مامۆستا و پیشە و پێگەی مامۆستایی لەناو کۆمەڵدا

09:25 - 2024-01-03
بڵێسە جەبار فەرمان
200 خوێندراوەتەوە

 ئەوەی مرۆڤ لە گیانلەبەرانی تر جیادەکاتەوە بوونی عەقڵ و بیرکردنەوەیە هەروەها بوونی رۆح و ویژدانە کە خودا بە مرۆڤەکانی بەخشیوە.
پیشەی مامۆستایی، پیشەیەکی پیرۆزە و زۆر کات دەوترێت پیشەی پێغەمبەرانە، بەو واتایەی پەیامێکیان پێیە بۆ گەیاندن هەروەها بە پیشەی دروستکەری نەوەکان ناودەبرا.
گومانی تێدا نییە پیشەی مامۆستایی لە رابردوودا لەنێو زۆرێک لە گەنجاندا رێزدارترین و خوازراوترین پیشە بووە، چونکە تاکە پیشەیە مامەڵە لەگەڵ عەقڵ و رۆحی مرۆڤدا دەکات ئەو دوو خەسڵەتەی خودا بە مرۆڤی بەخشیوە و جیای کردووەتەوە لە گیانلەبەرەکانی تر.
ساڵانی رابردوو مامۆستا مەکانەتێکی زۆر بەرزی هەبوو لەنێو کۆمەڵگەدا. بە رێزێکی زۆرەوە لە دەرەوەی خوێندنگە و لەلایەن تاکی کۆمەڵگەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرا. لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان ئەو کەسەی رێزێکی زۆری بۆ دەرببڕدرێت بە مامۆستا بانگ دەکرێت.
مامۆستا یەکێکە لەو پایە بنچینەییانەی کۆمەڵگە لەسەر دەستی بونیاد دەنرێت. مامۆستا هیوای میللەتە بۆ گەیشتن بە پێشکەوتن و گەشەکردن، کانیاوی ئاوی پاکە کە عەقڵ بە مەعریفە و کەلتور ئاودێری دەکات رابردوو دەپارێزێت و بەشدارە لە گەشەپێدانی ئێستادا بەمەش سیمای داهاتوو دادەڕێژێت.
مامۆستا پارێزەری رابردووە
پارێزەری رابردووە بەو واتایەی مەعریفە، بەهاکان، شارستانییەت دەگوازێتەوە و مێژووی میللەت لە لەبیرچوونەوە دەپارێزێت. مامۆستا بە باشترین شێوە رێنمایی خوێندکاران دەکات و بەها و بیروباوەڕ و گرنگترین زانیاری دەربارەی میراتە کەلتورییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازێتەوە. گەشەپێدەری ئێستایە بەو واتایەی ژیانی خوێندکار بۆ باشتر دەگۆڕێت بەوەی هیوایان بە ژیان بێت، بڕوایان بەخۆیان بێت و خۆشەویستییان بۆ خاک و نیشتمان و بونیاتنانی حکومەتێکی شارستانی.
زۆرێک لە خوێندکارەکان بێ ئامانجن، گرنگی بە ژیان نادەن و گرنگی بە ژیانی ئەکادیمی خۆیان نادەن و ئامانجی دیاریکراویان نییە کە هەوڵی گەیشتنی پێ بدەن. ژیان و بۆچونی ئەم خوێندکارانە بەهۆی مامۆستای شایستەوە دەکرێت گۆڕانکاری بەسەردابێت.
دروستکەری داهاتووە بەو واتایەی لە رێگەی کارەکانیانەوە فێرخوازەکان رادەهێنن بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی بەرهەمداری ناو کۆمەڵگە. مامۆستا متمانە بە خوێندکارەکانی دەبەخشێت و هانیان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. لەم رێگەیەوە خوێندکارەکان پێدەگەیەنرێن بۆ سبەینێیەکی باشتر.
کاتێک پرسیار لە سەرۆکی پێشووی دەوڵەتی سەنگافورە (لی کوان) کرا سەبارەت بە هۆکاری گەشەسەندنی سەنگافورە لە سەردەمی حوکمڕانی ئەودا وتی:» من لە سەنگافورە موعجیزەیەکم نەکرد، تەنها ئەرکی خۆمم بەرامبەر وڵاتەکەم ئەنجامدا، سەرچاوەکانی دەوڵەتم بۆ پەروەردە تەرخان کرد و پێگەی مامۆستایانم لە چینێکی بەدبەختەوە گۆڕی بۆ بەناوبانگترین پۆل لە سەنگافورە».
مامۆستا ئەو کەسەیە موعجیزەی دروستکردووە، ئەو کەسەیە نەوەیەکی بەرهەمهێناوە کە زانست و ئەخلاقی خۆشدەوێت، بەڵام چی بووە هۆی ئەوەی ئەم پیشە پیرۆزە بە شێوازێکی تر تەماشا بکرێت و ئەو رۆڵەی لەنێو خوێندنگە و دەرەوەی خوێندنگە نەمێنێ؟ ئێستا مامۆستا و پیشەی مامۆستایی ئەو رێزو و پیرۆزییەی جارانی نەماوە.
لەناوبردنی کەرتی پەروەردە
بەدەر لەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی وڵاتە زلهێزەکان بۆ بە کۆیلەکردن و بڵاوکردنەوەی جەهالەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، میللەتێک جاهل بێت باشتر ئاڕاستە دەکرێت و بەگژ یەکدا دەدرێن و شەڕ و ئاژاوە لە نێوانیاندا دروست دەکرێت و ئابوورییان کۆنترۆڵ دەکرێت، بۆیە سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ بە نەخوێندەوارکردنی کۆمەڵگەیە.
لەناوبردنی کۆمەڵگە بە لەناوبردنی کەرتی پەروەردە دەست پێ دەکات، لێرەدا نامەوێ باس لە کاریگەری و کارکردن و سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکان بکەم بۆ بە کۆیلەکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو دەمەوێ خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ ئاڵوگۆڕی ناوبانگی پیشەی مامۆستا بکەم.
مامۆستا بە سەرچاوەی زانیاری و زانست دادەنرا. بۆ هەموو بوارەکانی زانست و ژیان و ئایین روو لە مامۆستا دەکرا، ئەوەی مامۆستا بیوتایە بڕوای پێدەکرا.
ئێستا بەهۆی تەکنۆلۆجیا و میدیا سەرچاوەی بەدەست هێنانی زانیاری زیادی کردووە. بۆ هەموو جۆرەکانی زانیاری مرۆڤەکان روو لە ئینتەرنێت و گۆگڵ و یوتیوب دەکەن، ئەمەش بووە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی مامۆستا.
کەمی داهاتی مانگانەی مامۆستا و لە بەرامبەردا زیادی داهاتی پیشەکانی تر بۆتە هۆی ئەوەی کەمتر لاوان و خوێندکاران خواستی بوون بە مامۆستایان هەبێت، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر ناوبانگی پیشەی مامۆستا.
نزمی ئاستی بەشێک لە مامۆستا و کارنەکردنیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و سەقافییان. هەندێک لە مامۆستاکان هێندە ئاستی سەقافەتیان نزمە ناتوانن ببنە سەرچاوەی ئیلهام بۆ قوتابییەکانیان، تێکەڵ بوونی مامۆستا بە ئەجێندای سیاسی و پەیڕەوکردنی ئەو ئەجێندایانە لە حەرەمی خوێندنگە، حزبایەتی نا تەندروست و دانانی بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانە لەسەر بنەمای لایەنگری حزبی، خوێندنگەی ناحکومی بەشێکی تری ناشیرین کردنی پیشەی مامۆستایە ئەم قوتابخانانە کە بە پارەن، ئەو هەستە لەلای خوێندکار دروست دەکات کە مامۆستاکە بە پارەی ئەو کاردەکات و لە بەرامبەردا رێزی بۆ مامۆستاکە و پیشەکەی کەم دەبێتەوە.
بایکۆتی مامۆستایان
هەندێک لەوانەی پیشەی مامۆستایی هەڵدەبژێن لەبەر خۆشەویستییان بۆ ئەو پیشە و کەرتە نییە، بەڵکو لەبەر زۆری رۆژانی پشووە بە تایبەتی لە هاویناندا. ئەمەش ناشارنەوە و لەناو کۆمەڵگەدا زۆر بڵاوە کە تەنها پیشەیە زۆرترین رۆژانی پشووی هەیە، ئەمە لەکاتێكدایە لەهیچ شوێنێکی جیهاندا بەو شێوەیە نییە تەنها لەم وڵاتانەدا نەبێت کە خوێندن و خوێندنگەیان لەلا گرنگ نییە.
ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەو دۆخەی کۆمەڵگەی ئێمە پیایدا تێپەڕ دەبێت لە کەم بەها بوونەوەی پیرۆزییەکان. لە کاتێکدا نەوەی ئێمە و نەوەکانی پێشتر زۆر بەچاوی بەرز سەیری ئەم کەسایەتییە پەروەردەکارەیان کردووە و وەک قدووە و پێشەوا لێیان رابینیوە.
پیشەی بەرزی مامۆستا، لەناو دۆخێکدا ئەم پرسیارانە دەوروژێنم مامۆستایان بایکۆتی خوێندنیان کردووە و داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەم بایکۆتکردنە ئەوەندەی تر لە ئمیجی پیشەکەیان کەم دەکاتەوە.
من باسی کەم و کوڕی حکومەت ناکەم، بێگومان تاوانبارە لە دابیننەکردنی مافی هەموو فەرمانبەران، بەڵام تەنها مامۆستا نییە بێ موچەیە هەموو کەرتەکانی حکومەت مافیان پێشێلکراوە. پیشەی مامۆستا یەکێکە لەو کەرتانەی زۆرترین بەرپرسیارێتی لەسەر شانە، دەبێت مافی منداڵ و مافی خوێندن لەبەرچاو بگیرێت. بێبەش نەبوونی خوێندکار لە خوێندنی ساڵ گرنگە. پەک نەخستنی پڕۆسەی خوێندن ئەرکی هەموانە بە مامۆستا و خوێندکار و چینەکانی تر و دەسەڵاتیشەوە. با هەموان لە هەوڵی دووبارە جوانکردنی پیشەی مامۆستادا بین با لەوە زیاتر ناو و ناوبانگی ئەو پیشەیە غوبار نەکرێت.

مامۆستا یەکێکە لەو پایانەی کۆمەڵگە لەسەر دەستی بونیاد دەنرێت

وتارەکانی نوسەر