پوتین ئەنجامێکی پێوانەیی تۆمارکرد

09:31 - 2024-03-24
ئاری مەحمود قەرەداغی
123 خوێندراوەتەوە

ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی روسیا بە ئەنجامێکی پێوانەیی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکەیدا  بەدەستهێنا کە بەگوێرەی میدیاکانی دەوڵەتی روسیا، ناوبراو لە %87ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەتوانێت خولی پێنجەمی خۆی وەکو سەرۆکی روسیا دەستپێبکات.

ئۆپۆزسیۆن  لە روسیا، ناتوانێت چیتر هیچ بکات، بەتایبەتی کە پوتین کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە و گومان دەکرێت بوار بە هیچ جووڵە و کارێکی دژبە دەسەڵاتەکەی بدات لەناو روسیادا

ئەم ئەنجامە روونە چۆن هەڵنسەنگێندرێت؟
ئەم ئەنجامە کە بەلای هەندێکەوە گوماناوییە، تەنانەت لەم هەڵبژاردنەدا وەک شتێکی سەرسوڕهێنەر دێتەبەرچاو، ئامانجی کرێملینیش ئەوە بوو کە زیاتر لە %80ی دەنگەکان بۆ پوتین بەدەستبهێنێت، بەڵام لە %87 چەند خاڵێک زیاترە لەوەی چاوەڕوان دەکرا. 
لە روسیای ئەمڕۆدا ترسێکی زۆر لەنێو دانیشتوانەکەدا هەیە، هەربۆیە رەنگە زۆر کەس لە دەرەوەی بنکەکەی دەنگیان بە پوتین دابێت. ئەنجامەکە لەلایەک بە ساختەکردن باسی لە بارەوە دەکرێت،  لەلایەکی دیکەشەوە بە ئەنجامێکی باش و راستەقینە بۆ پوتین باسی لێوە دەکرێت، هەرچەند هەندێک ناوەند گومان لەوە دەکەن کە ترس و تۆقاندنیش رۆڵی هەبووبێت لەو مەسەلەیەدا.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی  تا چەند دادپەروەرانە بوو؟
بەگوێرەی لێکدانەوەی رکابەران و نەیارانی  سیستمی حوکمڕانیی روسیا، هەزاران کارمەندی دەوڵەت و کەسانی دیکە لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە رەوانەی سندوقەکانی دەنگدان کراون بۆ ئەوەی دەنگ بە پوتین بدەن لەو هەڵبژاردنەدا، لەم بارەیەشەوە راپۆرتی جۆراوجۆر هەن. کە گوایە خەڵک دەبوو وێنەی کارتی دەنگدانەکەیان بگرن وەک بەڵگە بۆ دەنگدان بە سەرۆکەکانیان.
هەڵبژاردن لە روسیا بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ رۆژدا و بە ئامێری ئەلەکترۆنی بەڕێوەچوو، کە ئەوەش هاندەری ساختەکارییە.

لە بنکەکانی دەنگدان لە مۆسکۆ چۆن پڕۆسەکە بەڕیوەچووە؟
خەڵک ناچار بوون بەشێوەی ئەلەکترۆنی دەنگ بدەن لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، سندوقەکانی دەنگدانیش روونن و کاغەزەکانی دەنگدانیش ناتوانرێت قەد بکرێت، واتا هەمووان دەتوانن بزانن دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە، لە بنکەکانی دەنگدانیشدا ئامادەییەکی زۆری پۆلیس و هێزی ئەمنی هەبووە، کە هەندێکیان چەکدار و یەکپۆش بوون، هەندێکیان بە جلی مەدەنی و بێ ناسنامە لەو بنکانە بوون، پۆلیسەکانیش لە بنکەکانی دەنگداندا سەیری کاغەزی دەستی خەڵکیان دەکرد بۆئەوەی بزانن دەنگیان بە کێ داوە؟!

سەرکەوتنی پوتین چی دەگەیەنێت بۆ ئۆپۆزسیۆن؟
کاندیدی دووەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا، توانیوێتی نزیکەی  %4ی دەنگەکانی  هەڵبژاردنەکە بەدەستبهێنێت، بەوەش ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی ئامادەبوونێکی بەهێز لەم هەڵبژاردنەدا نیشانبدات، وەک دەوترێت «بەهۆی بوونی ساختەکاری لە هەڵبژاردن» یان لاوازبوون لە رکابەریکردن و کۆکردنەوەی هەوادار بۆ کاندیدەکەی. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئۆپۆزسیۆن لە روسیادا ناتوانێت چیتر هیچ بکات، بەتایبەتی کە پوتین کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە و گومان دەکرێت بوار بە هیچ جووڵە و کارێکی دژبە دەسەڵاتەکەی بدات لەلایەن ئۆپۆزسێون یان هەر لایەن و کەسایەتییەکەوە لەناو روسیادا.

چاوەڕوانی چی لە پوتین دەکرێت؟
پێدەچێت ڤلادیمێر پوتین زیاتر پاڵ بەو پڕۆژانەوە بنێت کە کەمتر جەماوەریین، رەنگە باجیش لەناو ئەو وڵاتەدا زیاتر بکات، بەتایبەتی کە کریملینیش بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ئۆکرانیاوە  پێویستی بە پارەی زیاترە، پێدەچێت ئەوەش وابکات کە پوتین سیستمێکی باجی ئاڵۆزتر بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەوەش لە داهاتی هاووڵاتی روسیا وەربگرن لە پاڵ کۆمپانیاکان و خاوەن کارەکاندا، هەروەها بڕیارە لە هاویندا نرخی وزە و نرخی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دیکەش لەو وڵاتە بەرزبکرێتەوە.
 ئێستا کریملین توانای ئەم کارەی هەیە، چیتریش ناچار نییە ئەوەندە خەمی باری دەروونی دانیشتوانی روسیا بخوات، لە سایەی بەردەوامیی سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پوتیندا لە خولی پێنجەمی سەرۆکایەتی لەو وڵاتەدا.
دووبارە هەڵبژاردنەوەی پوتین و  جەنگی ئۆکرانیا
قسە و باس لە روسیا لەسەر ئامادەکاری و خۆکۆکردنەوەی زیاترە بۆ شەڕی ئۆکرانیا، ئەگەر کریملینیش بیەوێت سەرکەوتووبێت، ئەوا دوای ئەم هەڵبژاردنە، کاتەکە گونجاوە و سوپای روسیا دەتوانێت خۆی کۆبکاتەوە و کەڵک لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن وەربگرێت.
 بەڵام کریملین پێشتریش چەند جارێک ئەو جۆرە هەوڵەی رەتکردۆتەوە، سەرسوڕهێنەریش نابێت ئەگەر سەرکوتکردن دژ بە نەیارانی شەڕی ئۆکرانیا بەردەوام بێت لەو وڵاتە.

سەرکەوتنی پوتین لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی روسیادا

وتارەکانی نوسەر