وكات له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا دوای پێدانی ئیمتیازاتی بچووك، ده‌ستبه‌رداری داواكارییه‌كانی خۆی بوو. 
 ئیتالیاش رازیبوو  
سه‌ره‌تا ئیتالیا ره‌تیكرده‌وه‌، به‌ڵام دواتر ره‌زامه‌ندیی ده‌ربڕی له‌سه‌ر سازشكردن له‌ لیژنه‌ی نوێنه‌رانی هه‌میشه‌یی وڵاتانی ئه‌ندام. پاشان حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌ڵمانیا هۆکاری ره‌تكردنه‌وه‌ی پێشنیازی رێساكه‌ی روونكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: (وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌توانن رێساكان به‌كاربهێنن بۆ دابه‌زاندنی ستاندارده‌كانی پاراستنی كۆچه‌ران بۆ ئاستێكی نزم كه‌ ئه‌وه‌ش جێی پرسیاره‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ته‌نها توانی چه‌ند خاڵێك جێبه‌جێ بكات. 
رۆژی 20/12/2023 له‌ په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتییه‌کە له‌سه‌ر چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌ سیاسه‌تی په‌نابه‌ری و كۆچه‌ری له‌ناو یه‌كێتییه‌کەدا گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن مارگاریتیس شیناس،‌ كۆمیساری كۆچه‌رانی یه‌كێتیی ئه‌وروپاوە راگه‌یه‌نرا. 

 

له‌ رێكاره‌كانی په‌نابه‌ریدا جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ وه‌ك پێویست رێزی لێنه‌گیراوه‌

 

كه‌مپی هاوشێوی زیندان 
دوای چه‌ندین ساڵ دواجار له ‌دانوستانه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌ چاكسازی له‌ مافی په‌نابه‌ریدا، پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو بینرا و به‌مشێوه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ چاكسازی له‌ سیستمی په‌نابه‌ری له‌ ئه‌وروپا ده‌كرێت و له‌وباره‌یه‌وه‌ نوێنه‌رانی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا دوای چه‌ندین ساڵ گفتوگۆ له‌سه‌ر ده‌قه‌ یاساییه‌ په‌یوه‌نیداره‌كان گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام و بەوەش یاساكانی په‌یوه‌ندیدار توندتر ده‌كرێن و پلانی توكمه‌ی بۆ داڕێژراوه‌ و ئامانجه‌كه‌شی سنوورداركردنی كۆچی به‌ لێشاوه‌.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و رێكه‌وتنه‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن پلینۆمی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه‌ پشتڕاست بكرێته‌وه‌ و ‌ئێستا زیاتر ر‌واڵەتییە.  
له‌ داهاتوودا پێویسته‌ رێكاری سنووریی یه‌كسان له‌ سنووره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپادا هه‌بێت و پلان هه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن زۆر توندتر له‌گه‌ڵ كه‌سانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ تاڕاده‌یه‌ك به‌ ئارامتر داده‌نرێت، تا بڕیار له‌سه‌ر داوای مافی په‌نابه‌ری ده‌درێت، پێویسته‌ خه‌ڵك بتوانن له‌ كه‌مپه‌كانی ده‌ستبه‌رسه‌ركردندا هاوشێوه‌ی زیندان جێگیر بكرێن.
به‌ گوێره‌ی پلانه‌كان، دابه‌شكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی داوای پاراستن ده‌كه‌ن له‌نێوان وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپادا، به‌ به‌كارهێنانی «میكانیزمی هاوپشتی» رێكده‌خرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر وڵاتان نایانه‌وێت په‌نابه‌ر وه‌ربگرن، ده‌بێت پاڵپشتی پێشكه‌ش بكه‌ن، بۆ نموونه‌ له ‌شێوه‌ی پێدانی پاره‌، په‌ناخوازە ره‌تكراوه‌كان پێویسته‌ له‌ داهاتوودا به‌ ئاسانی دیپۆرت بكرێنه‌وە بۆ وڵاتانی سێیه‌م. 
هه‌وڵه‌كانی چاكسازی  
دوای قه‌یرانی په‌نابه‌ران له‌ ساڵانی 2015-2016 هه‌وڵه‌كانی چڕكردنه‌وه‌ی چاكسازییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی په‌نابه‌ر به‌رده‌وامه‌، له‌وكاته‌دا هه‌زاران ئاواره‌ به‌ تایبه‌تی ئاواره‌کانی سوریا به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی خۆیان تۆماربكه‌ن له‌رێگه‌ی یۆنانه‌وه‌ روویان كرده‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا. ئه‌مه‌ له‌ڕاستیدا نه‌ده‌بوو روو بدات، چونكه‌ به‌پێی رێسای به‌ناو «دبلن» په‌ناخوازان ده‌بوو له‌و شوێنه‌ تۆمار بكرێن كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ده‌چنه‌ ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه‌. دواتر كۆمسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی 2016دا یاساییه‌كی نوێی پێشنیاز كرد.
ئۆرسولا ڤۆن دێرلیین سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا باس له‌ ئاڵنگارییه‌ هاوبه‌شەکانی ئه‌وروپای دەکات.
 ئانا لینا بایر بۆك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رێكه‌وتنی چاكسازیی له‌ سیستمی په‌نابه‌ری له‌ ئه‌وروپا وەسفکرد به‌ «به‌په‌له‌ی پێویست و له ‌مێژه‌ دواكه‌وتوو». وتیشی: به له‌به‌رچاوگرتنی ئازادیی جووڵه‌ له‌ ئه‌وروپا، هه‌موان له‌م باره‌یه‌وه‌ پێویستیان به‌ یاسایه‌كی متمانه‌پێكراوە‌، بۆ یه‌كه‌مجار وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ناچار ده‌بن هاوده‌نگی نیشانبده‌ن بۆ دابه‌شكردنی كۆچه‌ران له‌ ئه‌وروپادا.
 دانوستانی سه‌خت تا كۆتایی  
 دانوستانه‌كان له‌باره‌ی مافی په‌نابه‌رانەوە تا كۆتایی زۆر سه‌خت بوون، له‌كاتێكدا كه‌ پێشنیازه‌كان له‌ وڵاتانی وه‌ك هه‌نگاریا به‌ راده‌ی پێویست به‌هێز نه‌بوون، رێكخراوه‌ فریاگوزارییه‌كان و به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ چه‌پ و سه‌وزه‌كانی ئه‌وروپا، نیگه‌رانیی خۆیان ده‌ربڕی كه‌ مافه‌كانی مرۆڤ به‌ شێوه‌ی پێویست له‌ رێكاره‌كانی په‌نابه‌ریدا رێزیان لێنه‌گیراوه‌. 

کۆچەران لەسەر سنووری یۆنان

وتارەکانی نوسەر