ژن و هەڵبژاردن و متمانە بەخۆبوون

09:30 - 2024-01-03
زوڵفان غەریب
231 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن سیستمێکی دیموکراسییە بۆ هەموو کەسێك مەرجە یاساییەکانی دەنگدانی تیادا بێت، واتە بەبێ هیچ رێگری و جیاوازییەك کە هەموو هاووڵاتییەك دەگرێتەوە. کەسەکان چالاکی و کاریگەری خۆیانی تیادا پیشان دەدەن و لە کاتی سەرکەوتنیشدا بە خواست و رەزامەندی گەل پۆستە جیاجیاکانی دەوڵەتداری وەردەگرن ئەمەش لە رێگەی دەنگدانی ئازادەوە دەبێت بەتایبەت لەو وڵاتانەدا کە سیستمی دیموکراسی پەیڕەو دەکەن لە پڕۆسەی پەرلەمانی حوکمڕانیدا، بەڵام لەو وڵاتانەدا کە هێشتا بنەماکانی دیموکراسی تیایاندا نەچەسپیوە بەشێك لە هاووڵاتیان بەهۆی جیاوازی رەگەز و نەتەوە یان ئایین بێبەش دەکرێن لە مافی دەنگدان، بەدڵنیاییشەوە لەو جۆرە وڵاتانەدا زەرەرمەندی یەکەم ژنان دەبن، چونکە لە مافە ئاساییەکان بێبەش دەکرێن.
لە دنیادا چەندین جۆری هەڵبژاردن هەیە چین و توێژ و کەرتەکانی کۆمەڵگە بەشداری تیادا دەکەن، بەڵام ئەوەی دەمانەوێت لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین گرنگی بەشداریکردن و دەنگدان و خۆپاڵاوتنی ژنانە کە هەڵبژاردنی دیموکراسی چەند کاریگەری راستەوخۆی لە سەر پێگە و دەسەڵات و مافەکانی ژنان هەیە، بەڵام ژن وەك چۆن لە کایەکانی تری ژیان رۆڵی سنووردار دەکرێت و رێگەیان بۆ ئاسان ناکرێت تاوەکو بتوانن رۆڵی خۆیان و دەربڕینی تواناکانیان بەرجەستە بکەن، هەر بەوجۆرەش لە پڕۆسەی هەڵبژاردنیشدا بەهەمان شێوە زیاتر رۆڵی لاوەکییان پێ دەبەخشرێت و زۆر جاریش بە پاشکۆ و پلە دوو سەیر دەکرێن.
بەشێکی زۆری ژنان بەگوێرەی حەزی خانەوادە دەنگ دەدەن بەتایبەتی هاوسەر و برا و باوك بەتایبەتی لەو حزبانەی ژنان بەکاردەهێنن بۆ روکەشی دیموکراسی و زۆرجاریش بەپێی سیستمی کۆتا دەنگ بە ژنان دەدرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری ژنان خۆیان دەنگدەرن، بەڵام بەپێی خواستی خۆیان دەنگ بە رەگەزی بەرامبەر دەدەن نەك بە رەگەزی خۆیان.
لەگەڵ هەموو ئەو کۆسپ و گرفتانەشدا بەشداریکردن و دەنگدان و خۆپاڵاوتنی ژنان لە هەڵبژاردنی دیموکراسیدا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پێگە و دەسەڵات و مافەکانی ژنان هەیە و ئەوەش بەپێی خۆی رەنگدانەوەی لەسەر سیستمی دیموکراسی و کۆمەڵگە و ئارامی شەقام و باڵانـسی جێندەری و پێشکەوتنی خواستەکانی کۆمەڵگەدا هەیە.
ئەوەی ئێستا گرنگە لە عیراق و هەرێمی کوردستان ژنان سیستمی کۆتایان تێپەڕاند و بە دەنگی راستەقینە و شایستەی خۆیان لە ململانێ لەگەڵ کاندیدەکان سەرکەوتن و توانییان کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکەن و ئێستاش لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا ژنان توانییان لە کێبڕکێدا سەربکەون و دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە و دەبێت ژنان متمانە بە کاندیدەکانی خۆیان بکەن و وەک نوێنەری دەنگی ژنان بیانبینن و پاڵپشتییان بکەن و ژنانیش نوێنەری راستەقینەی دەنگدەرەکان بن و کار لەسەر ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵك بکەن لە چوارچێوەی دەستوردا.

وتارەکانی نوسەر