بەکارهێنانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت

09:49 - 2025-02-25
بڵێسە جەبار فەرمان
162 خوێندراوەتەوە

WHO لە ساڵێک دا بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ گەشتی تایبەتی بەرپرسانی خەرج کردووە، لە کاتێکدا بۆ نەخۆشییە کوشندەکان و سارییەکانی وەکو AIDS و هیپاتایتس، تەنها 71 ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە


1-رێکخراوی تەندروستی جیهانی   Organization  world health

لە ساڵی 1948 وەک رێکخراوێکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دروست بوو، بۆ چاودێریکردن و پشتیوانیی لە تەندروستی گشتی نێودەوڵەتی. 
ئەم رێکخراوە بارەگای سەرەکیی لە جەنێڤە.
ئەرکی ئامادەکردنی پڕۆژە و بەرنامەی تایبەتە بۆ چاودێریی تەندروستی جیهانی و  بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، 194 وڵات لەم رێکخراوەدا ئەندامن.
ئەم رێکخراوە لە رێگای ئابوونەوەوە خۆی بەرێوەدەبات.

سەرچاوە دارایییەکانی WHO:
سەرچاوە داراییەکانی WHO، دوو جۆرن:
1-پێدانی ئابوونە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە:
پێدانی ئابوونە بەپێی یاسای نەتەوەیەکگرتووەکان رێکدەخرێت و بەپێی داهات و ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی ئەندامە.
 لە نێوان 2022-2023 کۆی گشتی  ئابوونەی  194 وڵات، بریتی بوو لە  یەک ملیار دۆلار. لەوانە ئەڵمانیا 31 ملیۆن دۆلار لە ساڵێک بە WHO دەبەخشێت.
2- بەخشین لە لایەن کۆمپانیاکان و سەرمایەدارەکان و هەندێک وڵاتەوە.
زۆرترین داهاتی دارایی WHO  ئەم جۆرە بەخشینەیە، بڕی هاوکارییەکان بریتییە لە %85 لە داهاتی گشتی، بڕەکەی لە ساڵانی 2022-2023، نزیکەی 5،16 ملیار دۆلارە بووە.
وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا لەگەڵ رێکخراوە تایبەتییەکانی وەک Bill & Melinda Gates Foundation زۆرترین بڕە پارەیان بەخشیوە.
وەکو هەموو رێکخراوێک WHO بە دوور نییە لە دەستتێوەردانی سیاسی و بەلاڕێدابردن و هەروەها تێوەگلانی لە گەندەڵی.
یەکێک لە گومانەکانی بەلاڕێدابردنی ئەم رێکخراوە بریتییە لە پەیوەندیی بە کۆمپانیاکانی دەرمانسازییەوە. 
بڕیارەکان و پێشنیازەکانی ئەم رێکخراوە لە بەرژەوەندیی کۆمپانیا زەبەلەحەکانی دەرمانسازیی جیهانین. راپۆرتەکان لەسەر ئەم رێکخراوە ئاماژە بە گەندەڵی و لایەنگیرییەکی زۆر دەدەن.

خەرجیی نایاسایی
راپۆرتەکانی چاودێری ئاماژەیان بەوە کردووە کە WHO لە ساڵێک دا بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ گەشتی تایبەتی بەرپرسانی خەرج کردووە، لە کاتێکدا بۆ نەخۆشییە کوشندەکان و سارییەکانی وەکو AIDS و هیپاتایتس، تەنها 71 ملیون دۆلاری خەرج کردووە.
شێوازی بەڕێوەبردنی رێکخراوەکە، سەرۆکی گشتی رێکخراوەکە د.تێدرۆس ئادھانۆم گێبرێیەسۆس، خەڵکی وڵاتی ئەسیوبیایە و یەکەم سەرۆکە کە پزیشک نییە.
تێدرۆس ساڵی 2017 بە سەرۆک هەڵبژێردرا و ساڵی 2022 بۆ جاری دووەم هەڵبژێردرایەوە.
تێدرۆس لە ئەسیوپیا پۆستی وەزیری تەندروستی و وەزیری دەرەوەی هەبووە. لەو کاتانەدا چەندەها کەیسی گەندەڵی و بە فیرۆدانی داهاتی گشتی لەسەرە.
هەروەها تێدرۆس ئەندام بووە لە رێکخراوێک کە هەستاوە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، ئەمەش لە پێگەی WHO زۆر کەم کردۆتەوە.

جیاوازی لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و خەرجکردندا.
 لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی H1N1 لە ساڵی 2011، WHO بەوە تاوان بار کرا کە ترس و تۆقاندنی لە ناو هاووڵاتیاندا دروستکردووە و ناڕوونییەکی زۆر هەیە لە خەرجکردنی پارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە.
هەروەها لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، باس لە دۆستایەتی تێدرۆس دەکرا لەگەڵ وڵاتی چین و لایەنگریی بۆ ئەو وڵاتە کە ئەمەش جێگای گومانە و باس لە وەرگرتنی پارەیەکی زۆر دەکرێت بەرامبەر بەو دۆستایەتییە.
بڕیارەکانی  ئەم رێکخراوە، لەسەر بەستنی ماسک و کوتانی زۆرەملێی دژە کۆرۆنا، لە قازانجی هەندێک کۆمپانیای تایبەت بووە.
هەروەها بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بڕیارێکی سیاسی بووە.
ئەم جۆرە بڕیارانەی WHO نامتمانەیەکی زۆر دروست دەکات و کاریگەریی لەسەر ناوبانگی ئەو رێکخراوە دەبێت.

کاریگەریی WHO لەسەر سیاسەتی تەندروستیی جیهان و وڵاتانی ئەندام:
رێکخراوی WHO راپۆرت لە سەر سیستمی تەندروستی وڵاتان دەنووسێت و ئاستی ستانداردی تەندروستیی وڵاتان دیاریدەکات.
راستە کە WHO دەسەڵاتی راستەوخۆی لە وڵاتانی ئەندام نییە، بەڵام گوشارێکی زۆر دروستدەکات لە رێگای سیاسەت و بڵاوکردنەوەی راپۆرت لەسەر وڵاتانی ئەندام. هەروەها لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاترە.
بڕیاردان لەسەر بوونی پەتا لە دەسەڵاتی حکومەتەکان دایە، بەڵام WHO هەوڵدەدات ئەم دەسەڵاتە بگوازێتەوە بۆ خۆی.
واتا WHO بڕیار بدات کەوا چ وڵاتێک پەتای تێدا بڵاوبۆتەوە، بەمەش هەموو رێکارەکانی رێگریکردن لە پەتا بسەپێنی بەسەر ئەو وڵاتەدا.
  کاریگەرییەکانی راگەیاندنی پەتا (پاندەمیا): راگەیاندنی رەسمیی پەتا (پاندەمیا) لەلایەن WHOوە، وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی، کاریگەرییەکی زۆر لە سەر ئابووری، سیاسەت و رەوشی کۆمەڵایەتی هەیە:
1- کاریگەریی ئابووری
دەرەنجامە ئابورییەکانی پەتا زۆر بەندە بە ماوە و توندیی ئەو رێوشوێنانەی کە دەگیرێنە بەر، گرنگترینیان بریتین لە:
- پاشەکشە و دابەزینی بەرهەمهێنان: کۆت و بەندەکانی وەک قفڵ داون دەبێتە هۆی پچڕانی زنجیرەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردن، کەمکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.
- بێکاری: زۆرێک لە کۆمپانیاکان بە تایبەتی لە کەرتی خزمەتگوزاری (بۆ نموونە چێشتخانەکان، گەشتیاری)، ناچارن دایبخەن.
- بەرزکردنەوەی دیجیتاڵکردن: لە ماڵەوە کارکردن لە رێگای ئۆنلاینەوە، بازرگانی ئۆنلاین و خزمەتگوزاری بێ بەرکەوتن بە خێرایی زیاد دەکات
2 - کاریگەریی کۆمەڵایەتی:
- سنووردارکردنی مافە بنەڕەتییەکان، ڕێوشوێنی وەک قەدەغەی هاتووچۆ، قەدەغەکردنی گردبوونەوە یان بەستنی دەمامک ژیانی رۆژانە دەگۆڕێت و دەبێتە هۆی گرژی.
- گوشاری دەروونی: ترس لە تووشبوون و دابڕان و نادڵنیایی ئابووری، دەبێتە هۆی گوشار و خەمۆکی و نەخۆشی دەروونی.
نایەکسانیی کۆمەڵایەتی: گروپە بێبەشەکان (بۆ نموونە کەسانی کەم داهات، کەسانی خۆبەخش) زۆرجار زیاتر کاریگەرییان لەسەر دەبێت چونکە یەدەگ یان دەرفەتی کەمتریان هەیە بۆ کارکردن لە ماڵەوە.
گرفتی پەروەردەیی: داخستنی قوتابخانەکان و وانەوتنەوە بە شێوەی ئۆنلاین، نایەکسانی پەروەردەیی زیاد دەکات.
- دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر دوو بەرەدا. بەرەیەک کە متمانەی بە حکومەت و کەسانی پسپۆر و میدیا هەیە و بەرەی دژ کە گومانی لە هەموو شتێک هەیە و حکومەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
3 - کاریگەرییە سیاسییەکان:
- زیادبوونی کۆنترۆڵی دەوڵەت: دەوڵەتان دەسەڵاتی زیاتر بەدەستدەهێنن بۆ جێبەجێکردنی رێوشوێنی قەیران و کۆنترۆلکردنی هاووڵاتیان.
- قەیرانی دیموکراسی: سنووردارکردنی ئازادییە مەدەنییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕەزایەتی، یان بێمتمانەیی بە حکومەت.
- زیادبوونی پۆپۆلیزم: تیۆرییەکانی پیلانگێڕی و رەوتە پۆپۆلیستییەکان، دەتوانن کێشکردن بەدەستبهێنن، کاتێک خەڵک هەست بە بێهیوایی دەکەن لەلایەن سیاسەتەوە.
- گرژییە نێودەوڵەتییەکان: ناکۆکی بازرگانی، دابەشکردنی ڤاکسین و پرسی تاوانباریی (بۆ نموونە سەرچاوەی ڤایرۆسەکە) دەبێتە هۆی گرژیی دیپلۆماسی.
بەهۆی دەرچوونی ئەمریکا و ئەرجەنتین لەم رێکخراوە، لە ئێستادا گفتوگۆی زۆری لەسەر دروست بووە و نارەزاییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەشێکی زۆری وڵاتان داوای چاکسازی لەم رێکخراوە دەکەن، بەهۆی ئەو ناڕەزاییانەوە ئێستا WHO ناتوانێت دەسەڵاتی بەرپابوون بە خۆی بدات.

هۆکارەکانی دەرچوونی ئەمەریکا لە WHO
لە 20ی کانوونی دووەمی 2025،  دۆناڵد ترەمپ، فەرمانی دەرچوونی ئەمەریکای لە WHO  واژۆ کرد، ئەم بڕیارە بە چەند هۆکارێکی سەرەکییەوە پەیوەندیدار بوو:
1 - کەمیی باوەڕ و متمانە بە سەربەخۆیی WHO، حکومەتی ئەمەریکا گومانی هەبوو لەوەی کە WHO لەکاتی پەتای کۆرۆنا، بڕیاری لە وڵاتێکی دیاریکراوی وەک چین وەرگرتووە و نەیتوانیوە بێ لایەنبێت.
2 - ناڕەزایی ئەمریکا لە شێوازی دیاریکردنی بڕی ئابوونە.
ئەمریکا ژمارەی دانیشتوانی 330 ملیۆن کەسە،  ٪22 ئابوونەی بۆ دیاریکراوە، بەڵام وڵاتی چین ژمارەی دانیشتوانی چوار هێندەی ئەمریکایە و تەنها رێژەی لە 15،3 ٪ی بۆ دیاریکراوە.
3 - ناڕازیبوون لە شێوازی بەرێوەبردنی قەیران: حکومەتی ئەمەریکا ناڕازیبوو لەو رێکارانەی کە WHO گرتبوویەبەر بۆ بەڕێوەبردنی قەیران لە کاتی پەتای کۆرۆنادا.
رێکخراوی WHO لە هەوڵی گرتنەدەستی دەسەڵاتی زیاترە لە سەر وڵاتانی ئەندام و دەستتێوەردان لە سیاسەتی تەندروستی ئەو وڵاتانە.

 د.تێدرۆس ئادھانۆم گێبرێیەسۆس، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی

وتارەکانی نوسەر