هەشتی مارس

رۆڵ‌ و كاریگەریی ئازادیخوازان لە رۆژی جیهانیی ژناندا

10:47 - 2025-03-09
زولفان غەریب رەحیم
45 خوێندراوەتەوە

توانای ئابووری ژنان لە ئاستێكی نزمدایە ‌و بەشداریكردنی ژنان لە دامودەزگا حكومییەكاندا دڵخۆشكەر نییە ‌و ژنانی بڕیاربەدەست بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن

لە بنەڕەتدا رۆژی جیهانیی ژنانی كرێکار بووە، بەڵام لە دوای ناساندنی ئەو رۆژە لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی (1975) دا وەك رۆژێكی فەرمیی تایبەت بە ژنان دانی پێدانراوە، سەرەتا ساڵی (1856) ژنانی كرێکار رژانە سەر شەقامەكانی نیویۆرك بۆئەوەی كاریان پێبدرێت‌ و مافیان لە كرێ‌ پێبدرێت، بەرامبەر بە كارەكەیان وەكو مرۆڤ تەماشا بكرێن. 
لە هەموو وڵاتەكانی ئەوروپاش خۆپیشاندان بەردەوام بو‌و، هەروەها روو لەزیادبوون بوو، تا دیاریكردنی رۆژی فەرمی لە (8/3/1975) وەک رۆژێک بۆ ژنان، دواتر ئەم رۆژە لە سەرتاسەری جیهاندا كرا بە فەرمیی، لەگەڵ بەردەوامیی ژنان، توانیان كاریگەرییان لەسەر رەگەزی بەرامبەریش هەبێت و پیاوانی ئازادیخوازیش بەشداری لە بۆنە ‌و كار ‌و چالاكییەكانی تایبەت بەو رۆژەدا بکەن ‌و دروشم و نووسین ‌و بانگەواز بۆ ئازادیی مرۆڤ بڵێنەوە، لەگەڵ نەهێشتنی چەوساندنەوە ‌و توند‌وتیژیی بەرامبەر بە ژنان هەڵوێستیان هەبێت. 
چەندین ژن قوربانیان بە گیانی خۆیان داوە
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی پێ‌ بدەم، لە كوردستانیش چەندین شۆڕش‌ و چالاكیی کراوە بۆ ئەمەش چەندین ژن قوربانیان بە گیانی خۆیان داوە، هەمیشەش ژنان لە هەوڵ‌ و كۆششی بەردەوامدا بوون بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای خۆیان، لە سەردەمی شۆڕشدا بەرەنگاری رژێمی دیكتاتۆر بوونەتەوە ‌و هەمیشە كار‌ و چالاكییان لە رێكخراوەكانی مەدەنی‌ و پارتە شۆڕشگێڕەكاندا هەبووە و جێ دەستیان دیاربووە، بۆ ساتێكیش لە مەیدانی خەبات دانەبڕاون، بۆ ئەمەش بەپێی قۆناغەكانی ژیان توانیویانە كاریگەرییان لەسەر رەگەزی پیاوان هەبێت، ئەوانی بیروڕایان بە ئازادیی مرۆڤ ‌و مافەكانی ژنان هەیە لە (8 ی مارس)‌و هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان پاڵپشتیی‌ و پشتیوانیی بۆ ژنان دەردەبڕن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئەم ساتەوەختەش دۆخی ژنان بەگشتی جێگەی نیگەرانییە ‌و توانای ئابووری ژنان لە ئاستێكی نزمدایە ‌و بەشداریكردنی ژنان لە دامودەزگا حكومییەكاندا دڵخۆشكەر نییە ‌و ژنانی بڕیاربەدەست بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و دەستكەوتەكانی ژنان بە پاڵپشتیی ‌و چالاكی رێكخراوەكان ‌و بەشێك لە دەسەڵاتدارە باڵاكان بەدیهاتووە کە پشتیوانییان بۆ گۆڕانكاریی ‌و بەشداریكردنی ژنان هەبووە، هەروەك هەمواری یاساكانی باری كەسێتیی ‌و بەرەنگاربوونەوەی توند‌وتیژیی لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها بەشداریكردنی ژنان لە بڕیاردا گرنگترینیان بڕیاری ژمارە (1325) لە ئۆكتۆبەری ساڵی (2000) ی نەتەوەیەكگرتووەكاندا كە تایبەتە بە (ژن، ئاسایش‌ و ئاشتی) یەكێكە لە بڕیارە گرنگە مێژووییەكانی كاریگەری لەسەر ئایندەی بەرەوپێشچوونی خەباتی بزووتنەوەی ژنان هەیە، لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا. با لەیادی رۆژی جیهانیی ژناندا دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) بەرز رابگرین ‌و خەباتی فێمینیستی بەرەوپێش بەرین.

وتارەکانی نوسەر